ساڵانە 22 ملیۆن دۆلاری هەرێمی كوردستان دەچێتە دەرەوە بۆ كڕینی نەمام ‌و ‏دار

23 March 2025
 
ساڵانە زیاتر لە 10 ملیۆن نەمام‌ و دار‌ هاوردەی ‏كوردستان ‏دەكرێت

كورتەیەك لە بەرنامەكە

ساڵانە پارەیەكی زۆری هەرێمی كوردستان دەچێتە دەرەوە بۆ كڕینی ‏نەمام ‌و دار ‌و گوڵی سرووشتی، هەروەك بەرپرسێكی حكومی ‏لەبەرنامەكەدا ئاشكرای دەكات، ساڵانە لانی كەم 22 ملیۆن دۆلاری ‏كوردستان دەچێتە درەوە بۆ كڕینی نەمام ‌و دار ‌و گوڵی سرووشتی، ‏لەكاتێكدا جگەلە نەمامەگە ئەهلییەكان، وەزارەتی كشتوكاڵ ‏‏30 نەمامگەی هەیە، دەكرێت لەو نەمامگانمەوە وەبەرهێنانێكی باشتر لە ‏دار‌ و نەمام‌ و گوڵی سرووشتیدا بكرێت، لەم بەرنامەیەدا هانی ‏سەرمایەداران درا وەبەرهێنان لەم بوارەدا بكەن، نوێنەرەكەی وەزارەتی ‏كشتوكاڵیش لەبەرنامەكەدا دڵنیایی ئەوەیدا، ئەگەر بازرگانێك ملیۆنێك ‏دۆلار لە‌و كەرتدا خەرج بكات، ئەوا سێ‌ ملیۆن دۆلار وەردەگرێتەوە.‏
ساڵانە رێژەی هاوردەكردنی نەمام ‌و دار ‌و گوڵی سرووشتی لە ‏هەڵكشاندایە، بەجۆرێك وەك بەڕێوەبەرێكی گشتیی وەزارەتی كشتوكاڵ ‏باسی دەكات، لە پێنج ساڵدا 56 ملیۆن نەمام ‌و داری جوانكارییان ‏هاوردە كردوە، وەبەرهێنێكی گوڵی سرووشتی كە رەنج سەنگاوی ‏پێشكێشكار بە پیاوی گوڵ ناوی برد، ئەوەی خستەڕوو گەر هاوكاری ‏بكرێت دەتوانێت‌ لە ماوەی سێ‌ ساڵدا بەشی هەموو رۆژهەڵاتی ‏نێوەڕاست گوڵ بەرهەمبێنت.
خاوەن نەمامگەیەكی سلێمانیش كە لە بەرنامەكەدا میوان بوو جەختی ‏لەوە كردەوە، بازرگانیكردن لە تۆوی گوڵەكاندا لە بازرگانیكردن لە ‏نەوت كەمتر نییە. خاوەن نەمامگەیەكی دهۆكیش باسی لەو نادادیە كرد ‏كە لە دابەشكردنی زەویدا بۆ خاوەن نەمامگەكانی ئەو پارێزگایە كراوە. ‏راوێژكارێكی كشتوكاڵیش ئەوە دەخاتەڕوو لە جیاتی هاوردەكردنی ئەو ‏هەموو نەمام ‌و دار ‌و گوڵە سرووشتیانە لە دەرەوە، دەكرێت لە نێوخۆدا ‏وەبەرهێنانی تێدا بكرێت ئەو راوێژكارە دەڵێت "لە مەسیف تاوەكو ‏حاجی ئۆمەران باشترین شوێنە بۆ بەرهمێنانی نەمام ‌و دار". لایەنێكی ‏دیكەی بەرنامەكە باسكردنی ئەو جۆرە دارانە بوو كە هاوردەكرنیان ‏بەپێی یاسا قەدەخەیە وەك داری خورما‌، زەیتوون، واشنتۆنیا ‌و ‏مزرەمەنییەكان، بەڵام بەشێوەیەكی بەرچاو هاوردە دەكرێن، لەگەڵ ‏ئەوەشدا نوێنەرەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ جەختی لەوە كردوە، كە ‏ئەوان رێگەیان بەهاوردەكردنی ئەو جۆرە دارانە نەداوە.‏

