هێشتا ماویەتی - ئۆپۆزیسیۆن سێبەری دەسەڵات
هەڤاڵ ئەبوبەکر
٦٥%ی پۆستەکانی ئیدارەی سلێمانی لە دەست ئۆپۆزیسیۆن دایە
بۆچی زۆرترین ئەندامانی سەرکەوتوو لە هێزی ئۆپۆزسیۆن لە سلێمانین؟
هیڤیدار ئەحمەد
گرێیەکانی بەردەم پێکهێنانی کابینەی دەیەم تووندتر بوون، رەنگە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەشێکی ئەو گرێیانە بکاتەوە، ئەگەر بڕیاریان دا ببن بەشێک لە دەسەڵات. ئێستا ٣٠%ی هێزی پەرلەمان لە خولی شەشەم ئۆپۆزیسیۆنە. نەوەی نوێ زۆرترین ئەندامی هەیە ئەگەر ببێت بە ئۆپۆزسیۆن، ١٥ ئەندامیان دەبێت. نرخی کورسییەکانی نەوەی نوێ بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم کاتێ لەگەڵ یەکێتی رێککەوتن بکات و پارتی لە هاوکێشەکەیدا نەبێت یەکسانە بە هیچ، بەڵام ئەگەر لەگەڵ پارتی رێککەوتن بکات نرخی کورسییەکانی دەگاتە ١٠٠%. ئەمە ئەو گریمانەیە ئەگەر حکومەتێک پێکبێت، یەکێک لە دوو هێزە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان (پارتی و یەکێتی) لەدەرەوەی حکومەت بمێنن.
بەرپرسێکی باڵای نەوەی نوێ دەڵێت (ئەگەر لەگەڵ پارتی رێککەوتین بۆ پێکهێنانی حکومەت، یەکێتی هەڕەشە لە ئێمە بکات، ئێمە بێ کەس نین).
ئەلقەی ئەمجارەی بەرنامەی (هێشتا ماویەتی) کەلەلایەن رۆژنامەڤانی تۆڕی میدیای رووداو، هیڤیدار ئەحمەد پێشکەش دەکرێت، لەسەر هێز و سەنگی ئۆپۆزیسیۆنە لەهەرێمی کوردستان.
دەقی بەرنامە:
بارودۆخی نوێی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، ئێمەی بردە سلێمانی. لەم شارەدا، ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وێنەیەکی جیاوازی نیشان دا، دەنگی ئۆپۆزیسیۆن بە شێوەیەکی بەرچاو بەهێز بوو.
بۆچی سلێمانی؟
زۆربەی ئەو بەربژێرانەی وەک ئۆپۆزیسیۆن سەرکەوتن، لە سلێمانییەوە دێنە پەرلەمان. ئەمە تەنیا هەڵبژاردنێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو دەربڕینی دەنگێکی جیاواز بوو، دەنگێک دەیەوێت لە رێگەی ئۆپۆزیسیۆنەوە لە پەرلەمان بگاتە گوێی هەمووان.
سیاسەت لە سلێمانی، جیاوازە، شوێنی لێدانی دڵی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە، ئێستا لە خاڵێکی وەرچەرخاندایە.
دەنگی ئۆپۆزیسیۆن ئێستا حیسابی بۆ دەکرێت، زۆرترین قسە لەسەر نەوەی نوێ دەکرێت.
ئێستا بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم تەنیا سێ بژاردە هەن، لەو سێ بژاردەیە دەردەکەوێت کام لایەن حوکم دەکات و کام لایەن دەبنە دەنگی بەهێزی ئۆپۆزیسیۆن؟
هێزی ئۆپۆزیسیۆن لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان
ئەوانەی لەوانەیە پێکەوە حکومەت پێکبێنن
پارتی ٣٩ کورسی
یەکێتی ٢٣ کورسی
پێکهاتەکان ٥ کورسی
هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان ١ کورسی
کۆی گشتی : ٦٨ کورسی
گرەوکردن لەسەر کورسی دوو هێزی دیکەش هەیە بو هاتنیان بو نێو حکومەت، ئەویش نەوەی نوێ و بەرەی گەل.
ئەوانەی ١٠٠% دەبنە هێزی ئۆپۆزیسیۆن
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان: ٧ کورسی
رەوتی هەڵویست: ٤ کورسی
نەوەی نوێ: ١٥ کورسی.
چیرۆکی نەوەی نوێ جیاوازە، دەیەوێ لە قۆناخی یەکەم دا گفتوگۆ لەگەڵ پارتی بە پلە یەک و دواتر یەکێتی لەسەر چوونە نێو حکومەت بکات، دواتر وەک هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن بمێنێتەوە.
نەوەی نوێ بە داواکاری زۆرەوە دەچیتە نێو گفتوگۆ، بە شێوەیەک دەڵێت یان ١٠٠ یان سفر.
کاتێک داواکانی ئەم هێزە جێبەجێ ناکرێن وەک بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک وەزیران یان تەواوی وەزیرەکان و سەرۆکی پەرلەمان، یان تەواوی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، دەگەڕێتەوەو قسە بۆ لایەنگرانی دەکات، ئەوەی داوامان کرد بەدەست نەهات، ئێمەش بە کەمتر رازی نەبووین. بەمەش سوودێکی باشی لێوەردەگرێت ۆو بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە لە مانگی ١٠ی ساڵی داهاتوو بکرێت.
ئاڵنگاری گەورەی بەردەم نەوەی نوێ، دووبارەنەبوونەوەی پەرتبوونی فراکسیۆنەکەیانە لە پەرلەمان وەک خولی پێنجەم. لەلایەن لایەنەکانی دیکەوە گرەوی زۆر لەسەر ئەم ئاڵنگارییە دەکرێت.
کۆمەڵی دادگەری کێشەکەی لە هەموویان گەورەترە
بڕیاریان داوە لە دەرەوەی پەرلەمان ببنە ئۆپۆزیسیۆن، ناچنە پەرلەمان .
قسە هەیە بڕیارەکە بگۆڕن و بگەڕێنەوە.
ئەی ئەگەر گەڕانەوە وەک هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن دەمێننەوە، یان دەچنە نێو دەسەڵات؟ ئەمەش ئاڵنگارییەکی دیکەیە لەبەردەم کۆمەڵی دادگەری!
پارتی قسەی لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری کردووە، پرسیاریان لێکردووە، ئەرێ ئەم بڕیارەی کۆمەڵ داویەتی، دەرفەتی ئەوەی هەیە قسەی لەسەر بکرێت و بگۆڕدرێت؟
لەنێو ئەندام و لایەنگرانی کۆمەڵی دادگەری دا قسەیەکی وا دەکرێت، کە پێویستە بگەڕێنەوە بۆ نێو پرۆسەی سیاسی، تاوەکو ئێستا بڕیارەکە گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە.
بزووتنەوەی گۆڕان
بزووتنەوەی گۆڕان ٩٦%ی هێزی خۆی لەدەستداوە، لە ٢٥ کورسییەوە دابەزیوە بو یەک کورسی و بوونەتە ئۆپۆزیسیۆن.
بەرەی گەل، کە لاهوور شێخ جەنگی سەرۆکایەتی دەکات، ٢ کورسییان هەیە، هێشتا هیچ بڕیاری یەکلاییکەرەوەیان دیار نییە، کە ئۆپۆزیسیۆن دەبن یان دەچنە نێو حکومەتەوە.
ئێستا نەخشەکە باشتر روونبووەتەوە کە کێ دەچیتە دەسەڵات و کێ دەبیتە ئۆپۆزیسیۆن.
کورسییەکانی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن
نەوەی نوێ ١٥ کورسی
یەکگرتووی ئیسلامی ٧ کورسی
رەوتی هەڵویست ٤ کورسی
بزووتنەوەی گۆڕان ١ کورسی
ئەگەر کۆمەڵی دادگەری هەژمار بکەین ٣ کورسی
کۆی گشتی ٣٠ کورسی، نزیکەی ٥٧%ی ئەندامانی سەرکەوتوو بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە سلێمانین.
