سالار عەزیز: سیاسەتڤان و دووەم پارێزگاری سلێمانی لەدوای راپەڕین (بەشی سێیەم)
01:00
سالار عەزیز: ئەو كاتەی پارێزگار بووم هەموو دەسەڵاتێكم هەبوو
08:00
سالار عەزیز: دەیان جار لەگەڵ بەکر عەلی دانیشتووم
14:30
سالار عەزیز: هەرکەسێک رازی نییە با بڕوات لە دادگە سکاڵا بکات
22:45
سالار عەزیز: ئەگەر میللەت بڕوای بە تۆ بوو، ئامادەیە هەموو شتێکت بۆ بکات
لەگەڵ ناوهێنانی سالار عەزیز، زۆرجار باسی كوشتنی بەكر عەلی شاعیریش دەكرێت. هەندێك تۆمەتباری دەكەن بە كوشتنی ئەو شاعیرە. بەکر عەلی لە رۆژی یەكی ئەیلوولی ساڵی 1994، لە خۆپیشاندانێكدا لە نزیك بینای پارێزگای سلێمانی كاتێك تەقە لە بەكر عەلی دەكرێت و دەكوژرێ، ئەو دەمە سالار عەزیز پارێزگاری سلێمانی دەبێت.
لەم بەشەی دیداری گفتوگۆی باڵۆن، سالار عەزیز رەتیدەكاتەوە كە ئەو بەكر عەلی كوشتبێت و چۆنێتی چیرۆكەكەش بە جۆرێكی دیكە دەگێڕێتەوە. بەپێی گێڕانەوەكانی سالار عەزیز بێت ئەو رۆژەی بەكر عەلی كوژراوە ئەو بۆ كارێك چووەتە دەرەوەی بینای پارێزگا "لەكاتی گەڕانەوە هەستم بە دۆخی نائاسایی كرد، بەڵام كاتێك پرسیارم كرد گوتیان هیچ نییە خۆپیشاندانێك بووە". دواتر لە رێگەی هاتنی نوێنەری كەناڵێكی راگەیاندن بۆی دەردەكەوێت، كەسێك كوژراوە بەناوی بەكر عەلی. سالار عەزیز دەڵێت "بەشەرەفم هەر نەمزانیوە شاعیریش بووە، یان لەگەڵ حیزبی كۆمەنیست كاری كردووە".
ئەم میوانەی بەرنامەی گفتوگۆی باڵۆن جەخت لەوە دەكاتەوە "لە هەموو ئەوانەی شین بۆ بەكر عەلی دەكەن زیاتر رووداوەكەی پێناخۆشە بوو". بەبڕوای ئەو، كەسانێك نان و پیاز بەو رووداوەوە دەخۆن و بۆ مەبەستی سیاسی بەكاریدەهێنن. "دەیان جار لەگەڵ بەكر عەلی دانیشتووم، بەڵام نەمزانیوە شاعیرە، بەشەرەفم نەشمزانیوە لەگەڵ حیزبی كۆمەنیست كاری دەكرد". ئەو دەمە بەكر عەلی وەكو نوێنەرێكی دانیشتووانی ئەو كاتەی حامیەی سلێمانی كە ئێستا كراوەتە پاركی ئازادی لەگەڵ سالار عەزیز بۆ چارەسەری گرفتەكانیان كۆبووەتەوە، سالار عەزیز دەڵێت "لەگەڵ بەكر عەلی رێككەوتنین لەلای راپەڕین جێگایەكەمان بۆ دۆزینەوە بۆ ئەوەی بیكەنە خانۆچكەیەك".
