گۆران محەممەد
كاتی خۆی، كە عەبدولعەزیز تەیب بووە وەزیری پەروەردە، یەكەمین (چاكسازی) كە كردی، لابردنی وانەی كشتوكاڵ بوو لە پرۆگرامەكانی خوێندن. كابینەیەك دوای ئەوە، عەبدولعەزیز تەیب بووە وەزیری كشتوكاڵ! ئەو وەزیرە چونكە هیچ هیوای بە خەیاری كوردیی نەبوو، لەسەردەمی ئەودا خەیاری كوردی هەر بە پووچی مایەوە، تەماتەی خۆماڵییش هەر لەباوەشی خەیاری توركیدا دەگیرسایەوە.
ساڵان هاتن و چوون، عەبدولعەزیز بوو بە عەبدولسەتتار. لە نێوان هەردوو عەبدوودا داهێنانی وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی كوردستان، لەوە تێنەپەڕی كە كیلۆی تەماتەی توندوتۆڵی توركی، پێنجسەت دینار لە تەماتەی تەپیوی كوردی هەرزانتر بێت.
جا قوربان نە عەبدولعەزیز، عیززەتی خەیاری كوردیی راگرت، نە عەبدولسەتتاریش، تەماتەی كوردیی سەتر كرد، لەوانەیە وەزیری ئایندەی كشتوكاڵ، ناوی عەبدولڕەحمان بێ و رەحمێ بەم خەیار و تەماتە داماوە بكا.
ئەمڕۆ دوو هەواڵی گرنگ لە كوردستاندا هەبوون، لە سلێمانی كۆنفرانسی حكومەتی ئەلیكترۆنی بەڕێوە دەچوو، لە هەولێریش كاهووی ئێرانی بازاڕی تەنیبوو.
من یەك پرسیار دەكەم، وڵاتێ نەتوانێ كیلۆیەك كاهوو بەرهەم بهێنێ، چۆن دەتوانێ حكومەتی ئەلیكترۆنی بەڕێوەببات؟ حكومەتی ئەلیكترۆنیی چی كڵۆڵ خۆتان، جارێ وەرن سایتی ئەلیكترۆنیی لەكاركەوتووی وەزارەتی كشتوكاڵ چاكبكەنەوە دوایی باسی حكومەتی ئەلیكترۆنی بكەن.
ئاخر وڵاتێ توانای حكومەتی ئەلیكترۆنیی هەبێت، (یاهوو)ش بەرهەم دەهێنێت، وڵاتەكەی عەبدولسەتتاریش توانای بەرهەمهێنانی (كاهوو)ی نییە، ئاخر وەزیرە ئیسلامییەكەی كشتوكاڵ، ئەگەر لەجیاتی جنێو بە نووسەران، دوعای بۆ جوتیاران بكردایە، لەوانەبوو حاڵی وەزارەتەكەی لە ئێستا باشتر بووایە.
ئەگەر ئەو، لەبری ئەوەی جنێوی ئاگرین بۆ رووناكبیران بهۆنێتەوە، خەیاری خۆماڵیی بۆ تەماتەی كوردیی پەیدا بكردایە، گەلێ باشتر بوو.
تێناگەم بۆچی خەڵك لە هاتنی قاسم سولەیمانی بۆ جەلەولا ناڕەحەتن، ئەی ئەوە نییە بەر لە خۆی، عەیب نەبێ خەیارەكەی لای هەموومانە؟ ئەی ئەوە نییە ئەگەر ئێران نەبێ، زەڵاتەش نابێ! زەڵاتەی كوردی، بە سپۆنسەریی جمهووری ئیسلامییە، هەر وەك چۆن نانی بەیانیش بە سپۆنسەریی توركیایە، خۆ داگیركردن هەر بە پۆستاڵ نابێ، بە لەبلەبیش دەكرێ، ئێمە كە مەسینەی ئێرانی بۆ قوونمان ببەین و خەیاری توركی لە دەممان بنێین، ئیدی پێویست ناكا بە هاتنی سولەیمانیش قەڵس بین.
كورد وەزیری بۆ بێكارەبایی هەیە، وەزیری بۆ بێپارەیی هەیە، وەزیری بۆ بێپلانیی هەیە، وەزیری بۆ مەلای داعش هەیە، وەزیریشی بۆ بێخەیاریی هەیە، جا توخوا ئەمە پێی دەڵێن ئەنجوومەنی وەزیران و حكومەت، یان ئەنجوومەنی خاوەن پێداویستیی تایبەت؟
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