پیاوی گوڵ
وەك خۆی دەڵێت لەتەلەفیزیۆنەوە قوتابخانەی دیوە یەك رۆژ ‏نەیخوێندوە، بەڵام بەقەدەر دوو دكتۆر لەگوڵ دەزانێ‌، رۆژانە لەگەڵ ‏رەگی گوڵەكان قسە دەكات رەنج سەنگاوی بە پیاوی گوڵەكە لە ‏بەرنامەكەدا دەیناسێنێ‌، ئەو كە بازرگان ‌و وەبەرهێنەری بواری گوڵە، ‏خەفت بۆ ئەوەش دەخوات، لە هەرێمی كوردستاندا وەبەرهێنان  ‌و ‏كاركردن لە گوڵی سروشتیدا زۆر كەمە، هەر بۆیە تەنیا لە رۆژی ‏خۆشەویسی 14ی مانگی دووی ئەمساڵ، 9 ملیۆن دۆلار كوردستان ‏چووتە ئەفەریقا بۆ كڕینی گۆڵ. "گەر هاوكاریم بكرێت دەتوانم لە ‏ماوەی سێ‌ ساڵدا بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوڵ بەرهەمبهێنم" ئەوە ‏قسەیەكی دیكەی سدقی ئیبراهیم لەبەرنامەكەدا، هاوكات جەخت لەوە ‏دەكاتەوە، ئەگەر 100 هەزار مەتر زەوی كوردستان، بكرێتە گوڵەباخ ئەوا ‏پێداویستی هەموو عێراق لە گوڵەباخ دابیندەكەن، ئەو گوتیشی ‏‏"باشترین خاك ‌و كەشوهەوامان بۆ بەرهەمهێنانی گوڵ هەیە".‏
سدقی ئیبراهیم  ئەوەش دەخاتەڕوو، هیچ وڵاتێك نییە بتوانێ‌ هەموو ‏جۆری گوڵەكان بەرهەمبهێنێ‌، دەشڵێت "هۆڵەندا كە بەناوبانگە بە ‏گوڵ هەموو گوڵەكان بەرهەمناهێنێ‌".‏

باشترین جۆری بازرگانییە
سدقی ئیبراهیم، كە خاوەنی كۆمپانیایەكی گوڵ ‌و نەمام بوو ئاماژەی ‏بەوەدا ئیشكردن لە كاری گوڵدا باشترین جۆری بازرگانییە، سدقی ئیبراهیم شانازی بەوەش دەكات كە كورد یەكەم نەتەوە بووە لە ‏ئەشكەوتی شانەدەر بەبێ‌ هیچ ترسێك وەك جۆرە خۆراكێك گوڵی ‏خواردوە ئەمەش وەك ئەو گوتی "بەڵگەی ئەوەیە لەكۆنەوە باوانمان ‏مامەڵەیان لەگەڵ گوڵ كردوە".‏
سدقی ئیبراهیم جەختی لەوە كردوە بەرهەمهێنانی گوڵ هێندە كارێكی ‏قورس نییە تاوەكو نەتوانین ببینە وڵاتێك بۆ بەرهەمهێنی گوڵ ئەو ‏گوتی "ئێستا لە بەرهمهێنانی گۆڵدا ئەفریقا وەك هۆڵەندا بەناوبانگ ‏بووە، بۆیە دەكرێت ئێمەش ئەو هەنگاوە بنێن، لانی كەم دەتوانین ‏بەشی وڵاتی خۆمان بەرهەمان هەبێت لەكاتێكدا لە هیچمان كەم نییە ‏خاك ‌و ئاویش بەشی ئەوەمان هەیە، كەبتوانین ببینە بەرهەمهێنەری ‏گوڵ. پیاوی گوڵ، ئەوەشی ئاشكرا كرد وەبەرهێنانیان لە گوڵێكی ‏شاخدا كردوە ناویان ناوە (گوڵی زەنگوڵ) "ئەو گوڵە40 رۆژ لە ئاودا ‏دەمێنێتەوە". بەپێی لێكدانەوەكانی سدقی ئیبراهیم، مرۆڤ چاوی بە ‏گوڵ بكەوێت دڵی پێدەكەنێ‌، ئەو بەوەش دڵخۆشە كە دەستەی ‏وەبەرهێنان هاوكارێكی باشن بۆ ئەوەی سەرمایەداران لەو كەرتەدا ‏وەبەرهێنان بكەن. لە كۆتایی قسەكانی سدقی ئیبراهیم  ئومێدی ‏خواست، وەبەرهێنان لەبواری گوڵ زۆر بكرێت هەروەك گوتی "ئەگەر ‏ئەوە كرا بەدڵنیاییەوە نرخیشی زۆر هەرزان دەبێت"‏

