كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كۆمەڵگەیەكی ئاڵۆز و پڕ جووڵە و كێشەیە، كارلێك و پەیوەندییەكان پەیوەست نین بە فاكتەری جێگیرەوە، هەموو پێدراو و داواكراوەكانی بەشێوەیەك ئاوێتەبوون كە ناتوانین دۆخی ستاندارد بۆ ئەو ژینگە ناڕوونە دروست بكەین و پێگەی لایەنەكانی پێ هەڵبسەنگێنین. ئەكتەرەكانی نێو ئەو كۆمەڵگەیەش بەهۆی ناجێگیریی پەیوەندییەكان و تێكەڵبوونی كارتەكانەوە، هەمیشە لە دۆخێكی نادڵنیایی و ناسەقامگیردا دەژین، بەجۆرێك كە هیچ یەكێك لەو ئەكتەرانە ناتوانێ دۆخی باشی ئێستای بكاتە پێوەر بۆ ئەوەی لەڕێگەیەوە لەداهاتووی خۆی دڵنیابێت. ئەم ئەكتەرە نێودەوڵەتی و هەرێمیانە چ دەوڵەت بن یان ئەكتەری نادەوڵەتی، هەموویان مەحكومن بەوەی لەو ژینگە لێڵەدا جووڵە بكەن. سەبارەت بەپێگە و چۆنیەتی مامەڵەی ئەكتەرە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان هەمیشە هەندێ پرسیاری جەوهەری دروست دەبن، ئایا ئەم ئەكتەرانە دەتوانن لەبارێكی ئاڵۆزی لەو شێوەیەدا سەربەخۆ بن؟ ئایا چ ئەكتەرێك دەتوانێ سەربەخۆ بێت؟ ئایا باجەكانی سەربەخۆبوون لەو ژینگەیەدا چین؟ ئایا ئەو ئەكتەرانەی سەربەخۆ نین و وابەستەی هێزێكی باڵاترن دەتوانن بەو شێوەیە بەردەوام بن؟ ئەو ئەكتەرانەی لەنێوان سەربەخۆبوون و وابەستەبووندا ون بوونە بەرەو چ ئاسۆیەك دەڕۆن؟
بۆ ئەوەی وەڵامێكی پوختی پرسیارەكانمان دەستبكەوێت، دەبێت سەرەتا بزانین سەربەخۆبوون و وابەستەبوون لەژینگەی نێودەوڵەتیدا چین، تا بتوانین ئایندەی ئەو هێزانە دەستنیشان بكەین كە لەو دۆخەدا ناتوانن خۆیان یەكلایی بكەنەوە. لە پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكاندا سەربەخۆبوون یەك مانای نییە، بەڵكو چەمكێكی فرەڕەهەندە، هەر ئەمە وای كردووە پرسیار لەسەر سەربەخۆیی دروست ببێت. بەشێك پێیانوایە بوون بە دەوڵەت و دانپێدانانی نێودەوڵەتی و بوونی سەروەری بەسە بۆ ئەوەی بە ئەكتەرێك بڵێین سەربەخۆ، بەڵام ئەمە تەنها لە رواڵەتدا راستە، چونكە ئەگەر رەهەندە جیاوازەكانی سەربەخۆبوون بكەینە پێوەر، ئەم تێگەیشتنە تووشی كورتبینی دەبێ. بۆ نموونە ئەگەر پرسیارەكە بەو شێوەیە بكەین كە ئایا هەموو ئەو دەوڵەتانەی خاوەن سەروەرین بڕیاری سیاسییان بەدەست خۆیانە، ئایا دەتوانن لە دەرەوەی هاوپەیمانییەكی گەورەتر وەك دەوڵەت بمێننەوە؟ بێگومان نەخێر، چونكە بەشێكی زۆری ئەو دەوڵەتانە لە جووڵە دەرەكییەكانی خۆیاندا سەربەخۆیی خۆیان لەبڕیاردان لەدەستداوە بەرامبەر گەرەنتییەك بۆ مانەوەیان. ئەم وەڵامە بۆ سەربەخۆیی ئابووری و كولتووری و شێوازی حوكمڕانیش هەر راستە، بۆ نموونە دەوڵەتان ئێستا ناتوانن لەدەرەوەی سیستەمە دیموكراتیەكان سیستەمێكی دیكەی تایبەت بەخۆیان هەبێت، مەحكومكردنی دەوڵەتان بە سیستەمی دیموكراسی بەشێكە لەو سنوورداركردنەی سەربەخۆیی دەوڵەت. هەموو ئەو دەوڵەتانەی دەكەونە دەرەوەی سنووری ئەو لەقاڵبدانە و رێگەی سەربەخۆیی رەهایان گرتووە، وەك دەوڵەتی نامۆ بەڕای گشتیی جیهانی دەناسێنرێن، بەوەی لە سیستەمی باوی جیهانی لایانداوە.
سەبارەت بەدیوی یەكەمی سەربەخۆیی كە بریتیە لەدەوڵەتبوونی ئەكتەرە نادەوڵەتییەكان، ئەمەیان دۆخێكی تری سەربەخۆییە، بانگەشەی هێزە نادەوڵەتییەكان بۆ بەدەوڵەتبوون ئەگەرچی لە رواڵەتدا بانگەشەیە بۆ سەربەخۆبوون، بەڵام لەڕاستیدا بانگەشەیە بۆ بوون بەدەوڵەت، چونكە قۆناغی دوای دەوڵەتبوونەكە ئاڵۆزتر و پڕكێشەترە بەتایبەت ئەگەر بەرەو سەربەخۆیی رەها بچێت.