دوو گریمانە بۆ پێکهێنانی حکومەت باس دەکەین کە نەوەی نوێ تێیدا بێت:
گریمانەی یەکەم:
یەکێتی ٢٣
٢ کورسی پێکهاتەی سلێمانی
لەگەڵ ١٥ کورسی نەوەی نوێ
هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان ١ کورسی
هەمووی دەکاتە ٤١ کورسی
هێشتا ١٠ کورسی پێویستە بۆ ئەوەی بگاتە ٥٠+١ بۆ پێکهێنانی کابینەی ١٠یەم.
گریمانەی دووەم:
پارتی ٣٩ کورسی
٣ کورسی پێکهاتەکانی هەولێر و دهۆک
١ کورسی هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان
١٥ کورسی نەوەی نوێ
هەمووی دەکاتە ٥٨ کورسی
ئەم ژمارەیە بە زیادەوە بەشی پێکهێنانی کابینەی ١٠یەم دەکەن.
ئەوەی من لە سلێمانی بیستوومە، زۆر ئەستەمە هێزێک پێگەی سەرەکی لە سلێمانی بێت، بەبێ یەکێتی و پێش یەکێتی لەگەڵ پارتی رێککەوێت.
بەرپرسێکی باڵای نەوەی نوێ بە ئێمەی گوت :بەهیچ شێوەیەک لەژێر هەژموونی یەکێتی نین و نابین، نە سەرچاوەی داهاتی ئێمە لەدەست یەکێتییە، نە لە یەکێتی جیابووینەتەوە تاوەکو هەڕەشە لە ئێمە بکات و نە بێکەسین!
کاتێک دەچیە نێو کۆڵانەکانی سلێمانی، شارێک دەبینیت کە رەنگی ژیانی تێدا فرەچەشنە. لە هەر گۆشەیەکی ئەم شارەدا، دەتوانیت گوێ لە دەنگی خەڵکێک بێت، خوێندنەوە بۆ رووداوەکان دەکەن، لە قاوەخانە کلاسیکییەکانەوە تا دوکان و بازاڕە قەرەباڵغەکان.
لەگەڵ دانیشتوانی شار قسەمانکرد، وێنەیەکی روونتر دەردەکەوێت. خەڵکی سلێمانی، ئەمجارە بڕیارێکی جیاوازیان داوە. دەیانەوێت لەم دۆخە تێبپەڕێنین، دەڵێن کاتی ئەوە هاتووە بەرگێکی نوێ بکەینە بەر شارەکەمان.
کاتێک پرسیاری سەرەکیم کرد، بۆچی ئەمجارە دەنگی ئۆپۆزیسیۆن لە دەنگی دەسەڵات زۆرتر بوو؟ وەڵامەکان جیاواز و سەرنجڕاکێش بوون:
بەشێک لە خەڵک، بە گومانەوە باس لە ئۆپۆزیسیۆن دەکەن.
هەشبوو تا سەر ئێسقان پێداگیری لەسەر بەهێزی ئۆپپزیسیۆن دەکات لە سلێمانی.
هیڤیدار ئەحمەد: بوچی تاوەکو ئێستا خەڵکی سلێمانی دەنگ بە ئۆپۆزیسیۆن دەدات، هەمیشە زۆرترین دەنگ بە ئۆپۆزیسۆن دەدرێت؟
شێخ عادل (دانیشتووی سلێمانی لە بەردەم دەرکەی سەرا): خودا عەفۆ بکات مام جەلال، دەیگۆت، دەبێ رەخنە قبووڵ بکەی. ئەگەر رەخنەت لێ نەگیرێت ناتوانێ خوت دروست بکەی. بەس ئەوان حەز لە رەخنە ناکەن یەک کەس رەخنەیان بگرێت لێی دەدەن! لەبەر ئەوە ئۆپۆزیسیۆن لە سلێمانی زۆرە.
شێروان کەریم، دانیشتووی سلێمانی نزیک چایخانەی شەعب : خەڵکی ئەم شارە بووەتە سووتەمەنی بۆ ئەم دۆخە خراپانە، زۆرترین باج خەڵکی سلێمانی داویەتی.
