رەهەندەکانی سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پاریس

04-11-2023
کارۆخ خۆشناو
A+ A-
وەک دەزانین پەیوەندییەکی پتەو هەیە لەنێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا، بە دیاریکراویش لەنێوان ئیمانوێل ماکرۆن و نێچیرڤان بارزانی. لەسەر ئەم بنەمایە و لەسەر بانگهێشتی فەرمی سەرۆکی فەرەنسا، رۆژی هەینی 2023/11/3 سەرۆکی فەرەنسا (ئیمانوێڵ ماکرۆن) لە کۆشکی ئێلیزێ میوانداری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد. 
 
لەو دیدارە مێژووییەدا چەند پرسێکی گرنگی سیاسی و ئابووری و سەربازی تاوتوێ کران، بە ئامانجی پەرەپێدانی پەیوەندی دیپلۆماسی نێوان هەردوولا، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش، بەمەبەستی تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە هەستیارەی کە ناوچەکە و جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.
 
سەردانی ئەمجارەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردنە، چونکە لە کاتێکی هەستیاردا ئەنجام دەدرێت کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە قەیرانێکی قووڵدا تێپەڕدەبێت، بۆیە سەردانەکە کۆمەڵێک رەهەندی جیاواز لەخۆدەگرێت بە تایبەت لە بوارەکانی (سیاسی، دیپلۆماسی، ئاسایش، ئابووری و کولتووری) کە لە خوارەوە بە کورتی ئاماژەیان پێدەکەین.
 
یەکەم: رەهەندی سیاسی و دیپلۆماسی
 
کۆماری فەرەنسا وەک وڵاتێکی زلهێزی ئەوروپی و جیهانی، ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش و خاوەن مافی ڤیتۆیە، رۆڵێکی کاریگەری لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان هەیە، بۆیە برەودان بە پەیوەندیی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرەنسا گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاڵنگاریانەی کە ئێستا رووی لە ناوچەکە کردووە. بە واتایەکی دیکە، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا پارێزراو بێت و بتوانێت پارێزگاری لە پێگەی خۆی بکات لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکەدا، گرنگە برەو بە پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسیەکانی بدات لەگەڵ ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بەگشتی و فەرەنسا بەتایبەتی، چونکە فەرەنسا لە رابردوودا (هاوشان لەگەڵ بەریتانیا) ئەندازیار و دیزاینەری نەخشەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووە، هەروەها دەسپێشخەر بووە لە دەرکردنی بڕیاری دژە فڕینی ژمارە (688)ی ئەنجوومەنی ئاسایش و دابینکردنی نەوای ئارام بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان، بۆیە لە ئێستا و داهاتووشدا فەرەنسا رۆڵێکی گەورە دەگێڕێت لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان. لەم رووەوە فەرەنسا لە بەرنامەیدا بوو، لە کۆتایی ئەم مانگەدا لە بەغدا سێیەمین لووتکەی هەرێمیی ساز بکات، بەڵام بەهۆی شەڕی ئەم دواییەی نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە. بۆیە دەتوانین بڵێین کە بێجگە لە پەیامە ئاشکراکان، پێدەچێت پرسی دیکەش هەبن کە ئیمانوێل ماکرۆن لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا باسی بکات کە تایبەت بن بە دۆخی عێراق و هەڵوێستی عێراق لەم دۆخە ناسکەدا، ئەمە دواتر بە تێپەڕبوونی کات رووندەبێتەوە کە ماکرۆن دەیەوێت چ پەیامێک بگەیێنێت بە لایەنە عێراقییەکان. 
 