ئەوەی پەیوەستە بەوابەستەبوونەوە لە ژینگەی نێودەوڵەتیدا، ئەمیش بەهەمان شێوە چەند جۆرێك و چەند مانایەكی هەیە، هەر لە وابەستەبوونی راستەوخۆوە بە سیاسەت و ئەجێندای ئەكتەرێكی باڵاتر لەخۆت تا وابەستەبوون لەڕێگەی چوونە نێو هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتی وەك رێكارێكی پارێزگاری لە مانەوە. بەشی هەرە زۆری ئەكتەرە نێودەوڵەتیەكان، جگە لە دەوڵەتە زلهێزەكان، لە بازنەی وابەستەبووندا جووڵە دەكەن، بەڵام هەموویان بەیەك ئاراستە و بەهەمان رێژە پەیوەست نین بەو وابەستەبوونەوە، هەر یەكەیان دۆخی تایبەتی خۆیان هەیە، بەڵام دەرچوون لەو وابەستەبوونە بەهەمان ئەندازە ئاكامی خراپی بۆیان هەیە. هەرچەندە سیستەمی نێودەوڵەتی ئێستا فرەجەمسەر نییە، بەڵام تاك جەمسەریش نەماوە، بەشێك لە زانایان دەڵێن سیستەمی نێودەوڵەتیی ئێستا لەبری فرەجەمسەری جۆرێك لە فرەبەرەیی پێوە دیارە، بوون بە بەشێك لەو بەرە جیاوازانە سروشتی وابەستەبوونی ئەكتەرەكان نیشاندەدات. كاتێكیش یەكێك لە دەوڵەتەكان لە بەرەیەك دێتە دەرەوە تووشی جۆرێك لە ونبوون دەبێت ئەگەر نەبێتە بەشێك لە بەرەیەكی دیكە، یان بەرەیەكی تایبەت بەخۆی دروست نەكات كە ئەمە جۆرێكە لەخۆكوژی. سەبارەت بە ئەكتەرە نادەوڵەتییەكان، ئەمانیش مەحكومن بەو وابەستەبوونە ئەگەرچی هێشتا نەبووبنە دەوڵەت، دەرچوون لەو وابەستەبوونە و بانگەشەكردنی سەربەخۆیی رەها بۆ ئەو ئەكتەرانە لێكەوتەی خراپتری دەبێت و نزیك دەبێتەوە لە سڕینەوەی یەكجارەكی.
لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا كۆمەڵێك هێز خەونی گێڕانەوەی رابردووە دوورەكانیان هەیە و ئامانجی دووبارە بنیاتنانەوەی ئیمپراتۆریەتە مردووەكانیان هەیە، بۆ ئەوە پێویستیان بە سەربەخۆبوون و هاتنە دەرەوە هەیە لە بازنە بچووك و گەورەكانی وابەستەبوون. ئەگەرچی ئەم هێزانە هێزی هەرێمی و خاوەن پێگەی دیارن لە ناوچە هەستیارەكانی جیهاندا، بەڵام ئەم گۆڕانی دۆخە لە وابەستەبوونەوە بۆ سەربەخۆیی بێ كێشە نابێت بۆیان. سەربەخۆبوون بۆ ئەم هێزانە یان بەرەو هەڵوەشانەوەیان دەبات، یان بەرەو ئەوەیان دەبات كە ببنە هێزی نامۆ بە ژینگەی نێودەوڵەتی، بەمەش لەناوخۆدا سیستەمێكی هاوشێوەی سیستەمە دیكتاتۆرییەكان بنیات دەنێن بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو دۆخی نامۆبوونە خۆیان بگونجێنن. هەوڵەكانی توركیا و ئێران لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا بەو ئاراستەیە بووە، ئەگەر چی هەر یەكێك لەو دوو هێزە تایبەتمەندیی خۆیان هەیە و ناكرێ هەردووكیان بخرێنە بەر هەمان پێوەر. توركیا لەڕێگەی ئەردۆگانەوە دەیەوێت خۆی لە وابەستەبوون بە رۆژئاوا بدزێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، بەڵام مامەڵەی هێزە رۆژئاواییەكان ئەمەی بۆ قورس كردووە، بۆیە دەبینین توركیا بۆ تێپەڕاندنی ئەمە خەریكە دەچێتە بەرەیەكی جیاواز، بەمەش خۆی لە بەرەی رۆژئاوا رزگار دەكات، بەڵام ناتوانێ خۆی لە دۆخی وابەستەبوون رزگار بكات. بۆیە دەبینین توركیا ئێستا وەك هێزێكی سەرلێشێواو لەنێوان سەربەخۆبوون و وابەستەبووندا ون بووە و ئاسۆ روونەكانی نەماوە. شەڕی توركیا ئێستا لەژینگەی نێودەوڵەتیدا شەڕی هەڵنەوەشانەوە و لاوازنەبوونە لەبری ئەوەی شەڕی بەهێزكردنی پایەكانی سەربەخۆیی بێت. ئێرانیش وەك یەكێك لە دیارترین ئەو ئەكتەرانە هەوڵەكانی بۆ سەربەخۆبوونی رەها وای لێكردووە ببێتە ئەكتەرێكی نامۆ بە سیستەمی جیهانی. سزاكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەری، سەلمێنەری ئەو دۆخەیە كە ئێران تێیكەوتووە. ونبوونی ئێران لەنێوان ئەو دوو دۆخە: ئایا بەردەوام بێت لەبەرەی دژە ئەمریكایی كە ئەمە ئاسۆیەكی روونی پێ نابەخشێت، یان بە ئاراستەی سەربەخۆیی و نامۆبوونی زیاتر بڕوات، ئێرانی نزیك كردووەتەوە لەوەی بەیەكجاری بكەوێتە دەرەوەی بازنەی سیستەمی جیهانی.
* ماستەر لە زانستە سیاسییەكان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