ساڵی 22 ملیۆن دۆلار بۆ كڕینی نەمام ‌و دار
هەڵكەوت دووكانی، بەڕێوەبەری گشتیی باخداری ‌و دارستان ‌و پاوان لە ‏وەزارەتی ‏كشتوكاڵ وەك میوانێكی بەرنامەكە دەستخۆشی لە ‏هەڵبژاردنی مژاری بەرنامەكە كرد و وەك  پرسێكی هەستیار پێناسەی ‏كرد، چونكە وەك دەڵێت "ساڵی 22 ملیۆن دۆلاری كوردستان دەچێتە ‏درەوە بۆ كڕینی نەمام ‌و داری جوانكاری، ئەو ژمارەیەش لەوەوە ‏هاتووە لە پێنج ساڵدا 56 ملیۆن نەمام ‌و داری زینەمان هاوردەی ‏هەرێمی كوردستان كردوە".‏
هەڵكەوت دووكانی جەخت لەوە دەكاتەوە، پسپۆڕی گوڵ ‌و داری زینە ‏هیچی لە پسپۆڕی پزیشكی كەمتر نییە وەك ئەو بوارە گرنگە، ئەوەشی ‏روونكردەوەكە لە چەند ناوچەیەكی كوردستان بەرهەمهێنانی گوڵ ‏دەستیپێكردوە. ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە ئەوەش ناشارێتەوە لەو 30 ‏نەمامگەی وەزارەتی كشتوكاڵ هەیەتی، نەیاتوانیوە وەكو پێویست ‏سوودی لێببینن ئەو گوتی  "30 نەمامگەی حكومی هەیە ناتوانین ‏بیاندەینە كرێ‌، ناشتوانین وەكو پێویست كاریان تێدا بكەین ئەمەش ‏پەیوەندی بە كەمی مووچە ‌و خانەنشین بوونی بەشێك لە ‏فەرمانبەرانەوە هەیە، جگەلەوە لە بۆنە‌و پشووەكاندا ناتوانین ئاگامان ‏لە نەمامگە حكومییەكان بێت، چونکە‌ فەرمانبەر مافی وەرگرتنی پشووی ‏هەیە". لەگەڵ هەموو ئەو گرفتانەشدا هەڵكەوت دووكانی ئەوەی ‏خستەڕوو، 50 دۆنم زەوییان لە كەسنەزانی نزیك هەولێر كردوە بە ‏زیتوون لە سەر‌وچاوە ‌و دهۆكیش بە هەمان شێوە پڕۆژەی هاوشێوەی ‏ئەوەیان هەیە، ئەو گوتیشی "20هەزار نەمامی زەیتوان لە دۆڵپەی نزیك ‏هەولێر دەچێنین تاوەكو ئێستا 11 هەزاریمان چاندوە".‏

