هونەرمەند ناسر رەزازی - بەشی دووەم

02 April 2024
هونەرمەند ناسر رەزازی - بەشی دووەم

03:00 – 06:00
باسی دڵنیا رەزازی کچی و پەیوەندیی لەگەڵیدا
12:30
ناسر رەزازی: گەورەترین راچەنینم تێکچوونی شۆڕشی کورد بوو بە سەرۆکایەتی بارزانی نەمر
16:25
ناسر رەزازی: یەکەمجار پەیوەندیم بە یەکێتیی نیشتمانییەوە کرد

ئەو کاتەی هێمنی شاعیر لە مهاباد دەژیا، رۆژێك لە كۆڵانێكی ئەو ‏شارە كوردنشینە چاوی بە ناسر رەزای دەكەوێت، وەكو رەزازی خۆی دەیگێڕێتەوە هێمن ‏‏"دەحەپەسێ‌"، بە تامەزرۆییەوە لە هۆكاری هاتنەكەی بۆ مەهاباد دەپرسێ‌، ‏ئەویش بۆی رووندەكاتەوە كە لەگەڵ مەرزیە بۆ ئاهەنگێك ‏چوونەتە ئەوێ‌. مامۆستا هێمن بە رەزازی دەڵێت "من كە هاتمە سنە یەكسەر ‏هاتمە ماڵە بە قوڕگیراوەكەی تۆ، تۆ چۆن لێریت تاوەكو ئێستا نەهاتووی بۆ لام؟" ‏ناسر رەزازی بەڵێنی پێدەدا سەردانی بكات، دەمە ‌و ئێوارە لەگەڵ مەرزیە ‏دەچنە ماڵیان. هەر بەپێی گێڕانەوەكانی ناسر رەزازی ‏كە لە بەشی دووەمی بەرنامەی گفتوگۆی باڵۆن دا باسی كرد، مامۆستا هیمن ‏دووجار لە شاری سنە چووەتە ماڵیان "جارێك لەلایەن پارێزگاری سنەوە ‏‏(ئیبراهیمی یونسی) دەعوەتیش كرابوو، بەڵام رەتیكردەوە پێیگوت دەچمە ‏ماڵی ئەو كوڕە گەنجە هونەرمەندە".

ناسر رەزازی ئاماژە بەوەش دەكات كە ماوەیەكی زۆر نەخۆش بووە، تەنانەت ‏گەیشتووەتە ئاستی وەسیەت كردنیش "ئەو ماوەیەی نەخۆش بووم پێنج مانگی ‏تەواو لە جێگەدا كەوتم، گەیشتمە ئەوەی وەسیەتیشم كرد". كاتێك رەنج سەنگاوی گەورەترین راچەنینی ‏ژیانی لێدەكات، رەزازی دەڵێت "رەنگە باوەڕنەكەن، بەڵام گەورەترین ‏راچەنینی رۆحی من ئەو رۆژە بوو كە شۆڕشی كورد بە سەرۆكایەتی بارزانی ‏نەمر تێچكچوو، من ئەو كاتە لە مەریوان بووم بە راستی بۆ من وەك مردن وابوو".‏

كاتێك دێتە سەر باسی نەوەكانی سوپاسی هەموویان دەكات، بەتایبەتی ناوی ماردینی كوڕی و دەشنێی بووكی دەهێنێ‌. كە دێتە ‏سەر باسی دڵنیا رەزازی، دەنگیی بە ناسك ‌و شیرین ‏‌و بەسۆز پێناسە دەكات، بەڵام ئەوەش ناشارێتەوە كە ئەو لەگەڵ دڵنیا زۆر کۆک نین، لە كۆتایی ‏قسەكانیشی پەیامێكی بۆ دەنێرێت دەڵێت "دڵە گیان كچەكەم، تۆ وا بیر ‏مەكەرەوە كە من تۆم خۆشناوێت، تۆ‌ و ماردین ‌و كاردۆ تەنانەت ‏هاوسەرەكانیشتان بۆ من جێگەی رێزن، ئێوە هیچ كامتان بۆ من جیاواز نین، ‏من یەكێكم لەویترتان خۆشتر ناوێت، ئێوە جەرگی منن، ئەوەندە دەتوانم ‏پێتبڵێم زۆر خۆشمدەوێیت ‌و ئەوەی پێمبكرێت بۆتی دەكەم". لەسەر داوای ‏رەنج سەنگاوی ئەو سۆزەی بە مەقامێكیش دەربڕی.‏

گرنگیدان بە وشەی كوردی ‌و راستكردنەوەی هەڵە باوەكانی زمان بووەتە ‏بەشێك لە ژیانی ناسر رەزازی، ئەو دەڵێت "وشەی دووبارە هیچ پەیوەندی ‏بە زمانی كوردییەوە نییە، پێویستە تەلەڤیزیۆنەكان لەجیاتی ئەوە بنووسن ‏دووپاتە". ‏لە كۆتایی قسەكانی لەم بەشەی گفتوگۆی باڵۆن رەزازی باسی لەوەش كرد ‏تاوەكوئێستا ئاوازی بۆ 180 گۆرانی خۆی داناوە ‌و 620 گۆرانییشی ‏گوتووە.‏