‎چاوەڕوانییە جیهانییەكان لە تۆڕی میدیایی رووداو

01-04-2023
عەلی زەڵمی
A+ A-

سۆفیا- بوولگاریا

‎شیوەن و لاواندنەوەكان، نزا و داواكارییەكان، نیگەرانی و هاوارەكان بە كوردی بوون; چیرۆكەكان بە كوردی دەگێڕدرانەوە. ئەوە دۆخی هاونیشتمانیانی حەوت پارێزگای باكووری كوردستان و هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای كوردستان بوو دوای روودانی بوومەلەرزە كاولكەرەكەی رۆژی شەشی شوبات. تۆڕی میدیایی رووداو رووماڵی ئەو كارەساتەی بە زمانی رەسەنی خەڵكی ناوچەکە كرد، نەوەك زمانی وەرگێڕدراو و وەرگیراو. ئەوەی تۆڕی میدیایی رووداو كردی بۆ بینەر و بیسەر و خوێنەری خۆی بوو، بەڵام بووە سەرچاوەی سەرەكیی رووماڵی زیاتر لە 50 كەناڵ و دامەزراوەی كاریگەری میدیای جیهان تەنیا لە رێگەی کۆمەڵەی ئاڵوگۆڕی هەواڵی ئەوروپی ئینێكس. 
كۆنفرانسی ئینێكس لە بوولگاریا
 
‎رۆژانی 30 و 31ی ئادار كۆنفرانسی ئینێكس لە شاری سۆفیای پایتەختی بوولگاریا بەڕێوەچوو و شەش رۆژنامەڤانی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەشە جیاوازەكان تێیدا بەشداربوون.
 
‎دووان لە سەرەكیترین ئەو بابەتانەی تاوتوێكران بریتیبوون لە هەبوونی پلانی رێكوپێك بۆ رووماڵی رووداو و پێشهاتە گەورەكان و خێرایی لە گواستنەوەدا. هاوبەشانی رووداو لە ئینێكس لەوانەش ژمارەیەك لە كەناڵەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەوروپا وەك نموونەی هەردوو خاڵ ئاماژەیان بە رووماڵی تۆڕی میدیایی رووداو لە بوومەلەرزەكەی باكووری كوردستان و توركیا كرد.
 
رووداو لە ساتی دوای بوومەلەرزەكەوە لە شەشی شوباتەوە بۆ ماوەی زیاتر لە 15 رۆژ لە شار و پارێزگاكانی ئامەد، مەرەش، سەمسوور و دیلۆكی باكووری كوردستان بەشێوەی لایڤ و لە رێگەی ڤیتی و بەرنامەی تایبەتی وەك رووداوی ئەمڕۆ و وێنەستۆرییەوە رووماڵی بوومەلەرزەكەی كرد. هاوبەشەكانمان لە ئینێكس ئاماژەیان بەوەكرد كە رووماڵەكەی رووداو وایكردووە رووبەڕووی كێشەی كەمی ماتریاڵ نەبنەوە لە گواستنەوەی دیمەنەكان بەشێوەی لایڤ و هەبوونی چیرۆكی دوای روودانی بوومەلەرزەكە.
 
‎ڤیتی و راپۆرتەكانی دیكەی رووداو لە شوێنەكانی دیكەش جێگەی سەرنجی هاوبەشانی رووداو بوون، وەك كارەكانی پەیامنێرمان دڵنیا رەحمان لەكاتی بۆردوومانی  شاری دیمیترۆ لە 14ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ و راپۆرتی پەیامنێرانمان لە بەغدا و بەسرە و راپۆرتە ئامادەكراوەكانمان لە رۆژهەڵاتی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان. ئەو كارانە چاوەڕوانیی زیاتری كەناڵ و دامەزراوە میدیاییە رۆژئاواییەكانی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو بەدواوە دێت، بەتایبەتی لە 45 رۆژی داهاتوودا كاتێك هاونیشتمانیان و هاووڵاتیان لە باكووری كوردستان و توركیا دەچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانتار و سەرۆكی نوێی توركیا كە دەكرێت ئەنجامەكەی گۆڕانكاری گەورە بۆ توركیا، ناوچەكە و جیهانیش بهێنێت. هەربۆیە ئەو چاوەڕوانییەی بینەر و خوێنەری كورد لە رووداو هەیەتی بینەری دیكەش لە دەرەوە هەیەتی و ئێمەش دڵنیامان كردنەوە كە هەر ئێستاش بایەخ بەو مژارە دەدەین و دوای جەژنی رەمەزانیش دەست بە رووماڵی بەرفراوانی بانگەشەی هەڵبژاردن لە تورکیا دەكەین.
 
‎دیجیتاڵ میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ‎بابەتێكی دیكەی سەرەکی بوون لە كۆنفرانسەكەدا کە گفتوگۆی زۆری لەسەرکرا، بەتایبەتی رۆڵی دیجیتاڵ میدیا لە رۆژنامەڤانیی ئێستادا. سەرقاڵبوونی هاووڵاتی بە كاری رۆژانەی و هۆشیاربوونی زیاتری تاك و ویستی بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر وایكردووە رۆژ دوای رۆژ بەكارهێنەرانی دیجیتاڵ میدیا زیاتربن. هەروەها بەكارهێنانی زۆر خێرای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ‎بابەتێكی سەرەكی گفتوگۆ لەبارەكراوی كۆنفرانسەكە بوو. پسپۆڕانی بوارەكە جەختیان لەو خاڵە كردەوە كە دەبێ میدیا گەورەكان خۆیان لەگەڵ ئەم گۆڕانە خێرایە بەخێرایی و زیرەكی بگونجێنن و بتوانن لە رێگەی پلاتفۆرمەكانیانەوە بگەنە زۆرترین وەرگر.
 
‎هەربۆیە تۆڕی میدیایی رووداو چۆن چاوەڕوانییەكانی دەرەوە لێی جێبەجێ دەكات، رۆڵی خۆی وەك پێشەنگی میدیای كوردستانی و یەکێک لە پێشەنگانی ناوچەیی بۆ هاونیشتمانیانی کوردستان و وەرگرانی ناوچەیی و جیهانی رادەپەڕێنێت لە رێگەی پێدانی زانیاری و هەواڵی خێرا و تێروتەسەل  و متمانەپێكراوەوە لە رێگەی دیجیتاڵ میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە.
 
عەلی زەڵمی، بەڕێوەبەری بەشی ئینتەیکی تۆڕی میدیایی رووداو 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. گه‌نجۆ خه‌سره‌و، دكتۆرا له‌ جیۆپۆڵەتیك و مامۆستا له‌ زانكۆی كۆیه‌

سه‌رژمێری، دواچه‌قۆی‌ مه‌رگ له‌ جه‌سته‌ی كوردستانییه‌تی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان

ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌یخه‌مەڕوو، كۆمه‌ڵێك داتای نافه‌رمین و هه‌ندێكی له‌‌ رێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ تایبەتییەکانەوە وه‌رگیراون‌ و هه‌ندێكی بڵاوكراوه‌ی رۆژنامه‌وانین، كه‌ پێویستی به‌ هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی جیدیه‌،‌ ئه‌گه‌ر به‌رپرسانی كورد تۆزێ خه‌می خاكیان له‌ دڵ و ده‌روونیان مابێت، ده‌بێت رێكاری پێویست بگرنه‌ به‌ر و ئه‌م پرۆسه‌یه‌ رابگرن.