دووەم: رەهەندی سەربازی و ئاسایش
 
هاوکارییەکانی فەرەنسا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆر، رۆڵی بەرچاویان گێڕا لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، لە داهاتووشدا فەرەنسا رۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت چونکە فەرەنسا لە چوارچێوەی هێزەکانی ناتۆدا بەردەوام دەبێت لە مانەوەی هێزەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان. لەم روانگەیەشەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری بەرگریی فەرەنسا لە پاریس کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسەکانی پەیوەست بەم بوارە، هەڵبەتە ئەمە جگە لەو دۆخەی ئێستا ناوچەکە و عێراقی پێدا تێپەڕدەبێت، بە تایبەت لە ئەگەری فراوانبوونی بەرەکانی جەنگی غەززە، ئەوا عێراق و هەرێمی کوردستان دەبنە یەکێک لەو بەرانە، لە گفتوگۆکانی سەرۆک ماکرۆن و سەرۆک نێچیرڤان بە دڵنیاییەوە ئەمەش تەوەرێک بووە بۆ هەماهەنگی ئەمنی زیاتر لە نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان، وەک خۆبەدوورگرتن لە مەترسییە هەرێمییەکانی ئەم جەنگە. 
 
سێیەم: رەهەندی مێژوویی 
 
قووڵایی مێژوویی هەروەک قووڵایی ستراتیژیی لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئەکتەرەکان کاردەکات، بەم واتایە کە ئەو کاتەی لەنێوان دوو ئەکتەر و لایەن سنووری جوگرافیایی بوونی نییە، ئەوە ئەزموونی رابردوو و مێژووی پەیوەندییەکان و کاری هاوبەش هەمان کاری قووڵایی ستراتیژیی دەکات. لەم چوارچێوەیەشدا، لە نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستاندا مێژوویەکی تایبەت هەیە، کە بنەمای پەیوەندییەکی تایبەت و درێژخایەن دادەڕێژێت. 
 
لە هەناوی ئەم پەیوەندییە مێژووییەدا چەندین سیاسی و کەسایەتی تایبەت هەیە، وەک دانیال میتران و ئەوانی دیکە. هەروەها فەرەنسا یەکێک بووە لەو وڵاتانەی کە زۆر زوو کۆنسوڵخانەی لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و پەرەی بە پەیوەندییەکانی داوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەمەش وایکردووە لە کاتی سەختی و تەنگ و چەڵەمەدا، فەرەنسا یەکێک بێت لەو وڵاتانەی کە لە ئەوانی دیکە خێراتر بەدەم کێشەکانی هەرێمی کوردستانەوە بێت. ئەگەر زۆر نەچینە ناو رووداوەکانی پێش ساڵی 2003، سەردانی ئاستبەرزی بەرپرسانی فەرەنسا وەکو سەرۆککۆمارەکانی فەرەنسا و وەزیرانی دەرەوە و بەرپرسە باڵا سەربازی و بەرگرییەکانیان بۆ هەولێر و لەبەرامبەردا پێشوازی لە سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان و پاشان سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان قووڵایی مێژوویی ئەو پەیوەندییانە دەردەخات کە بە گۆڕینی سەرۆکەکانی لە فەرەنسا و بەپێچەوانەکەشی لە هەرێمی کوردستان ئەم پەیوەندییانە هەر بەردەوام و بەهێزن.
 
چوارەم: رەهەندی ئابووری و وزە
 
راستییەکەی ئەوەیە کە فەرەنسا لەرێی دەریای سپی نێوەڕاست و پاشان لوبنان و سووریا و عێراق دەگاتە کەنداو و بەپێچەوانەکەشی هەر راستە، بۆیە بۆ فەرەنسییەکان لوبنان و سووریا و عێراق پێگەی ستراتیژییان هەیە و لەم نێوەندەشدا رۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان و سەقامگیرییەکەی بەرجەستە دەبێت. هەر بۆیە فەرەنسا بە گرنگییەوە دەڕوانێتە فراوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، لەسەر ئاستی سێکتەری ئابووری و وزە، بۆیە یەکێک لە کۆمپانیا گەورەکانی فەرەنسا (تۆتاڵ) وەبەرهێنان لە سێکتەری وزەی عێراقدا دەکات بە بڕی 27 ملیار دۆلار، ئەمەش بەڵگەی گرنگی پێگەی عێراق و هەرێمی کوردستانە لەسەر نەخشەی وزەی ناوچەکە و جیهان. 
 
شایانی باسە کە زیاتر لە 35 کۆمپانیای فەرەنسی لە کوردستان وەبەرهێنان دەکەن. فەرەنسا نایەوێت عێراق و هەرێمی کوردستان بکەونە بەر مەترسییەکانی ئەم شەڕە، هەر بۆیە بۆ فەرەنسا زۆر گرنگە کە ناوچەکە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی نەکەوێتە نێو ئەو جەنگ ئاڵۆزییانە کە زیانی بۆ ئاسایش و بەرژەوەندی فەرەنسییەکان هەبێت و لەم نێوەندەشدا ئارامی و سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسییەکان زۆر گرنگە و کاریگەری لەسەر پرسە ئابوورییەکان و بەتایبەتی ئاسایشی وزە بۆ ئەوروپییەکان دەبێت. 
 
فەرەنسا هەم پێویستی بە شوێنی سەقامگیر و ئارام هەیە و هەمیش هاوبەشی جێگەی متمانە و باوەڕپێکراو بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی. لە هەر دوو رەهەند و بواریشدا هەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسییەکان ئەو رۆڵە دەگێڕێت. 
 
پێنجەم: رەهەندی کولتووری و پێکەوەژیان 
 
فەرەنسا گرنگییەکی تایبەت بە پێگەی پێکەوەژیان دەدات لە هەرێمی کوردستان، چونکە ئەم پێگەیە کەم وێنەیە لەسەر ئاستی عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەگشتی. ئەم بەها هاوبەشە هۆکارێکە بۆ پاراستنی کەمینەکان و رێگرتنیان لەوەی کۆچ بکەن بۆ ئەوروپا و زێدی خۆیان بەجێبهێڵن. 
 
لەلایەکی تریشەوە، بەهاکانی وەک مافی مرۆڤ، پێکەوەژیانی ئاشتییانە، دیموکراسی، ئازادی، یەکسانی، فرەیی یاخود پلۆرالیزم و عەلمانییەت و.. هتد، ئەو نۆرم و بەهایانەن کە فەرەنسا خۆی بە لانکەی دەزانێت و بەم پێیەش پابەندە بە جێبەجێکردنیان و تەنانەت دەیەوێت لە سیاسەتی دەرەوەشدا دەستیان پێوەبگرێت، هەر بۆیە ئەمە دەرفەتێکی رەخساندووە بۆ هەرێمی کوردستان کە لەم بوار و رەهەندەشەوە رایەڵەیەکی پەیوەندی لەگەڵ فەرەنسا دروست بکات و پێچەوانەکەشی بۆ فەرەنساش گرنگە کە لەسەر ئەو بنەمایانە هاوبەشی و پەیوەندی لەگەڵ ئەکتەرەکان هەبێت و لەم نێوەندەشدا هەرێمی کوردستان بە بەروارد لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە تاڕادەیەکی زۆر هەوڵیداوە لە ئاستی سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتی ئەم بەهایانە بپارێزێت بۆ نیشاندانی ئەزموونێکی جیاواز و تەنانەت بە ناڕاستەوخۆ گرێدانی خۆی بە فەرەنسا و جیهانی رۆژئاوایی.
 
هەر بۆیە بۆ فەرەنسییەکان زۆر گرنگە کە هەرێمی کوردستان سەرەرای هەموو تێبینی یاخود رەخنەکان هەڵگر و پارێزەری ئەم بەها و نۆرمانە بێت. لەم پەیوەندییەشدا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بە کەسایەتییەک دەناسرێت کە بەردەوام لەئاستی هەرەمی کوردستان و عێراق و تەنانەت ناوچەکەدا گرنگی بەم بەها مودێرنانە داوە و لەم رێگەیەوە بە سەرکردەییەکی جێگەی متمانەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەناسرێت و هەر ئەمەش بە بەشێک لە نهێنی پێشوازی ئاستبەرز لە نێچیرڤان بارزانی و گوێگرتن لە را و پێشنیاز و رێزلێنان لە گوتاری بەرێزیان لە ناوەندە دیپلۆماسییەکانی جیهان، دادەنرێت.
 