وەبەرهێنانی كشتوكاڵی 2% بۆ 10% بەرز بووەتەوە‏
نوێنەرەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ ئەوەشی ئاشكرا كرد، وەبەرهێنانی ‏بواری كشتوكاڵی لە 2% بۆ 10% بەرز بووەتەوە، ئەوەشی بە ‏هەنگاوێكی گەورە پێناسە كرد ‌و گووتیشی "ئێمە وەك وەزارەت ‏دەخوازین وەبەرهێنان لە كەرتی كشتوكاڵ زۆر بێت، دەرگامان بۆ ‏هەموو ئەوانە ئاوەڵایە كە وەبەرهێنان لە بوارێكی كشتوكاڵی دەكەن.
هەندێ‌ داری وەك مزەرەمنییەكان، زەیتوون، خورما ‌و واشنتۆنیا ‏هاوردەكردنیان قەدەخەیە، بەڵام لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا ‏بەشێوەیەكی بەرچاو بوونیان هەیە، ئەگەر تێبینی بكەیبن لە بەشێكی ‏شەقامەكان داری واشنتۆنیا وەك دارێكی جوانكاری روونراون، بەڵام ‏هەڵكەوت دووكانی رەتی دەكاتەوە، ئەوان مۆڵەتی هاوردەكردنی ئەو ‏جۆرە دارانە بدەن كە هاوردەكردنیان بەپێی یاسا قەدەخەیە و دەشڵێت ‏‏"ئەو دارە قەدەخەكراوانە جا داری خورمایە ‌و زەیتوون ‌و واشنتۆنیا یە ‏یاخوود مزرەمەنییەكانە بەهیچ جۆرێك ئێمە مۆڵەتی هاوردەكردنیمان ‏نەداوە". لەبارەی هۆكاری قەدەخەكردنیان نوێنەرەكەی وەزارەتی ‏كشتوكاڵ ئەوەی روونكردەوە، "بەهۆكاری ئەوە دەبنە هۆی گواستنەوەی ‏نەخۆشی هاوردەكردنیان بەپێی یاساكانی عێراق قەدەخە كراوە".‏
لە كۆتایی قسەكانی هەڵكەوت دووكانی ئەوەی خستەڕوو هەر كەسێك لە بوار گوڵ ‌و نەمام ‌و داری جوانكاری كار بكات، هەموو جۆرە  ‏ئاسنكارییەكی بۆ دەكەن ‌و گوتیشی "با سەرمایەداران ئەوە بزانن ‏ملیۆنێك دۆلار لەم كەرتدا خەرج بكەن، سێ‌ ملیۆن دۆلار وەردەگرنەوە، ‏داوا لە خاوەن نەمامگەكانیش دەكەن، بۆ فراوانكردنی كارەكانیان ‏چاوەڕێی هیچ لایەك نەكەن خۆیان زەوی بكڕن".‏

گوڵێك لە قەبارەی دەموچاوی مرۆڤ گەورەتر
‏"گوڵێكمان بۆ سلێمانی هێناوە لە قەبارەی دەمو‌چاوی مرۆڤ ‏گەورەترە". دانا عەبدولقادر، خاوەنی نەمامگە لە سلێمانی بەو جۆرە ‏دەستی بەقسەكانی كرد و گوتی "بازرگانی تۆوی گوڵ لە بازرگانی نەوت كەمتر نییە، ئەم كەرتە هیچی كەمتر نییە لە نەوت، بەڵام رێكخستنێكی باشی ‏دەوێت". گرفتی هەرە گەورەی خاوەن نەمامگەكان نەبوونی زەوی ‏پێویستە بۆ فراوانكردنی كارەكانیان دانا عەبدولقادر لەوبارەیەوە ‏دەڵێت "ئەگەر حكومەت بودجەی نییە خۆ زەوی هەیە پێمان بدات ‌و ‏بیكەینە نەمامگە". گواستنەوەی نەخۆشی لە رێگای رووكی هاوردە ‏یەكێكە لە گرفتەكانی خاوەن نەمامگەكان ئەو خاوەن نەمامگەیەی ‏سلێمانی ئەوە ناشارێتەوە كە زۆرجا لە رێگای رووەكی هاوردە نەخۆشی ‏كشتوكاڵی بۆ هەرێمی كوردستان گواستراوەتەوە، ئەو دەڵێت "لە ئێران ‏‌و سووریاوە نەخۆشی رووكمان لە رێگای گڵەوە بۆ دێت، بۆیە دەبێت ‏وردبینی لەوبارەیەوە باشتر بكرێت".‏
بەپێتی ‌و زۆری خاكی هەرێمی كوردستان بۆ بەرهەمهێنانی گوڵ ‌و ‏نەمام ‌و داری جوانكاری شتێكی شاراوە نییە، لەوبارەیەوە دانا ‏عەبدولقادر بەنموونە باسی وڵاتی هۆڵەندا دەكات، كە بەناوبانگە بەگوڵ، ‏لەكاتێكدا خاكی كەم، "بەڵام ئێمە لە كوردستان خاكی ‏بەكارنەهاتوومان زۆرە، بۆیە دەكرێت بۆ بەرهمهێنانی گوڵ لە هۆڵەندا ‏باشتر بین". خاوەن نەمامگەكان بەپێی توانای خۆیان هەوڵی ئەوە ‏دەدەن كە نوێگەری لە ئیشوكارەكانیاندا بكەن، دانا عەبدولقادر یش ‏وەك خاوەن نەمامگەیەك هەوڵێكی لەو جۆرەی هەبووە ئەو دەڵێت ‏‏"بەرهەمهێنانمان لە گوڵی نازنازی كێویدا كردوە، جگەلەوە لە ‏‏2014دا 65 رەنگی جیاوازی گوڵمان هێنا وەبەرهێنانمان تێدا كرد".‏