شەمال بەهجەت، دانیشتووی سلێمانی نزیک چایخانەی شەعب: ئۆپۆزیسیۆنی چی! من هەر ئەمانم بە ئۆپۆزیسیۆن نییە، ئۆپۆزیسیۆن نییە لەم وڵاتە، درۆیە.
هیڤیدار ئەحمەد: ئەی لایەن هەیە دەڵێن ئۆپۆزیسیۆنین؟
شەمال بەهجەت: درۆیە و راست ناکەن.
هیڤیدار ئەحمەد: ئەوە نەوەی نوێ، یەکگرتوو، هەڵویست و کۆمەڵ هەموو ئۆپۆزیسیۆنن؟
شێروان کەریم: هیچم نەبینییە و راست ناکەن، هەموو دووکانی سیاسین!
هیڤیدار ئەحمەد: ناڕەحەت دەبن ئێوە ئەوها بڵێن؟
شەماڵ بەهجەت: من دەڵێم ئۆپۆزیسیۆن نییە لە کوردستان نییە، درووە، ئەوەی دەڵێ هەیە راست ناکات، بگرە هەر بوونی نییە.
هیڤیدار ئەحمەد: ئێوە زۆر تووند قسە دەکەن؟
شەماڵ بەهجەت: ئەی تۆ دەتەوێ بەناسکی قسە بکەین!
شێروان کەریم: لێرە لە سلێمانی ناسکە قسە نەماوە، ئێمە بوچۆنی خۆمان بە ئاشکرا دەردەبڕین و ترسمان نییە، بێمنەتین لێیان، (دیار نەبوو باسی کام لایەن و کەس دەکات) ئێوارە بابێن بمانکۆژن!
لە بازاڕی مەلیک مەحموودەوە تاوەکو گەڕەکە کۆنەکانی شار، خەڵکی سلێمانی بە نەبرەیەکی تووند قسە دەکەن
باوکی جووتیار، پیاوێکی خانەنشین تەمەنی لە حەفتا تێپەڕیوە، چەندین وەرزی سیاسی ئەم شارەی بینیوە، بە دەنگێکی جیاواز قسە دەکات. هۆشداری دەداتە نەوەی نوێ کە پلەو پۆست گرینگ نییە، پتمانەمان بە ئێوەکرد بو وەوە نییە کاکە گیان، بە کەیفی خۆتان بڕیار بدەن و بچنە نێو حکومەت.
هیڤیدار ئەحمەد: بوچی هەمیشە لە سلێمانی دەنگی ئۆپۆزیسیۆن زۆرترە، زۆرترین ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆن کە سەرکەوتوون بو پەرلەمانی کوردستان لە سلێمانییەوە هاتوون؟ ئەمجارە ١٧ ئەندامی پەرلەمان لە ئۆپۆزیسیۆن لە سلێمانیەوە هاتوون، بۆ؟
باوکی جووتیار: قسە بووت بکەم؟
هیڤیدار ئەحمەد: ئەرێ واللە..
باوکی جوتیار: ئۆپۆزیسیۆن ئێستا شاسوارە و شاسوار خەڵک دەنگی پێ داوەو ئەوە بە ئازایەتی و مەردایەتی خۆیەتی.
هیڤیدار ئەحمەد: ئەگەر چووە نێو حکومەت؟
باوکی جووتیار: ناچێت، ئەگەر بچێت وەکو بزووتنەوەی گۆڕانی لێ دێت. ١٥ کورسییەکەی نەوەی نوێ دەبیتە هیچ.
هیڤیدار ئەحمەد: بۆ پێ دەکەنی؟
هاورێیەکی باوکی جووتیار لەوێ دانیشتبوو: پێویستناکات قسە بکەم، قسەیەکی ئەو راستە، ئەرێ واللە ئەویش ئەوها بەسەری دێت.
باوکی جوتیار: ئەوا دوایین فورستە (بۆ شاسوار عەبدولواحید) ئەگەر بزانین کار ناکات، کەسێکی باش نابێت و ئەویش پارەخۆر دەبێت وەک گۆڕان، ئەویش دەدۆڕێنێت، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە و کەس نازانێ باش دەبێت یان خراب دەبێت، ئەلموهیم ئێستا ١٥ کورسی هەیە بزانین چیمان بۆ دەکات، چاوەڕێن.
