سالار عەزیز: سیاسەتڤان و دووەم پارێزگاری سلێمانی لەدوای راپەڕین (بەشی دووەم)
03:00
سالار عەزیز: لە دوای راپەڕینەوە هیچ كێشەیەكم لەگەڵ كاك نەوشیروان نەبووە
08:00
سالار عەزیز: کاک نەوشیروان بەدزی ئێمەوە سەرکردایەتییەکی دیکەی دروستکرد
17:20
سالار عەزیز: ئەو یەکێتییەی جاران هەبوو ئەوەی ئێستا نییە
"بەیانییەك لە خەو هەڵساین، كاك نەوشیروان بەدزی ئێمەوە گۆڕانێكی دیكەی دروستكردبوو". سالار عەزیز سەركردەی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان لە بەشی دووەمی گفتوگۆی باڵۆن بەو جۆرە باس لە سەرەتاكانی ناكۆكییەكانیان دەكات لەنێو بزووتنەوەی گۆڕان، ئەو سەركردەیەی پێشووی گۆڕان باسی ئەوەش دەكات "ئەوەی نەوشیروان مستەفا بەرامبەر ئەوان كردویەتی، رەحمەتی مەلا مستەفای بارزانی، بە مەكتەبی سیاسی ئەو كاتەی نەكردوە، تەنانەت بەكاك نەوشیروانم گووت، ئەم دۆخە قبووڵ ناكەین، چونكە ئێمە خۆمان گۆڕانمان دروستكردووە".
سالار عەزیز ئەوەش دەخاتەڕوو، سەرباری ئەو دۆخەی بۆیان دروستكرا، ئەو لەگەڵ ئەوە بووە كە لە گردەكەی گۆڕان بمێننەوە، بەڵام برادەرەكانی بۆچوونیان جیاواز هەبووە و لەگەڵ مانەوە نەبوون، هەر بۆیە گۆڕان بەجێدەهێڵن و دەشڵێت "ئەزموونی نێو گۆڕان زۆرباش دەنووسینەوە، چونكە بۆ ئێمە وانەی زۆر باشی تێدایە".
سالار عەزیز باسی سەرەتاكانی كاركردنیان دەكات لە نێو بزوتنەوەی گۆڕان و دەڵێت "ئێمە لە گۆڕاندا شتێكمان دروست نەكردووە جیاواز بێت لە یەكێتی، كە مام جەلال دەهاتە گردەكە پێمان دەگووت دەست بە چاكسازی بكە، ئێمە پشتیوانیت لێدەكەین".
هەر بەپێی قسەی سالار عەزیز بێت، لە سەرەتاكانی دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئەوە نەبوون تەنانەت لیستی جیاوازیان لە بەرامبەر یەكێتیدا هەبێت "كاتی هەڵبژاردن دەمانگوت چۆن بە لیستی جیاواز دابەزین لەكاتێكدا ئێمە هەر یەكێتین، بەڵام هاتنی خەڵكی بە لێشاو بۆ گردەكە بووە هۆی ئەوەی ئێمە لیستی جیاوازمان هەبێت، رۆژ هەبووە هەزار كەس خۆی دەكرد بە گردەكەدا، ئەوەش بۆ ئێمە چاوەڕوان نەكراوبوو، ئەوە راستییەكە دەبێت بڵێین ئێمە لە گۆڕان هیچ بەرنامەیەكمان نەبوو، ئەو خەڵكە وای كرد گەورەببین".
سالار عەزیز بەداخیشە بۆ ئەو جەماوەرەی بێئومێد كران و گوتی "سەركردایەتی گۆڕان دەستبەرداری هەموو ئەو خەڵكە بوون، كە كاتی خۆی ببوونە گۆڕان، هەر بۆیە بەشێكی ئەو خەڵكانەش بوونەوە بە یەكێتی".
سالار عەزیز دان بەوەشدا دەنێت، كە راستە لە پێش راپەڕین گرفتی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا هەبووە، بەڵام لە دوای راپەڕین هیچ گرفتێكی لەگەڵی نەبووە، باشترین نموونەش ئەوە بووە كە چووەتە نێو بزووتنەوەی گۆڕان.
سالار عەزیز جەخت لەوە دەكاتەوە، ئەو هیچ كاتێك بۆ وەرگرتنی پلە و پۆست نەچووەتە نێو بزووتنەوەی گۆڕان "ئێمە لە نێو یەكێتی پلە و پۆستمان هەبوو، بەڵام كە دۆخەكەمان بەدڵ نەبوو، زانیمان كارەكان بەباشی ناڕوات، هەر بۆیە لە 2001 من و ملازم عومەر و قادر حاجی عەلی، بە مام جەلالمان گوت دەچینەوە ماڵەوە".
رەنج سەنگاوی پرسیاری ئەوەش لە میوانەكەی دەكات، ئەی ئێستا پشتیوانی چ حیزبێك دەكات؟ لە وەڵامدا سارلا عەزیز دەڵێت "ئێستا هیچ نیم و لەناو ماڵی خۆم دانیشتووم".
هەر لەم بەشەی بەرنامەكەدا سالار عەزیز كەمێك باسی ئەو سەردەمەش دەكات كە پارێزگاری سلێمانی بووە و ئەو كاتەش بە سەردەمێكی زەحمەت پێناسە دەكات و دەڵێت "حكومڕانی سەردەمی پارێزگاریی من زۆر قورسبوو، چونكە كەمترین بودجە هەبوو، بودجەی پارێزگا بەسێ مانگ جارێك 10 هەزار دۆلار بوو".