زەوی بۆ نەمامگە دابەشكراوە كراوەتە قومارخانە
كاروان مەجید، خاوەنی نەمامگە لە دهۆك وەك یەكێك لە میوانەكانی ‏بەرنامەكە باسی لەوە كرد، لە سنووری دهۆك 80 پارچە زەوی دراوەتە ‏ئەندازیارانی كشتوكاڵی تاوەكو بیكەنە نەمامگە ‌و وەبەرهێنان لەو ‏بوارەدا بكەن، بەڵام زۆرینەی ئەوانە فرۆشراونەتەوە و وەكو پێویست ‏سوودیان لێنەبینراوە، كاروان مەجید دەڵێت "لە دهۆك نزیكەی ‏‏10 نەمامگەی فیعلی ماوەتەوە، ئەوانی دیكە بوونەتە باخی تایبەتی ‏تەنانەت پێشتر نەمامگە هەبووە كرابووە قومارخانە".‏
ئەو خاوەن نەمامگەیە ئەوەش دەخاتەڕوو، 60% نەمامگەكانی دهۆك لە ‏دەرەوە گوڵ ‌و نەمام دەهێنن ئەو گوتی "من وەك خۆم 30% ‏نەمامگەكەم بەرهەمی خۆمە ئەوانی دیكە هاوردەیە نەمامگەكانی ‏دیكەش هەر بەو جۆرن".‏
ئەو خاوەن نەمامگەیە داواكارە حكومەت زەوییان بۆ دابین بكات، ‏تاوەكو پەرەی باشتر بەكارەكایان بدەن. كاروان مەجید دەشڵێت ‏‏"بەداخەوە هیچ جۆرە هاوكارییەك بۆ خاوەن نەمامگەكان نییە.
تەنانەت كە گوڵیش هاوردە دەكەین پارەیەكی زۆری گومرگمان ‏لێوەردەگرن، خەرجی بارێك گوڵ كە لە توركیاوە كە دێت نزیكی ‏‏5 هەزار دۆلارە، ئەوە وادەكات نرخی گوڵی سروشتی گران بێت".‏
لە كۆتایی قسەكانی خاوەن نەمامگەكەی دهۆك داوا دەكات بۆ ‏رێگریكردن لە هەموو پارەیەی دەچێتە دەرەوە بۆ كڕینی گوڵ ‌و نەمام، ‏حكومەت هاوكاری خاوەن نەمامگە نێوخۆییەكان بكات. ‏

