دکتۆر رێکەوت حەمە رەشید، وەزیری پێشووی تەندروستی
02:30
دكتۆر رێكەوت: خەڵکێکی زۆر حەزیان بە جوانکاریی لووتە
12:00
دكتۆر رێكەوت: گرنگە لە ئازاری نەخۆش تێبگەیت
13:20
دكتۆر رێكەوت: هەرگیز هەستم نەکردووە سەرۆکی حکومەت {نێچیرڤان بارزانی} لە حیزبێکی دیکەیە
لە كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی وەزیران لە كابینەی هەشت، عەبدولستار مەجید وەزیری ئەو كاتەی كشتوكاڵ، بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیران دەڵێت گرفتێكمان هەیە، ئێستا كە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمی نێوخۆیی تەماتە و خەیار و بەرهەمەكانی دیكەیە، بەرهەمی هاوشێوە لە دەرەوە زۆر دێت بۆیە پێویستە بەرهەمی دەرەكی باجێكی زۆری بخرێتەسەر بۆ ئەوەی بەرهەمی جووتیارانی نێوخۆ پارە بكات. وەزیرەكەی كۆمەڵەی دادگەری لیستێكیشی بەدەستەوە دەبێت كە دەیخوێنێتەوە و دەڵێت پێویستە ئەو تەماتەیەی لە دەرەوە دێت باجی 300% زیاد بكرێت و خەیار و بەرهەمەكانی دیكەش بەهەمان شێوە دەبێت باجیان زیاد بكرێت. لەو كاتەدا سەیرێكی وەزیری دارایی رێباز حەملان دەكات و دەڵێت "دەبێت وەزیری دارایی ئەو باجانە زیاد بكات". رێباز حەملانیش دەڵێت "جەنابی سەرۆكوەزیران ئەوەی مامۆستا داوای دەكات جێبەجێبكەین زەڵاتەیەكی خەیار و تەماتە پارەی قۆزییەكی تێدەچێت". ئەو قسەیە پێكەنینێكی زۆر لە كۆبوونەوەكەدا دروستدەكات. د. رێكەوت حەمەڕەشید ئەو یادگارییە لە باڵۆنەكەدا بۆ رەنج سەنگاوی.
د .رێكەوت جەخت لەوە دەكاتەوە لە كابینەی حەوت و هەشت كە وەزیر بووە هیچ كاتێك هەستی بەوە نەكردووە كە سەرۆكی حكومەت لە حیزبێكی دیكەیە و دەشڵێت كاك قوبادیش پەیوەندیی خۆی و كاك نێچیرڤانی هەمیشە بە ستراتیژی ناو دەبرد و دەیگوت هەرگیز نابێت ئەو پەیوەندییە تێكبچێت.
سەرەتای گفتوگۆی نێو باڵۆنەكە زیاتر باسی نەشتەرگەری لووت كرا، چونكە ئێستا د. رێكەوت سەروكاری لەگەڵ ئەوەدا هەیە رۆژانە لە شاری پزیشكی فارووق لە سلێمانی نەشتەرگەری تایبەت بۆ لووت دەكات، ئەو دەڵێت "ئێستا خەڵكێكی زۆر حەز بە نەشتەرگەری لووت دەكەن، رۆژانە خەڵك دێتە لامان داوای نەشتەرگەری دەكەن، بەڵام كە دەزانین پێویستی پێی نییە بۆی ناكەین.'' هەروەها دەڵێت دەبێت خەڵك لەوە تێبگات كاری سەرەکیی لووت بۆ هەناسەدانە نەك بۆ جوانی.
كاتێك باسەكە دێتە سەر لووتی كورد ئەو بۆچوونی وایە بە شێوەیەكی گشتی خراپ نییە و دەشڵێت "دوو جۆر لوت هەیە، لوتی ئێسقانی، ئەوە ئەگەر كێشەیەكیشی هەبێت چارەسەری ئاسانە، بەڵام لووتی گۆشتی وا نییە ئیش كردن تێیدا قورسە".
پێش ئەوەی ببێت بە وەزیر، د. رێكەوت خەمی لە ماوی زۆری نۆرەی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانە حكومییەكاندا خواردووە، هەر بۆیە لەگەڵ وەرگرتنی ئەو پۆستە ئەنجامدانی نەشتەرگەری نیمچە تایبەت لە نەخۆشخانە حكومییەكاندا دەخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەو جۆرەی نەخۆش 20% تێچوی نەشتەرگەری بدات و حكومەتیش 80% "ئەوە یەكێك بوو لە كارەكانم كە زۆر شانازی پێوە دەكەم، هەر ئەوەش بووە هۆكاری ئەوەی نۆرەی نەشتەرگەری ئەو ماوە زۆرە نەبێت.'' شانازییەکی دیکەی وەزیری پێشووی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان كردنەوەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی نەشتەرگەری سلێمانییە و دەڵێت زۆر شانازی پێوە دەکات.