عیزەت شابەندەر: ئەحمەد شەرع لەوە زیاتر بە کورد دەدات کە خەونی پێوە دەبینن

09 April 2025

عیزەت شابەندەر، سیاسەتڤانی عێراقی نێوەرۆکی کۆبوونەوەیەکی خۆی و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی نوێی سووریا ئاشکرا دەکات و دەڵێت: شەرع بە فەرماندەی هەسەدەی گوتووە کە "ئەوەی ئەو دەیداتە کورد زیاترە لەوەی کە خەونی پێوە دەبینن و کوردیش وەکو هەر نەتەوەیەکی سووریا مافەکانی پارێزراوە".
 
شابەندەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ باسی چەند دۆسیەیەکی هەنووکەیی دەکات؛ لەنێویاندا پرسی چەکدانانی گرووپە چەکدارەکانی عێراق و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە. پێیوایە کە ئیسرائیل بەهانەیەک دەدۆزێتەوە تاوەکو هێرش بکاتە سەر عێراق.
 
لە بەشێکی گوتەکانیشیدا باسی سنووردارکردنی پێگەی ئێران لە ناوچەکە دەکات و پێیوایە کە ئێران خۆی لە ناوچەکە کشاوەتەوە و چیدیکە ئامادە نییە پارە و توانای خۆی لە وڵاتانی دیکە خەرج بکات.
 
عیزەت شابەندەر دەڵێت: "ئەمڕۆ ئێران بە حوکمی دۆخەکە و بە حوکمی گوشارەکان و بە حوکمی هەڵوێستی لاوازی عەرەبییەوە کە پێنەزان و بێمنەتە؛ کشایەوە، ئێران قاچەکانی خۆی کۆکردەوە و گوتی ئێمە دەگەڕێیننەوە لای کەسوکاری خۆمان و ئەو پارە، هەوڵ و پاڵپشتییەی پێشکێشمان دەکرد ئیدی لە کوڕەکانی خۆمانی خەرج دەکەین و خۆتان کاری خۆتان لەگەڵ ئیسرائیل جێبەجێ بکەن."