کوردی فەیلی

فوئاد عەلی ئەکبەر، لە کۆتایی دەیەی هەشتاکان بە کوێرەوەریی زۆر گەیشتە ئەوروپا و بووە خاوەنی وڵاتینامەی سویدی. بەڵام وڵاتینامەکەی چیرۆکی ساڵانێکی پڕ کول و کۆڤانی وەبیر دێنێتەوە. ساڵانی کۆمەڵکوژی و زیندان.

 

ساڵی 1980 حکومەتی پێشووتری عێراق بەبیانویی ئێرانیبوون بڕیاری پاکتاوکردنی کوردە فەیلییەکانی عێراقی دەرکرد. هەزاران لاوی وەک فوئاد لە زیندانەکانی عێراق تووندکران و ژن و منداڵانیش بە ئۆتۆمبێلی سەربازیی بۆ سنوورەکانی عێراق-

ئێران دوورخرانەوە و ساڵانی دواتر ئاشکرابوو کە 400 چوارسەد هەزار کوردی فەیلی لەو رەشەکوژییەدا لەنێوبراون.

 

فوئاد، لە زیندان رزگاری بوو و بەرەو سنوورەکان هەڵهات و لەوێشەوە خۆی گەیاندە ئەوروپا.بەڵام رووخانی رژێمی سەددام حوسێن و عێراقی نوێ نە ماڵ و موڵکە دەستبەسەرداگیراوەکانی بۆ گەڕاندنەوە، نە ناسنامەی پێدان هەرچەندە لە ساڵی 2006 یاسای ڕەگەزنامەی عێراقی، بڕیاری 666-ی ساڵی 1980-ی پوچەڵکردەوە، کە پەیوەست بوو بە سەندنەوەی ڕەگەزنامەی عێراق لە کوردە فەیلییەکان.

 

ئەم بەڵگەفیلمە لە بەغدا وێنەگیراوە، لەو شارەی ساڵانێکی زۆر نێوبانگی بازرگان و پزیشک و کارزانانی کوردی فەیلی تێیدا دەدرەوشایەوە و ئەمڕۆش تەنیا وەک پێکهاتەیەکی دڵشکاو و پشتگوێخراو بە چاوەڕوانیی دادپەروەریی دەژین.

 

 

وێنەگر و دەرهێنەر: ئاری ئەمین

پرۆدیوسەر: نەوزاد مەحموود

بەرهەمی ساڵی 2025