40% خەڵك لە لە كڕین ‌و گوڵ ‌و نەمام دەخەڵەتێنرێن
زەردەشت عەبدولوەهاب كە وەك راوێژكارێكی بواری كشتوكاڵ ‏لەبەرنامەكەدا بەشداربوو، باسی لەوە كرد 40% خەڵك لە كڕین ‌و گوڵ ‌و ‏نەمام دەخەڵەتێنرێ،‌ ئەو گوتی "بەنموونە جۆرە دارێك یاخوود نەمامێك ‏بە خەڵكی دەفرۆشرێ‌ كە بۆ ژینگە كوردستان بەكەڵكە نایەت".‏
زەردەشت عەبدولوەهاب جەختی لەوە كردوە، كە ساڵانە پارەیەكی ‏زۆری خەڵكی دەچێتە دەرەوە بۆ كڕینی نەمام ‌و داری جوانكاری لەكاتێكدا ئەو شوێنانەی لە دەرەوە داریان لێدەكڕین ناوچەی چیاین، ‏زەردەشت عەبدولوەهاب دەڵێت "دەتوانین خۆشمان ئەو نەمام ‌و دارانە ‏بەرهەمبهێنین، چونكە ناوچەی دەشت ‌و چیایشیمان زۆرە كە ‏بەكارنەهاتووە، هەر بەنموونە لە مەسیف تاوەكو حاجی ئۆمەران ‏باشترین شوێنە بۆ بەرهمێنانی نەمام ‌و دار، بەراستی ناوچە ‏چیاییەكانمان بۆ بەرهمهێنانی دار ‌و گوڵ وەك زێڕە، ئێمە زەوی ‌و ئاو ‏هەوا ‌و تەنانەت گەرماكەشمان بەسوود بۆ بەرهمهێنانی دار ‌و گوڵ".‏
زەردەشت عەبدولوەهاب لە خەمی ئەوەشدایە ئەو دار ‌و نەمامانەی كە دێت ‏لە سنوورەكانەوە، ستافی شارەزا لێنییە تاوەكو پشكنینی تەواویان بۆ ‏بكات، ئەو دەڵێت "هەموو جۆرە رووكێك دەكرێ‌ نەخۆشی بگوازێتەوە".‏
گرفتێكی دیكە كە زەردەشت عەبدولوەهاب باسی كرد‎،‎‏ وشكبوونی ‏بەشێك لە داری خاباتەكانە بەهۆی كەم ئاوی ئەو دەڵێت "بەهۆی ‏كەمی ئاو بەشێك لە داری خاباتەكان دەمرن، كەس نییە بەدواداچوون ‏بۆ ئەو پرسە گرنگە بكات".‏
بەپێچەوانەی بەڕێوەبەرە گشتییەكەی وەزارت، زەردەشت عەبدولوەهاب ‏لەو بڕوایەدایە داری زەیتوون ‌و واشنتۆنیا بە رەزامەندی وەزارەتی ‏كشتوكاڵ هاوردە دەكرێن. شارەزاكەی بواری كشتوكاڵ دەشپرسێ‌ لە ‏چوونە دەرەوەی ئەو هەموو پارەیە، بۆ كڕینی نەمام ‌و گوڵی سروشتی ‏رۆڵی وەزارەتی كشتوكاڵ چییە؟ ئەو داوا لە وەبەرهێنەرانییش دەكات، ‏رووبكەنە بەرهەمهێنانی روەك ‌و گوڵ، چونكە لەوە دڵنیایە قازانجێكی زۆر ‏دەكەن. زەردەشت عەبدولوەهاب دەڵێت "كشتوكاڵكردن هەر گەنم ‌و ‏جۆ، خەیار ‌و تەماتە نییە، رووكی جوان ‌و گوڵیشە، ئەگەر دەڵێن ‏كێشەی كەم ئاوی هەیە خۆ دەكرێت، لە نزیك ئاوی زێیەكان پڕۆژەی ‏بەخێوكردن رووك ‌و گوڵ بكرێت".‏


‏ئەم بەرنامەیە شەوی 23-03-2025 پێشكەش كراو میوانە ‏سەركییەكانیش پێكهاتبوون لە
‏- هەڵكەوت دووكانی، بەڕێوەبەری گشتیی باخداری ‌و دارستان ‌و پاوان ‏لە وەزارەتی ‏كشتوكاڵ
- سدقی ئیبراهیم، خاوەنی كۆمپانیایەكی گوڵ ‌و نەمام
 ‏‏- كاروان مەجید، خاوەنی نەمامگە لە دهۆك
- زەردەشت عەبدولوەهاب، راوێژكاری كشتوكاڵی ‌و هەڵگری ‏بڕوانامەی ‏‏ماستەر ‏لەبواری ‏‏نەخۆشییەكانی رووك ‏
‏- دانا عەبدولقادر، خاوەنی نەمامگە لە سلێمانی