گەڕانەوەی قەیسەر بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

07-12-2023
عادل باخەوان
A+ A-
 
سەرەتا لە ئەبوزەبی و پاشان لە ریاز، ڤلادیمیر پووتین وەک پاشای هەموو پاشاکان پێشوازی لێکرا. تیمەکانی پڕۆتۆکۆڵی ئیمارات و سعودیە، تەواوی ئەو نۆرم و رێکخستن و بەهایانەیان سازدابوو کە تائێستا لە سیستمی پڕۆتۆکۆڵی جیهانی دا بۆ کەسایەتییە هەرە گەورەکانی جیهان تەرخانکراون.
 
ئەو پێشوازییە شاهانەیە وەرگرتنی مەودایەکی یەکجار گەورەیە لەلایەن دوو پایتەختە هەرە بەهێزەکەی جیهانی عەرەبییەوە لەگەڵ ئەو سزایانەی کە ئەمریکا و ئەوروپا بەسەر ڤلادیمیر پووتین دا سەپاندوویانە. ئەمە هەر لەسەرەتاوە پەیامێکی مانادارە بۆ ئەمریکا و ئەوروپا کە لە وەرزی نوێی سیستمی جیهانی دا، وردە وردە شتێک نامێنێت بە ناوی ناوەندیی بڕیاری جیهانی و، پەراوێزەکان دەتوانن لە سۆنگەی بەرژوەندییەکانی خۆیانەوە و تاوەکو ئاستێکی باڵا، سەربەخۆیانە بڕیاری سیاسی خۆیان بدەن.
 
هەر لەسەرەتاوە جیاوازییە گەورەکەی نێوان پێشوازیکردن لە بایدن و پێشوازیکردن لە پووتین دەبینین. لە ساتەوەختی بایدن دا، ئێمە دوو رووخساری داخراو و تەوقەیەکی ساردوسڕمان بینی، بەڵام لەساتەوەختی پووتین دا، هەموو رووخساری محەممەد بن سەلمان و ڤلادیمیر پووتین بە پێکەنین کرابوونەوە و یەکەم قسەی پووتین بۆ بن سەلمان ئەمەبوو: لە سایەی پێگەی نوێی جەنابتان دا، پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و ریاز، گەیشتووەتە ئاستێکی بێ پێشینە!
 
پێشتریش لە ئەبوزەبی و لەبەردەم محەممەد بن زاید دا و بەهەمان متمانە و دۆخی دەروونی کراوە و خۆشحاڵییەوە و وەک تەحەدایەک بۆ ئەمریکا و ئەوروپا گوتی: لە ئێستا و ئێرەدا، ئیمارات یەکەم هاوبەشی بازرگانی ئێمەیە لە جیهانی عەرەبی دا. واتە کۆی سزا سەپێنراوەکان بەسەر مۆسکۆدا، نەک هەر کارایی دانەناوە بەسەر ئەم پەیوەندییەوە، بەڵکو رۆژ لە دوای رۆژ فراوانتر و بەهێزتر دەبێت.
 
ئەمڕۆش (7ـی دیسەمبەری 2023)، سەرۆککۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی، سەردانی رووسیا دەکات و لەلایەن ڤلادیمیر پووتینەوە پێشوازی لێدەکرێت و دواتریش کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و پووتین دا لە پرۆگرامدایە. ئەبوزەبی، ئەنقەرە، تاران، ریاز ڤلادیمیر پووتین نەک هەر پەراوێزخراو نییە، بەڵکو بەپێچەوانەی ئەمریکا و چەند وڵاتێکی ئەوروپایی، وەک زلهێزێکی جێگەی متمانە  لەلایەن پایتەختە هەرە گرنگەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
 
هەروەها دەکرێت ساڵی 2024یش، ئەم هاوکێشەیە لە ئەمریکا و ئەورووپاشدا ئاراستەیەکی دیکە وەربگرێت، بەتایبەتی لەگەڵ گەڕانەوەی تارمایی دۆناڵد ترامپ دا ! مانگی سێی ساڵی داهاتوو، لە رووسیا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییە و بەپێی هەموو ئاماژەکان، پووتین دەبێتەوە سەرۆک. هەروەها مانگی نۆڤەمبەریش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکایە و ململانێیەکە لەنێوان بایدن و ترەمپ دایە و بەشێکی زۆر لە توێژینەوەکان گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی دەسەلمێنن. لە سیناریۆیەکی وادا، بەرەی دژە پووتین لە هەموو رۆژئاوادا تەواو لاواز دەبێت.
 
لە دەرەوەی پرسی نەوت و بازرگانی و پڕۆژە ئابوورییەکان، جەنگی غەززە و چۆنیەتی ئاراستەکردنی کاراییەکانی لەسەر کۆی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بابەتی یەکەم و سەرەکی گفتوگۆی پووتینە لەگەڵ ئیمارات، سعودیە، ئێران و تورکیادا. تەواو بەپێچەوانەی ئەمریکا و ئەوروپا، رووسیای پووتین و ئەم چوار زلهێزەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دەتوانن لەسەر چەند ستراتیژیەتێکی گشتی بۆ چۆنیەتی بینین و پاشان چۆنیەتی کۆتاییهێنان بە جەنگ هاوڕابن.
 
بۆ نموونە، راستە ئیمارات و سعودیە تاوەکو سەرئێسقان دژی حەماسن، بەڵام لەژێر کارایی رای گشتی کۆمەڵگەکانیاندا، ناتوانن لەبەرامبەر جەنگی غەززەدا بێهەڵوێست بن و بێدەنگی هەڵبژێرن. ئەو وێنانەی کە لە غەززەوە دێن و پێگەی بەهێزی ئەوان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا، ناچاریان دەکەن بەوەی کە لەیەک کاتدا داوای ئاگربەست و پاشان چارەسەرێکی سیاسی خێرا بۆ پرسی فەلەستین بکەن. 
ڤلادیمێر پووتینیش، بەپێچەوانەی سەرکردەکانی رۆژئاوا، سەردانی ئیسرائیلی نەکرد و تەنیا سەردانی ئیمارات و سعودیەی کرد، سەرەڕای باشی پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ بنیامین ناتەنیاهوودا، داوای ئاگربەست و چارەسەرێکی خێرای سیاسی بۆ پرسی فەلەستین دەکات.
 
لەوەش زیاتر، تائێستا و ئێرە، نەک هەر نایەوێت حەماس وەک بزووتنەوەیەکی تیرۆریستی ناوببات، بەڵکو لە دوو ساڵی رابردوودا، سێ جار پێشوازی لە سەرکردەکانی حەماس کردووە!
 
بەشێکی زۆر لە زلهێزەکانی جیهان، دەیانەوێت بەشداربن لە ئیدارەکردنی سبەینێی دوای جەنگی غەززەدا. کۆدەنگییەک لەنێوان مۆسکۆ، تاران و ئەنقەرەدا هەیە لەسەر ئەوەی سبەینێی دوای جەنگ ناکرێت بێ حەماس بێت، ئەگەرنا وەک هەر سبەینێیەکی دیکە، لە کۆتایی چلەکانی سەدەی رابردووەوە تائێستا، شکست دەهێنێت. سعودیە و ئیمارات هەمان بۆچوونیان نییە و دەیانەوێت ئەو سبەینێیە بێ حەماس بێت. ئەم سەردانەی پووتین بۆ ریاز و ئەبوزەبی، دەرفەتێکە بۆ گەڕان بەدوای چارەسەری سێیەم دا و نزیکبوونەوەی سعودیە و ئێرانیش لە یەکتری، دەکرێت هاوکاربێت بۆ ئاسانکردنی هەلومەرجی دانوستاندن و دۆزینەوەی چارەسەرێکی مامناوەند لەنێوان ئەو دوو هەڵوێستە یەکتربڕەدا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەژیر قادری

پڕۆژەی پشتێنەی زێڕینی چین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ دەرفەت یان مەترسی

بۆ چین، وڵاتانی ئێران، عێراق و سعودیە هاوبەشی ئابووریی جەوهەرین، بەڵام پرسە گرنگەکانی ئەم دواییانەی وەک شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئیسرایل و فەلەستین، بوونەتە هۆکاری راگرتنی پڕۆژەی پشتێنەی زێڕینی ئابووریی چین و بەردەوامن لە تاقیکردنەوەی هاوسەنگی پەکین لەنێوان هاوبەشە ستراتیژییەکان و ناسەقامگیریی ناوچەکەدا. کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەک ئەندام و سوودمەندێکی سەرەکی ئەم پڕۆژەیە پشکی زێڕینی بەردەکەوێت. هەروەها، لەڕووی جیۆپۆلەتیکەوە، ئێران وەک پردێک لەنێوان رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باشووری ئاسیا گرنگیی زۆری هەیە لە سەرکەوتنی پڕۆژەی پشتێنەی ئابووریی زێڕینی چینی.