هونەرمەند ناسر رەزازی - بەشی یەکەم

01 April 2024
هونەرمەند ناسر رەزازی - بەشی یەکەم

03:15
ناسر رەزازی: ماوەی 44 ساڵە شاری سنەم نەبینیوە
07:30
ناسر رەزازی: لە سووریا و تورکیا و عێراق و ئێران زیندان کراوم
11:30
ناسر رەزازی: من شاگردی شاگردی حەسەن زیرەکم
18:15
ناسر رەزازی: شانازیی ئەوەم هەیە لەگەڵ محەممەد ماملێ سێ جار گۆرانیم گوتووە

چل ‌و چوار ساڵە سنەی زێدی خۆی نەبینیوە، بۆیە ئومێد دەكات باڵۆنەكە ‏بڕوات تاوەكو ئاویاری شاری سنە نەوستێ‌. ژیانێکی پڕ لە ئازار بەشی ئەم هونەرمەندە بووە تاوەكو دەگاتە ئەوە كە بڵێ‌ "لەدوای حەسەن ‏زیرەك كەس بە هێندەی من بەدبەختی ‌و چارەڕەشی نەچێشتووە". ناسر رەزازی لە نێو گفتوگۆی باڵۆندا باسی وێستگەكانی ژیانی ‌و گەورە ‏هونەرمەدانی كورد ‌و چەندین پرسی جیاواز دەكات. ‏

ئەو لە 21 ساڵی تەمەنیدا یەكەمین ئاواز ‌و هۆنراوەی تایبەت بە گۆرانی ‏داناوە، گۆرانی (جا چۆن نەگریم نەناڵێنم) كە هونەرمەند لەیلای فەریقی ‏گوتوویەتی یەكەمین ئاواز ‌و هۆنراوەی ئەو گەورە هونەرمەندەی كورد بووە. ‏دواتر وەكو خۆی ئاماژەی پێدەكات بە گۆرانی شێوازی گەڕیان ‌و كاریگەری ‏گۆرانییەكانی برایانی زێ‌ زێ‌ دەستی بە گۆرانی گوتن كردووە.

لە تەمەنی 17 ساڵیدا، حەسەن زیرەكی گەورە ‏هونەرمەندی كورد لە بۆنەیەكدا دەبینی، بەڵام لەو بینینەی پەشیمانە ‌و ‏دەڵێت "حەسەن زیرەكم لە حاڵێكی زۆر ناخۆشدا بینی، كاتێك بینیم زۆر ‏نەخۆش بوو".‏ ناسری رەزایی بە شانازییەكی زۆرەوە باس لەوە دەكات كە لەگەڵ ‏محەممەدی ماملێ‌ لە سێ‌ دانیشتنی جیاوازدا پێكەوە گۆرانییان گوتووە. ‏جگەلەوە لەگەڵ تاهیر تۆفیق ‌و عەلی مەردان ‌و عەزیز شارۆخی ‌و حەمەجەزاش گۆرانی گوتووە. رەزایی ئەوەش دەخاتەڕوو تاوەكو ئێستا پێنج بەرگی بیرەوەییەكانی ‏نووسیوەتەوە، هاوكات باسی كەسایەتیەكیش دەكات كە هێندەی خۆی ‏شارەزایی گۆرانییەكانیەتی ‌و دەڵێت "جەمالی دەلاك لەخۆم زیاتر زانیاری ‏لەسەر گۆرانییەكانم هەیە."

بەبڕوای ئەو هونەرمەندە، خەڵكی كوردستان هێشتا گەورە ‏هونەرمەندی وەكو سەید عەلی ئەزغەریان بەباشی نەناسیوە، ئەو دەڵێت ‏‏"هێشتا خەڵك لە گەورەیی ئەو هونەرمەندە تێنەگەیشتوون، بەڕاستی وەكو ‏ئەوەی هەیە نەناسراوە."‏

ناسری رەزازی دەیگێڕێتەوە زیندانی هەر چوار پارچەكەی كوردستانی بینیوە. باسی رووداوێك دەكات كە دوای ئاهەنگێڕانێك لە باكووری ‏كوردستان دەستگیركراوە "نەگبەتی لەوەدا بوو كاتێك گیرام زۆرم ‏برسی بوو ماوەیەكی زۆریش هیچیان پێنەدانین، ئەوەش گرفتێكی دیكە بوو ‏بۆ من لەسەر‌و هەموو ئەوانەش زۆر ئەزیەتیان دام".‏

سەبارەت بە گوتنەوەی گۆرانی هونەرمەندانی دیكە بە كارێكی خراپی نازانێ‌ ‏بەتایبەت بۆ خۆدی خۆی، چونكە وەكو خۆی باسی دەكات گۆرانی هەر ‏هونەرمەندێكی گوتبێتەوە بە جۆرێكی وەها باش خوێندویەتی جێپەنجەی ‏خۆی بەسەرەوە جێهێشتووە. 

هەر لە بەشێكی دیكەی گفتوگۆی باڵۆندا، ناسڕی رەزازی باسی چۆنێتی ‏نەخۆشكەوتنی حەسەن زیرەكی هونەرمەند دەكات ‌و لەو بڕوایەدایە ئەو ‏هونەرمەندە دەرمان خوارد كرا بێت ‌و هەر ئەوەش هۆكاری مردنەكەی بێت ‏‏"لە ئاهەنگێكدا لە بانە حەسەن زیرەك سوپێك ‌و قەنداخێك دەخوات، دوای ‏ئەوە نەخۆش دەكەوێت ئیتر چاكنابێتەوە".‏