هەقی خۆیەتی پەرلەمانی كوردستان كارا بكرێتەوە، ئاخر دوو پرسی هەنووكەیی و گرینگ هەن دەبێ یەكلای بكاتەوە، یەكەمیان پرسی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانە. بەڵكوو ئەمە خوایە ئاوێ بەم ئاگرەدا دەكرێت. دووەمیشیان پرسی هەڵپەساردنی ناسناوی پایتەختی رۆشنبیرییە لە سلێمانی تا چەند ساڵێكی دیكە، ئێ توخواكەی دەكرێ لە پایتەختی ڕۆشنبیریدا نزیكەی حەفت سەت هەزار قوتابی نەخوێندەوار و ساقیت هەبێ؟!
با لەو چەند ساڵەدا كە ناسناوی پایتەختی ڕۆشنبیری تەجمید دەكرێ، لە بری ئەوە پایتەختی كڵاوی مەكسیكی بەكار بێت، ئاخر نزیكەی هەموو بەرپرسەكانی ئەو حیزبانەی خوێندنی قوتابیانی زۆنی سەوزیان مایەپووچ كرد، منداڵی خۆیانی نەگرتووەتەوە، ئاخر ئەوان هەموویان لە قوتابخانەی تایبەتن و ئەوەی كڵاوی لەسەر نراوە خەڵكی رەشوڕووت و بێدەسەڵاتن.
جاران دەمڕاستی شار شێخی نەمر بوو، ئێستا كاك سۆران عومەرە، ئێ شارەكەی شێخ ئاساییە پایتەختی رۆشنبیری بێ، فەقە شارەكەی سۆران عومەر هەر هی كڵاوی مەكسیكییە. كاربەدەستانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە سلێمانی، (لەسەر تەلەفۆن) لە یەكتری دەپاڕێنەوە دەوام بكەن، (لەسەر تەلەفزیۆن)یش بانگەشەی بایكۆت دەكەن.
منداڵی خۆیان دەنێرنە قوتابخانەی تایبەت، منداڵی خەڵكیش با بیخولێننەوە لەڕێی عەربەت. بۆ منداڵی خۆیان خوێندن نوورە، بۆ منداڵی خەڵكیش زانست توورە. ئەها بەڕاست چیدیكە پێویست ناكات و راستیش نییە بە زۆنی ئەودیو زۆنی زەرد بگوترێ سەوز، نەخێر نە سەوزی تەواوە و نە نیلیی ساغە و نە قاوەیی و پڕتەقاڵیش، باشترین پێناسە: زۆنی فەرتەنەیە
یەكێتی لە سلێمانی لەبن لێوانەوە هانی دەوامكردن دەدا، لەسەر لێوانەوە لەگەڵ داوای رەوای خۆپیشاندەرانە، لە بەغداش واستە و واستەكاریی بۆ گەڕانەوەی كوردستان بۆ سەفی وەتەنی دەكات، ئێوە وێنەی پەرلەمانتارانی یەنەكەتان بینیوە لەگەڵ مالیكی؟ جا لەوەش گەڕێ، خۆ هەر یەنەكە خۆی دوو نەوعە و كەس نازانێ كێ لەگەڵ چییە. ئێ ئا ئەم فەرتەنەیە دۆخی باڵادەستترین حیزبە لە زۆنی فەرتەنە.
لە هەموو خەڵك وایە تەنیا یەكجار سووكایەتی بە ئاڵاكەمان كراوە كە لە رۆژئاوا سووتێنراوە، ئاڵا سووتاندن پەیامە، هەڵوێستە، بە دەستی كورد بێ یان نا رۆژێك هەر دەسووتێنرێ، من زۆر خەمی ئەوەیانم نییە. قوربان من خەفەت بۆ ئەو ئاڵایەمان دەخۆم كە مالیكی بەدەستییەوە گرتووە و بە ئارەزووی خۆی، بۆ مەرامی خۆی لەمسەر بۆ ئەوسەری دەبات، مەبەستم ئاڵای كوردستانە نەك خوانەخواستە خاتوو ئاڵا تاڵەبانی كە شانی ناوە بە شانی مالیكییەوە و بە سی و دوو ددان پێدەكەنێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