دادوەر ناز نووری
05:00
دادوەر ناز: لە خێزانێک گەورەبووم کە رێزی ئافرەتیان گرتووە
08:00-10:00
چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشی زیندانییەک
11:30
دادوەر ناز: دەستێوەردان لە دادگە لە 2007 و 2008 وردە وردە دەستیپێكرد
لە رۆژێكی ناوەڕاستی ساڵی 2008 وەكو سەرۆكی داواكاری گشتیی سلێمانی دەچێت بۆ نێو بەندینخانەی ئاسایشی سلێمانی و لەوێ لە دۆسیەی راگیراوەكان دەكۆڵێتەوە، راگیراوێك دەچێتە بەردەمی دەڵێ "من بە لێدان ئیعترافم پێكراوە، هەموو گیانم وەك بێژنگ شوێن سووتاوی جگێرەیە". بە نموونەش چەند شوێنێك لە قاچی پیشاندەدات كە جێگەی سووتاوی جگەرەیە. ئەوەی بۆ بەندییەكە جێگای سەرسوڕمان دەبێت، داواكارییەكی دادوەر نازە كاتێك پێی دەڵێت "دەتوانی شوێنەكانی دیكەی جەستەتم پیشان بدەیت بزانم وایە؟" زیندانییەكە چاوەڕێی پرسیارێكی لەو جۆرە نییە، بەتایبەت لەلایەن دادوەرێكی ژنەوە، بۆیە وەڵامەكەی نەخێر دەبێت. ''باشە ئەگەر لێرە شەرم دەكەیت، وەرە لە ژوورێكی دیكە شوێن سووتاوەییەكانمان پیشان بدە" دادوەر ناز ئەو پێشنیازەشی بۆ دەكات. بەڵام گەنجەکە هەر رەتیدەكاتەوە و دەڵێت "قەینا وازیلێبهێنە حەواڵە بە خوایان دەكەم". دادوەر ناز دەڵێت "زانیم راستناكات، وایهەستكرد ئەگەر ئەوە بڵێ ئەوە سۆزی من وەكو دادوەرێكی ژن رادەكێشێت، چاوەڕی ئەوەشی نەدەكرد من ئەو داواكارییەم هەبێت، بۆیە هیچ كاتێك ژن بوونم وەكو دادوەر وای لێنەكردم، بكەومە ژێر كاریگەی سۆز و بڕیارێكی هەڵە بدەم" ئەوە ئەو چیرۆكە بوو كە سەرۆكی پێشووتری داواكاری گشتیی سلێمانی، لە نێو باڵۆنەكەدا بۆ رەنج و بینەرەكانی رووداوی گێڕایەوە.
ئەو بە حەزێكی زۆرەوە كاتێك قۆناخی شەشی ئامادەیی تەواو دەكات، لە فۆڕمی پڕكردنەوەی بۆ چوونە زانكۆ تەنیا كۆلێژی یاسا دەنووسێت، ئەوەش لەژێر كاریگەری پورە گەلاوێژی بووە، كە یەكەم دادوەری ژن بووە لە سلێمانی، دواتر هەر لە بەشی یاسا وەردەگیرێت، دوای تەواوكردنی كۆلێژی یاسا لە 1988 دەبێتە پارێزەر، هەر ئەو كاتە لە چاوپێكەوتنێكی گۆڤاری رەنگین دا دەڵێت "بۆیە بوومەتە پارێزەر تاوەكو حەق بەسەر ناحەقدا سەربخەم". ئێستاش هەر ئەو ئاواتەی هەیە و دەڵێت "پێش ئەوەی بمرم حەز دەكەم ئەوە ببینم كە حەق بەسەر ناحەقدا سەركەوتووە". بەو هەموو حەزەوە بۆ یاسا و دادوەری و لە دوای وەرگرتنی چەندین پۆستی جیا لە بواری یاسا كە دواترینیان سەرۆكی داواكاری گشتیی سلێمانی بووە، دادوەر ناز نووری رۆژێك بڕیار دەدات واز لە هەموو كارێكی پەیوەست بە یاسا و دادوەری بهێنێت، بۆیە خۆی خانەنشین دەكات و دواتریش هەموو كتێبە یاساییەكانیشی دەسووتێنێت.
هۆكاری تووڕەبوونی لە یاسا و كاروباری دادوەری وەكو خۆی باسی دەكات زۆرن، سەرەكیترینیان دەستێوەردانە كاروباری دادگە و دەڵێت "دەستێوەردان لەكاروباری دادگا لە 2007 و 2008وە دەستیپێكرد و لە 2010 بەدواوە بەرفراوان بوو".
ئەو كاتەی مرۆڤەكان لە شتێك هەڵدێن، هەوڵدەدەن بە شتێكی دیكە قەرەبووی رۆژە تەنیاكانیان بكەنەوە، هەر بۆیە ناز نووری روو لە هونەری وێنەكێشان دەكات، لەوێشەوە بە جۆرێك لە جۆرەكان دەچێتەوە سەر كەلەپچە و قفڵ و كلیلەكانی زیندان "یادوەریم پڕە لە چیرۆكەكانی زیندان، مەبەستم بوو ئازارەكانی نێو زیندان بە تابلۆ باسبكەم".
بەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەی ناز نووری پەیوەستبوو بە كەسایەتی خۆی، وەكو خۆی دەیگێڕێتەوە لە خێزانێكدا گەورە بووە، كە حەزیان لەوە بووە ئافرەت هەست بە بوونی خۆی بكات و دەربكەوێت "لەگەڵ براكانم گەورەبووم و لەگەڵ ئەوان دەچوومە دەرەوە، بۆیە زیاتر هەڵسەكەوتێكی كوڕانەم هەبووە". كاتێك دێتە سەر باسی منداڵەكانیشی بە شانازییەوە ئەوە دەخاتەڕوو كە هەردوو كچەكەی پزیشكن و كوڕە تاقانەكەشی قوتابی كۆلێژی پزیشكییە.
تێكەڵاوبوونی بە دنیای وێنەكێشان و زۆربوونی تابلۆ كێشراوەكانی، وای لە دادوەر ناز كرد پێشەنگەیەك بۆ تابلۆكانی بكاتەوە و هەندێک لە تابلۆكانیشی بفرۆشێت، هەرچەندە ئەو لەگەڵ ئەوەیە هونەرمەند بەبێ بەرامبەر تابلۆ نەبەخشێت، بەڵكو دەبێت بیفرۆشێت، بەڵام پەشیمانە لە فرۆشتنی چەند تابلۆیەكی و دەڵێت "بەشێك لە تابلۆكانم فرۆشتووە، بەڵام ئیتر نایانفرۆشم، چونكە هەست دەكەم وەك منداڵەكانم خۆشەویستیم بۆیان هەیە".