بەپێی قسەكانی سالار عەزیز بێت، دوای لێكۆڵینەوەكانی لەو كوشتنە بۆی دەركەوتووە كارمەندێكی هێزە ئەمنییەكان "كە كوڕێكی 18بۆ 19ساڵی گەرمیان بووە تەقەی لە بەكر عەلی كردووە". لەدوای ناسینەوەی بكوژەكە رادەستی یاسا دەكرێت، بەڵام وەكو سالار عەزیز دەڵێت "دواتر رووداوەكانی 31ی ئابی بەسەردا هات نازانم ئەو بكوژە چی بەسەرهات". لە قسەكانی سالار عەزیز دەردەكەوێت كە بنەماڵەی بەكر عەلی قەرەبوو كرابێتنەوە "دوای ئەو رووداوە هەرچیم لە توانادابوو بۆ كەسوكاری بەكر عەلی كردم". سالار عەزیز سوورە لەسەر بێتاوانی خۆی لەو تۆمەتانەی رووبەڕووی دەکرێنەوە و دەڵێت "سكاڵای لەسەر هەموو ئەوانە تۆمار كردووە كە ئەویان بە كوشتنەكە تۆمەتبار كردووە".
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكە سالار عەزیز ئەوە رەتدەكاتەوە لە سەردەمی ئەودا خەڵك لەسەر بیروڕای سیاسی لەسەر كارەكەی دەركرابێت "با یەك كەس هەبێت بڵێ لەسەردەمی مندا لەسەر بیروڕای سیاسی دركراوم".
پرسیارێكی رەنج سەنگاوی، سالار عەزیز كەمێك تووڕە دەكات، كاتێك دەپرسێ ئەو كاتانەی پارێزگار بوویت هەڵسوكەوتت لەگەڵ فرۆشیارانی نێو بازاڕ توند بووە و شەقت لە عارەبانە هەڵداوە، سالار عەزیز دەڵێت "هەموو ئەو كارانەی كردوومن بەراوردی دەكەیت بەوەی كەسێك دەڵێت شەقی لە عارەبانە هەڵداوە؟ لەكاتێكدا هەر ئەو كاتانە شوێنم بۆ عارەبانچییەكان دانابوو كاسپی خۆیان بكەن، جگەلەوە رۆژی 200 بۆ 300 ژنی عەبا بەسەر دەهاتنە لام خواردنم بۆ پەیدا دەكردن و بۆیان دەگریام بۆ باسی ئەوان ناكرێت". لە گەرمەی ئەو گفتوگۆ توندەدا رەنج سەنگاوی گیتارێك دەداتە دەست میوانەكەی و پێیدەڵێت "دەمێكە وازت لە تفەنگ هێناوە با ئەم گیتارەت بدەمە دەست". ئەویش بە پێكەنینەوە وەریدەگرێ و دەڵێت "زۆر دەمێكیشە گیتارم لێنەداوە" سالار عەزیز داواكاری رەنج سەنگاوی بۆ گوتنی گۆرانییەك رەتدەكاتەوە، بەڵام وەك خۆی دەڵێت "زۆرم لەمێشكدایە بنووسم، بەڵام بڕوام بە نووسینیش نەماوە".
لە دوابەشی قسەكانی سالار عەزیز، باسی سەردەمی هاوڕێیەتی شەهید ئارام دەكات و بە كەسێكی قسە خۆش ناوی دەبات و دەڵێت "كاك ئارام قسە خۆش و هەمیشە دەم بەپێكەنین بوو''. رووداوێکی ئەو کاتەش دەگێڕێتەوە ''جارێك گەنجێك هاتبووە دەرەوە بۆ پێشمەرگایەتی، كاك ئارام پێیگوتبووە كاكە تۆ بۆ هاتوویتە دەرەوە؟ گەنجەگەش گوتبووی وەڵا قۆڵی كوردایەتیم لێهەڵكردووە، كاك ئارامیش پێی دەڵێت وەڵا كاكە ئێمە دەمێكە هەڵمانكردووە تۆ دایبەرەوە".
لە بەشێكی دیكەی قسەكانی سالار عەزیز ئاماژەبەوەش دەكات كاتێك كاك ئارام چووەتە ناوچەی قەرەداخ ئەو وەكو هاوڕێیەكی، زۆر پێداگری لەسەر ئەوە كردووە كە نەچێت "بە كاك ئارامم گوت مەچۆرەوە بۆ قەرەداخ وەڵا تیا دەچیت، بەڵام بەقسەی نەكردم هەتاوەكو وایلێهات".