دکتۆر قەلەندەر کەسنەزانی: پزیشکی پسپۆڕی هەرس و جگەر
5:50
دکتۆر قەلەندەر: ئازایەتی لەوەدایە چارەسەر بەبێ نەشتەرگەری بکەیت
09:00
دکتۆر قەلەندەر: دەبێت پزیشک لە کارەکەیدا زۆر زانا بێت
14:15
دکتۆر قەلەندەر: دەبێت بەرژەوەندیی نەخۆش بخرێتە پێش هەموو شتێک
بەرنامەیەکی دیکەی گفتوگۆی باڵۆن لەگەڵ دکتۆر قەلەندەر کەسنەزانی، پزیشکی پسپۆڕی هەرس و جگەر بوو. دکتۆر قەلەندەر یەکێکە لە پزیشکە ناسراوەکانی کوردستان. پێش چوونە نێو باڵۆنەكە، دکتۆر قەلەندەر و رەنج سەنگاوی گفتوگۆیەكی زۆریان لەسەر باڵۆن و مەترسی باڵۆن كرد. بەتایبەتی ئەو رۆژە هەوایەكی زۆر هەبوو بەقسەی كاپتنەكە "فڕین مەترسیداربوو".
د. قەلەندەر كەسنەزانی، پزیشكی پسپۆڕی هەرس و جگەر بە دڵەڕاوکێوە چووە نێو باڵۆن و دەست بە فڕین كرا. گفتوگۆكانی سەرەتا هەر باسی نەشتەگەری بوو، بە بڕوای دكتۆر قەلەندەر ئازایەتی لەوەدایە بەبێ نەشتەرگەری چارەسەری نەخۆش بكەیت، نەك تاكە رێگەی چارەسەكردن نەشتەرگەری بێت. هاوكات لەگەڵ كارەكەی خۆی، دكتۆر قەلەندەر ماوەی پێنج ساڵە سەرقاڵی نووسینی كتێبێكە لەسەر بریندار نەكردنی بۆری جگەر "تاوەكوئێستا 1500 پەڕەم لەو كتێبە نووسیوە".
بینینی زۆرترین نەخۆش لەماوەی چەند كاژێرێكدا، بەبڕوای ئەو پزیشكە لادانە لە ئیتیکی كار پزیشكی و دەڵێت پزیشك دەبێت 12 بۆ 15 نەخۆش زیاتر نەبینێت. سەبارەت بەوە پرسیارەی چ جۆرە نەشتەرگەرییەك زۆر هەستیارە؟ بە بۆچوونی دكتۆر قەلەندەر، نەشتەرگەری پەنكریاس و جگەر یان بۆرییەكانی جگەر زۆر هەستیارە، ئەو بەشانازییەكی زۆریشەوە دەڵێت "بۆ یەكەمجار نەشتەرگەری چاندنی جگەرمان لە سلێمانی بە هاوكاری تیمێكی ئێرانی كرد، كە تاوەكو ئێستا لە عێراقیش نەكراوە". لەلای ئەو باشترین پزیشكی نەشتەركار دكتۆر فەخارە، كە لە تارانی پایتەختی ئێران نەشتەرگەری زۆر هەستیار دەكات.
لەگەڵ هاتنەخوارەوەی باڵۆن لە ناوچەیەكی ئاوەدان و نزیك گوندێكی باشووری شاری سلێمانی منداڵانی گوندەكە بەرەو باڵۆنەكە هاتن، قەرەباڵخییەكی زۆریان لەدەوری باڵۆن دروستكرد.
رەنج سەنگاوی پێشكێشكار لەدوای نیشتنەوەی باڵۆنەكەش لە پرسیارەكانی خۆی بەردەوام دەبێت، لە میوانەكەی دەپرسێت بە منداڵی و هەرزەكاریش خەیاڵی ئەوەت هەبوو ببیتە پزیشك؟ وەڵامی دكتۆر قەلەندەر بۆ پرسیارەكە نەخێر بوو، بەڵام گوتیشی "شێخ عەبدولكریمی باپیرم هەموو جارێك بە منی گوتووە دەیكەمە پزیشك". ئەگەر بە گریمانە كات بگەڕێتەوە دواوە، ئەوا قەلەندەر كەسنەزانی هەرگیز پیشەی پزیشكی هەڵنابژێرێتەوە. كۆتا پرسیاری رەنج لە میوانەكەی دەربارەی ناوەكەی بوو، قەلەندەر مانای چییە؟ وەڵامی میوان "بە مانای دەروێش دێت". كەواتە دەروێشی؟ وەڵامی میوان "نا من ناتوانم ببم بە دەروێش، دەروێش بوون زۆر گەورەیە".