كاتێك تاوان دەبێتە شەرەفمان

07-03-2014
تامان شاكر
نیشانەکردن كوردستان كوشتن شەرەف
A+ A-

پەتایەك تووشی كۆمەڵگەی كوردستان بووەو ژنانیش زۆرترین قوربانیی دەستی ئەو پەتایەن. 

باوكێك كچەكەی دەكوژێت، دوو ژن بە گوریس وەك ئاژەڵ لە ئاو دەردەهێنرێن و بە مردوویی بێ حورمەتییان پێدەكرێت، ئەم هەواڵانە نامۆ نین بە كۆمەڵگەی كوردی. رۆژانە هەواڵی وا دەبیستین، بەڵام ئەوەی نامۆیە هەمووان بێدەنگی هەڵدەبژێرن.

ئەوەی لە كوردستان روودەدات لە هەر وڵاتێكی دیكە روویدابایە، ژنان شەو و رۆژیان لەسەر شەقامەكان بەسەر دەبرد. مرۆڤایەتی لە هەوڵی لابردنی سزای لە سێدارەداندایە تەنانەت بۆ بكوژەكانیش، بەڵام فەلسەفەی كۆمەڵگەی كوردەواری هەڵبژاردنی بێدەنگییە بەرامبەر كوشتنی مێیینە، ئەگەر نووزەیەكیشیان لێوەبێت، دەڵێن دەبێ كچەكە چی كردبێت تا باوكی بەو شێوەیە بیكوژێ؟ ئەو پرسیارە كەمتر نییە لەو تاوانەی كراوە و رۆژانە دەكرێت. 

ئەو پرسیارە مانای قبووڵكردنی كۆمەڵگایە بۆ تاوانی كوشتن. كوشتنی ژن لەلایەن باوك و براوە ویژدانی كەس ناجووڵێنێ، تەنانەت دادگا و دادوەریش بەدوای حیلەیەكی شەرعی و قانوونیدا دەگەڕێن بۆ سووككردنی سزای ئەو تاوانبارانە. كۆمەڵگەی كوردی خاوەنی كەلتوورێكی توندوتیژە نەك تەنها كەلتووری پیاوسالاری.

پەتای كوشتنی شەرەف زەلكاوێكی باشتر لە كۆمەڵگەی كوردی نابینێتەوە بۆ ژیان و گەشەكردن. ئەم جۆرە كوشتنانە كۆمەڵگەی كوردییان خستووەتە ریزبەندی كۆتایی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی، چونكە نرخی ژن لە لای ئێمە لە چەند گوللەیەك و پەردەیەكی نەبینراو زیاتر نییە. مەسەلەكە تەنیا پەیوەندی بەشەرەفەوە نییە كە تەنها لە جەستەی ژندا دەبینرێ، تاوانی یەكەم ئەوەیە كچەكە چی كردووە بۆ ئەوەی باوكی كوشتن بە مافی خۆی بزانێ و شەرەفی خۆی پێ پاك بكاتەوە.

كۆمەڵگەی ئێمە هەڵگری هەگبەی خوێنە، خاوەنی رۆشنبیرییەكە مەرگ پیرۆز دەكات، وەك پاككردنەوەی شەرەف دەیبینێ و غەریزە شەڕانگێزییەكانی خۆی پێ تێر دەكات. كەلتووری توندوتیژی عەقڵ و جەستەی مرۆڤی كوردی داگیر كردووە كە زۆر جیاوازە لە سروشتی مرۆڤایەتی، واتە رۆشنبیرییەكە نرخی مرۆڤ لە بیر و جەستەیەكی ناتەواو لە دەرەوەی سروشت پێكدەهێنێ.

كوشتنی كچ بەدەستی باوكانی كورد هەمیشە لە دەرەوەی بیركردنەوەی عەقڵەوە ئەنجامدەدرێ، لەبەر ئەوەی كوشتنی كچان كۆدەنگییەكی كۆمەڵگەی كوردی لەسەرە، بۆیە تا ئێستا رووبەڕووبوونەوەیەكی بەهێز نە لەلایەن خودی ژنانەوە بینراوە نە لەلایەن دەزگا رەسمییەكانی حكومەت، وەك ئەوەی ئەو تاوانە بە میرات بۆمان مابێتەوە، باس لەو تاوانە دەكەین وەك چۆن باس لە شتێكی ئاسایی دەكەین و بۆ تاوانبار دەگرین و لە باشترین حاڵەتدا كەمێك سۆزمان هەیە بۆ قوربانییەكە.

ئێمە بەیەكسانی دەیانبینین و كۆمەڵگەی كوردی كە پلەی شەرەف بە تاوانبارانی كوشتنی مێیینە دەدات، لە رەگ و ریشەدا رۆشنبیرییەكی پیاوسالارییە و ئەو رۆشنبیرییەی كە كوشتن بە حەق دەزانێ، ئەو كەلتوورەی كە تاوانی لە ویژدانی خۆیدا هەڵگرتووە، پارێزگاری لێدەكات و ئاوی دەدات تاوەكو بكوژ لە ویژدانیدا نەمرێت، تا تاوانی كوشتنی مێیینە دەبێتە شەرەف و عەقیدە و بیروباوەڕ. 

ئێستا كە تاوان بووە بە شەرەفمان، دوای شكستی ئەوانەی ئێستا لە بواری كێشەكانی ژنان كاردەكەن، كاتی ئەوە هاتووە حكومەتی داهاتوو یەكەم هەنگاوی بوێرانە بهاوێژێ و كۆتایی بە كاری هەموو ئەوانە بهێنێ كە نەیانتوانی هیچ چاكسازییەك بكەن و چیدی پارەی خەڵكی كوردستان بە فیڕۆ نەدات، چونكە تاوان بوو بە شەرەفمان.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە