دید و هەڵوێستێك لەبارەی كۆنگرەوە

02-05-2016
هادی علی
نیشانەکردن یەكگرتوو
A+ A-

ئاشكرایە كۆنگرەی حەوتەمی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە هەلومەرجێكی تایبەت ‌و هەستیاردا گرێدەدرێت، چ لەرووی بابەتی ‌و ئەو رووداو و گۆڕانكاریانەی ناوچەكەی پێدا تێدەپەڕێت، چ لەرووی زاتی‌و باری ناوخۆی یەكگرتوو خۆیەوە، چونكە دوای چوارساڵ لە مومارەسەكردنی ئەزموونی دەستاودەستكردنی پۆستی یەكەمی حیزب دێت. ئەو ئەزموونەی كە لەكاتی خۆیدا دەنگۆیەكی باش و جوانی بەدوای خۆیدا هێنا و, یەكگرتوو سەلماندی كە دەتوانێت وەك هەمیشە داهێنەر و جیاواز بێت لەمۆدێلە تەقلیدیی و بەسەرچووەكەی تێكڕای حیزبەكانی تری ناوچەكە. بەڵام بەداخەوە ئەو نمونە و دەستپێشخەریە ناوازەیە نەتوانرا وەك پێویست و چاوەڕوانكراو سودی لێوەربگیرێت و بەرەوپێشببرێت. هۆكاری سەرەكی ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی كە لەكاتی خۆیدا پرۆسەكە ئاراستەی سروشتی و چاوەڕوانكراوی خۆی وەرنەگرت، بۆیە ئەم دۆخەی ئێستای بەدوادا هات‌و كار بەوەگەیشت كە خودی مامۆستا صلاح الدین و ژمارەیەكی بەرچاو لەكادیرو ئەندامانی حیزب بەپێویستی بزانن, یان بەلای كەم بەرژەوەندی حیزب لەوەدا ببینن كە بەڕێزیان جارێكی تر بگەڕێتەوەو بەرپرسیارێتی بگرێتەوە دەست. دیارە ئەم گەڕانەوەیەش دەنگۆیەكی گەورەی لێكەوتۆتەوەو لێكدانەوەو هەڵسەنگاندنی جیاجیای بۆدەكرێت، تاڕادەیەكیش جۆرێك لە شڵەژان و دڵەڕاوكێ‌ لە دەربڕینی بۆچوونەكان, وەرگرتنی هەڵوێست‌و چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم پرسە هەستیارەدا تێبینی دەكرێت.

بەڵام هەرچۆنێك بێت، ئێستا پرسەكە بووەتە ئەمری واقیع. دۆخەكەش ئەوە دەخوازێت كە یەكگرتووەكان بەگشتی و كادیری قیادی و ئەندامانی كۆنگرە بەتایبەتی، لە چوارچێوەی میكانیزمەكانی دیموكراسی و پابەند بوون بەڕەوشت و بەها ئیسلامیەكانی حیزب خۆیەوە، بەشێوەیەكی ئیجابی و دروست مامەڵەی لەگەڵدا بكەن. بۆئەوەی كۆنگرەی حەوتەم ببێتە وێستگەی ڕاستكردنەوەی هەڵەو كەموكورتیەكان, بەرنامەڕێژی بكرێت بۆنوێكردنەوەو بەدامەزراوەیی كردنی بەشە سەرەكیەكانی حیزب.

ئەوەشی كە پەیوەستە بە بەندە خۆمەوە، دیارە كە ڕاگەیاندنی بڕیاری خۆكاندیدنەكردنم بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی حیزب, ئامادەیی بۆ هاوكاریكردنی بەڕێز مامۆستا سەڵاحەددین بەهائەدین و وەرگرتنی ئەرك و بەرپرسیارێتی لەم قۆناغەدا، رەنگە لای هەندێ كەس لە ناوخۆی حیزب و دەرەوەی حیزبیش, خوێندنەوەی جیاجیای بۆ بكرێت و پرسیارێك بێت كە چاوەڕێی وەڵام بكات. 

بەدڵنیایی, دوای تێپەڕبوونی چەند ساڵێك بەسەر راگەیاندنی راوبۆچوونی خۆم بەشێوەیەكی ڕاشكاوانە سەبارەت بەزەرورەتی ئەنجامدانی ریفۆرم و بەدامەزراوەیی كردنی هەردوو بواری بانگەوازو كاری سیاسی و حیزبی، ئێستا دیدو بۆچوونە جیاوازەكان لە هەركاتێكی تر باشتر و زیاتر لە یەكتر نزیكبوونەتەوە, ئامادەییش بۆئەنجامدانی ریفۆرم لەچوارچێوەی پرۆژەو میكانیزمی گونجاودا, تاڕادەیەكی باش گەڵاڵە بووە. لەلایەكی ترەوە هەستكردن بەبەرپرسیارێتی دەرهاویشتەكانی خۆدوورگرتن لەحیزب, خەمخۆری بۆكاروانی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان و زەرورەتی بەشداریكردنی جیددی لە پرۆسەی نوێكردنەوەو ڕاستكردنەوەی هەڵەكان، پاڵنەری بەهێزن بۆ وەرگرتنی ئەو بڕیارەی سەرەوە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە