بەڵگەفیلم - لە تەمدا دیار نیم

بەڵگەفیلم - لە تەمدا دیار نیم
بیرۆکەی ئەوەم بە خەیاڵدا هات چەند وێستگەیەک لە یادەوەرییەکانم بنووسمەوە. ئەمڕۆ لە جێگە هەمیشییەکەمدا کە ماڵەکەمە، دانیشتووم و وردە وردە کەوتوومەتە نووسین. هیچ  پلان و بەرنامەڕێژییەکم بۆی نییە، نیازیشم نییە چیرۆکی ژیانمی تێدا بگێڕمەوە... ژیانی کەسیم ئەگەر بەهایەکی بۆ خوێنەر هەبێ ئەوەتا لە نێو شیعرەکانمدایە…
جارێ هیچم لە لا روون و ئامادە نییە، جانتای سەفەری نووسین دەپێچمەوە و بە پێوپلی مناڵیی دەکەومە رێ.... دەڕۆم‪، بەڵام جارێ نازانم دەگەمە کوێ…
لەگەڵ ئەم سەفەرەی شاعیری ناسراوی کورد دلاوەر قەرەداغیدا بەڵگەفیلمی
(لە تەمدا دیار نیم) لە دایک دەبێت ئەم بەڵگەفیلمە چونە ناو ژیانییەتی و سەرەتاکانی شیعر نووسین و کاریگەریی شانۆ بە سەر نووسینیەوە و پاشان کۆچکردنی دلاوەر و گیرسانەوە لە تاراوگە و ژیانی تاراوگەیی و هەڵکردن لەگەڵ ئەو ژیانە نوێیە، وەرگێڕان و نووسینی شیعر، سەرجەم ئەم گێڕانەوانە، گێڕانەوەیەکی شاعیرانەیە و نزیک لەو کەشە تایبەتەی دلاوەر بۆ خۆی دروستکردووە، لەناو ئەم گوزەرکردنە بە ناو ژیانی دلاوەر قەرەداغیدا سوود لە شیعرەکانی وەرگیراوە و شان بە شانی دێرەکانی ژیانی شاعیر دەگێڕینەوە لەم نێوەندەشدا شیعری لە تەمدا دیار نیم ئامادەییەکی زیاتری دەبێت و زیاتر دەبێتە هەوێنی گێرانەوەکەمان.
 
دەرهێنەر و مۆنتاژ: زانا نەوزاد
بەرهەمی ساڵی: 2024