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کاریگەری هەیە لەسەر پرۆسەی سیاسی، بە ئاشکرا و هەر زوو گوتی من ئۆپۆزیسیۆنم، بگرە خێریان لە ئۆپۆزیسیۆنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان وەرگرتووە، لە پێنج کورسی بووینەتە حەوت کورسی.
پرسیارم لە مستەفا عەبدوڵڵا کرد کە دەبێتە سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان، مەجالێک ماوە، بڕیارەکە بگۆڕن بۆ ئەوەی گفتوگۆیەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم گۆڕانکاری بەسەر نەخشەی هاوپەیمانەتیدا بێت؟
هیڤیدار ئەحمەد: بۆ بڕیارتاندا و زووش بڕیارتاندا ببن بە ئۆپۆزیسیۆن؟
مستەفا عەبدوڵڵا ، ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری یەکگرتوو، کاندیدی سەرکەوتوو بو پەرلەمان: هەڵسەنگاندنمان بو واقیعی کوردستان کرد، بو حیزبە حوکمڕانەکان کرد و پێمان وابوو شتێک نەگۆڕاوە، بۆیە پێمان وابوو، ئۆپۆزیسیۆن بۆ ئێمە خزمەتێکی باشترە بو هەرێمی کوردستان.
هیڤیدار ئەحمەد: بڕیاری کۆتاییە؟
مستەفا عەبدوڵڵا: بەڵێ.
هیڤیدار ئەحمەد: دەرفەتی راستکردنەوەی ئەو بڕیارە نییە؟
مستەفا عەبدوڵڵا: بە بڕواو کۆی ئەندامانی سەرکردایەتی ئەو بڕیارە دراوە، واتە بڕیارێکی قەتعییە.
هیڤیدار ئەحمەد: هیچ دەرفەت نییە؟
مستەفا عەبدوڵڵا: مەجالی نییە.
هیڤیدار ئەحمەد: بادینی دەڵێن (بات بەڕا ناچیت)؟
مستەفا عەبدوڵڵا: باش لە بەینییا ناچێت.
هیڤیدار ئەحمەد: ئێستا دیارە کێ ئۆپۆزیسیۆنە، جگە لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان؟
مستەفا عەبدوڵڵا: تاوەکو رێکارەکانی پێکهێنانی حکومەت دەست پێنەکات نازانین کێ ئۆپۆزیسیۆنە، بەڵام ئەوەی ئێمە یەکلای بووتەوەو تەواو بووە.
هیڤیدار ئەحمەد: یەکگرتووی ئۆپۆزیسیۆنی ئەمجارە چ جیاواز دەبێت لەگەڵ یەکگرتووی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان؟
مستەفا عەبدوڵڵا: ئێمە دژی ئەزموونی هەرێمی کوردستان نین و نەبووین، بەڵام دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارین، بەتەنیا بمێنینەوە وەک ئوپۆزیسیۆن هەر دەمینینەوە و بە ئەرکی خۆمان هەڵدەستین.
لە سلێمانی چوینە گردی زەرگەتە
ئەم گردە پازدە ساڵ لەمەوبەر، دروست لە ساڵی ٢٠٠٩دا، گۆڕەپانی لەدایکبوونی گەورەترین هێزی ئۆپۆزیسیۆنی کوردستان بوو، ئێستا لە بێدەنگییەکی قووڵدا نوقم بووە.
ئەوەندە کپ و بێدەنگە، وەک دەڵێن 'دەرزی هەڵبدەی دەنگی دێت'.
بزووتنەوەی گۆڕان پلانی ئەوە هەبوو لەم گردەوە سیستەمی حوکمڕانی بگۆڕێت، بەڵام خۆی لەناو سیستەمەکەدا بزر کرد.