لە روانگەیەکی ترەوە، روانگەی نێچیرڤان بارزانی و سەرۆک ئیمانۆیل ماکرۆن سەبارەت بە چارەسەرکردنی پرس و کێشەکانی عێراق و ناوچەکە و تەنانەت سەبارەت بە پرسی هەنووکەیی ئێستای ناوچەکە کە جەنگی حەماس ئیسرائیلە، لە رێگەی دیالۆگ و بە رێگەی ئاشتییانە و هەروەها دەستەبەرکردن و رێزگرتن لە مافی چارەنووسی فەلەستینییەکان و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەگەڵ ئیسرائیلییەکان هەر یەک شتن و ئەم وێکچوونە هزری و پابەندبوونە بەهاییە وای کردووە کە لە رووی سیاسیشەوە هەمان روانگەیان هەبێت بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکانی عێراق و ناوچەکە.
 
ئەم سەردانە ئەڵقەیەکە لە هەوڵێکی بەردەوامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پتەوکردنی پێگەی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان لە ئاستی جیهاندا، بە مەبەستی پاراستن و بەرەوپێشبردنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا. بە تایبەت دوای ئەو هەموو گەمارۆ ئابووری و دیپلۆماسی و سیاسییانەی کە عێراق بەسەر هەرێمی کوردستانیدا سەپاندووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەرێمی کوردستان بە تایبەت کاراکتەری کاک نێچیرڤان بارزانی توانیویەتی بەردەوامی بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان بدات لە سەردەمی قەیرانەکانیشدا.
 
پێدەچێت و پێشبینی دەکرێت، لێکەوتەکانی ئەم سەردانە کاریگەری ئەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا هەبێت و لە هەمانکاتیشدا پەیامێکی دڵنیایی بێت بۆ لایەنە کوردستانییەکان لە هەرێمی کوردستان کە قەوارەی هەرێمی کوردستان پارێزراوە و لە ئاستی سیستمی نێودەوڵەتی پاڵپشتی لە مانەوە و بەهێزبوونی دەکرێت، چونکە ئەم جووڵە دیپلۆماسییە دەریخست کە بەپێچەوانەی بانگەشەی هەندێ لایەنی نێوخۆیی، هەرێمی کوردستان هێشتا بەشێکە لە ئەجێندا و پلانی هەرێمایەتی زلهێزەکان لە چوارچێوەی عێراق و ناوچەکەدا. 
 
هەر ئەمەش دەتوانێت لە ئاستی عێراقدا پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکات و لە ئاستی نێوخۆیی هەرێمی کوردستانیش جۆرە سەقامگیری و دڵنیاییەک لەلای هاووڵاتییان دروست بکات و تەنانەت پەیامێکی دیپلۆماسی بێت بۆ دەوڵەتانی دراوسێی هەرێمی کوردستان کە ئاسایش و سەقامگیری ئەو دەوڵەتانە پەیوەستە بە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان. لە رووی ئابووریشەوە ئەم سەردان و پێشوازییە کاریگەری ئەرێنی لەسەر کار و وەبەرهێنان و پلانی کۆمپانیا فەرەنسی و رۆژئاواییەکان دەبێت کە بۆ هەرێمی کوردستان پاش بڕیاری دادگەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس دەتوانێت گرنگی و واتای تایبەتی هەبێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندیی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق

عێراقی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران!

پەیوەندیی نێوان ئێران و میزۆپۆتامیا کە دواتر دەبێت بە عێراق، چەندین سەدە تێدەپەڕێنێت و ناکرێت بە تەنیا لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کورت بکرێتەوە. لەبیرمان نەچێت ساسانییەکان یەکەم پایتەختی خۆیان لە میزۆپۆتامیا و شاری تێسیفۆن کە تەنیا 30 کیلۆمەتر لە بەغدای ئێستاوە دوورە