هیڤیدار ئەحمەد: لەهەرێمی کوردستان ئۆپۆزیسیۆنی جددی لەم گردە (گردی زەرگەتە) دەستیپێکرد و بزووتنەوەی گۆڕان مۆمی ئۆپۆزیسیۆنی داگیرساند، بەڵام ئێستا مۆمەکەی گۆڕان بێ شەوق و بێ کاریگەرە، لە خەڵکی سلێمانیم پرسی بۆ؟ گوتیان سزاماندا و هێزێکی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنمان قیتکردەوە. لە دوایین. هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن ١٧ کورسیان بەدەست هێناوە لە سلێمانی و هێزە دەسەڵاتی ئەم شارە کە یەکێتیی نیشتیمانی کوردستانە ١٥ کورسیان بەدەست هێناوە.
مەبەستم بوو ووردتر، بە شێوەی ئەزموون بزانین ئەم هەموو هێزەی ئۆپۆزیسیۆن و ناڕازی دەنگی ناڕازی خەڵکی سلێمانی لە دەسەڵات، چی بە سلێمانی بەخشیوە؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە گرنگە، سەردانی پارێزگاری سلێمانیمان کرد ، کەسایەتییەک کە خۆی رێگایەکی سەرنجڕاکێشی بڕیوە: لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنەوە هاتووەتە ناو بازنەی دەسەڵات. ئێستا لە هەرەمی سەرەکی بەڕێوەبردنی سلێمانی دایە. دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، وەک کەسێک کە هەردوو دیوی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتی بینیوە، روانینی قووڵی هەیە بۆ ئەم دۆخە.
لە ژوورە تاریککراوەکەیدا، لە دانیشتنێکی تایبەتدا، پەردەی لەسەر راستییە شاراوەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە سلێمانی لادەدات. بە پێی ئامارە فەرمییەکان کە خستیە بەردەستمان، ٦٥٪ی سلێمانی وەک حوکم، واتە زۆرینەی سلێمانی لە ژێر کۆنترۆڵی راستەوخۆی یەکێتیدا نییە. ئەمە تەنها ژمارەیەک نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە هاوکێشەی هێز و دەسەڵاتی ناوچەکەدا.
هیڤیدار ئەحمەد: ئۆپۆزیسیۆن چی دا بە سلێمانی؟
هەڤاڵ ئەبو بەکر: وایکردووە بەردەوام تازەبوونەوە هەبێت، بۆ یەکەمجار ئاڵۆگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات لە ئێدارەی ئەم پارێزگایە کرا. لە کولتووری رابردوو تاوەکو سەردەمی ئێمە لە ٢٠١٤ تەنیا حکومەت لە هەولێر و بەغدا دەگۆڕان کە هەڵبژاردن دەکرا. بەڵام لە هەڵبژاردنی پارێزگاکاندا ئێستا ٦٥%ی پۆستەکانی سلێمانی لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی پێشوون.
هیڤیدار ئەحمەد: جیاوازی چییە لەنێوان ئۆپۆزیسیۆنی ئێستا سلێمانی کە زۆربەیان نەوەی نوێیە و پێشتر کە بزووتنەوەی گۆڕان بوو، ئێوەش لەنێو دابوون (نێو بزووتنەوەی گۆڕان)؟
هەڤاڵ ئەبو بەکر: بزووتنەوەی گۆڕان لە دۆخێکی جیاواز لە ئێستادا دروست بوو.... بەڵام ئەو دۆخەی ئێستا کە نەوەی نوێ تێیدا هەیە کە هێزێکی تازەیە زیاتر نەوەیەکی دیاریکراون گوزارشت لە خۆیانەوە دەکەن. کە شکستی ئەو دۆخەی بەسەر هێزە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆنەوە هاتوون دروستی کردووە. ئومێد دەکەم هەڵەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و هەدەپە دووبارە نەکەنەوە.
کاتێ لەسەر بزووتنەوەی گۆڕان پرسیار لە پارێزگاری سلێمانی دەکەم کە کۆڕی ئەم هێزە ئۆپۆزیسیۆنەبوو، هاتنەوەی نێو دەسەڵات گۆڕانی بەو دەردەبرد لە ٢٥ کورسییەوە ببێ بە یەک کورسی، یان هوکارێکی دیکە هەیە؟
هیڤیدار ئەحمەد: ئۆپۆزیسیۆن بووی، هاتییە دەسەڵات و بووی بە کەسی یەکەمی ئیدارەی پارێزگای سلێمانی، چی لە تۆ ستاند؟
هەڤاڵ ئەبو بەکر: حکومەت، لە قوناخی یەکەمدا ئەو متمانەی لە من سەند کە خەڵک بەمنی هەبوو، کە دێیە حکومەت پەیوەندی بەوە نییە لە ئۆپۆزیسیۆن بووی و لە شەقام بووی، گۆرزێکت بەردەکەوێت. ئەمە هەڵەیەکی ستراتیجی بوو، گۆڕان بەشێکی ئەو هەڵەیە بەردەکەوێت، لە جیاتی ئەوەی ئیستیهدافە کەسەکانی نێو دامەزراوە دەستوورییەکان بگرن، لە دامەزراوە دەستوورییەکان دا. باجێکی زۆرم دا، بەڵام وردە وردە لە کۆتاییدا ئەو متمانەیەم بەدەست هێنایەوە.
هیڤیدار ئەحمەد: ئەی بۆ گۆڕان خۆ ئەزموونی پێشتری حوکمڕانی هەبوو، بەشێک بوو لە یەکێتی، بەڵام توایەوە؟
هەڤاڵ ئەبو بەکر: دوو لایی و دوو بڕیاری خۆی وای لێکردم دەبوایە بەهەوو هێزی خۆی لەنێو حکومەتدا بێت و شانازی بکات و بوون بەو کچە پاکیزەیە کە بۆ سەلماندنی پاکیزەی خۆمان، خۆمان سوتاند. ئەرێ واللە. هێزەکانی دیکەش وای لێ دێن ئەگەر وریا نەبن.
کەسی یەکەمی ئیدارەی پارێزگای سلێمانی، ئەم جارە رووی قسەکانی بە تەواوەتی لە ئۆپۆزیسیۆنی سلێمانییە. باسی ئەزموونی خۆی لەنێو بزووتنەوەی گۆڕان و حکومەتدا کرد، بە ئۆپۆزیسیۆن دەڵێت بۆ کوێ دەچن؟ لە دەرەوەی حکومەت لەناودەچن.
هیڤیدار ئەحمەد: بە ئۆپۆزیسیۆن دەڵێ بچنە نێو حکومەت؟
هەڤاڵ ئەبوبەکر: بەڵێ، خزمەت لەنێو حکومەت دەکرێت، هەموو کەس دەتوانێت بێتە سەر شەقام بەتایبەت لە سلێمانی، ٥٠ کورسیش هەبێت لە دەرەوە بی، ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز نابی، چونکە هەموو جومگەکانی وڵات لەدەست لایەنی دەسەڵاتدایە، خەڵک دەبێ لەوە تبگات، یەکێتی و پارتی ئەوە ٣٣ ساڵێ حوکم دەکەن بۆ هەر یەکەم و دووەم؟ بۆ هێزێک کە خۆی بە پاک بزانێ بچیتە نێو حکومەت تەفروتونا دەبێت؟ ئەمە وەهمێکە بو خۆیان دروست کردووە و خۆیان لە بەرپرسیارەتی دوردەخەنەوە. دێنە نێو حکومەت و دەیانەوێ قاچێکی نوێنەرەکانیان لە ئۆپۆزیسیۆن بن ، ئەمە هەڵەکەیە کە نەهێیە حکومەت، مودێلی حکومڕانی لە کوێ پێشکەش دەکەی؟ مودێلی حوکمڕامی لە شەقام دروست نابێت.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، کەسێک کە خۆی رۆژێک لە سەنگەری ئۆپۆزیسیۆن بوو، ئەمڕۆ وەک پارێزگار، هۆشداری یان ئامۆژگاری دەداتە هاوڕێیانی دوێنێی... کە هەمان رێگا ئەو دەبڕن.
ئیدی سلێمانی و ئۆپۆزیسیۆن ، لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسسازدایە
دەسەڵات یان ئۆپۆزیسیۆن ؟
بهشی بكه لە