بەڵگەفیلمی نامەی ئەنفالکراوێک

بەڵگەفیلمی نامەی ئەنفالکراوێک تایبەتە بە ژیان و خەبات و چارەنووسی هەڵسوڕاوێکی سیاسی و پێشمەرگەی کورد بەناوی "لەشکر فەقێ عەبدوڵڵا"، کە لە پرۆسەی چوارەمی ئەنفالدا دەستگیرکرا و ئەنفال کرا.
 
لەشکر فەقێ عەبدوڵڵا، گەنجێکی خەباتگێڕی خەڵکی گوندی گۆپتەپە بوو لە دەشتی کۆیە. لە سەرەتای هەشتاکاندا پەیوەندی بە رێکخستنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کۆمەڵەوە کرد.
 
بەپێی ئەو نامە دەستنووسەی کە لە ساڵی 1983 نووسیویەتی، لەنێو یەکێتیی خوێندکارانی شۆڕشگێڕی کوردستاندا کاری کردووە و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئازاد هەورامی هەبووە. لە ساڵی 1984دا هاوسەرگیری لەگەڵ لەیلا ئەحمەد عەبدوڵڵا کردووە کە خەڵکی گوندی بۆگد بووە.
 
ماڵی لەشکر بەردەوام وەکو بنکە و بارەگایەک بووە کە بە سەتان پێشمەرگە و دەیان سەرکردەی تێدا میوانداری کراوە. ئەو نامەی بۆ پێشمەرگەکان دەبرد، کەلوپەل و خواردن و پێداویستی بۆیان دابین دەکرد و، سەرپەرشتی رێکخستنەکانی ناوچەکەی دەکرد.
 
کاتێک رژێمی بەعس لە کۆتایی ساڵی 1985دا قوتابخانەکانی لەو ناوچانە کشاندەوە، لەشکر بووە مامۆستای شۆڕش و وانەی بە منداڵانی گوندەکە گوتووەتەوە. لە ساڵی 1986دا لەگەڵ کۆمەڵێک مامۆستای دیکە لەژێر سەرپەرشتیی لقی مامۆستایانی یەکێتیدا کاری کردووە.
 
لەشکر پیاوێکی رۆشنبیر و زمانزان بووە، عەرەبی، ئینگلیزی، فەرەنسی، فارسی و تورکی بەباشی زانیوە. هەروەها زۆر وابەستە بە فەلسەفەی مارکس-لینینیزم و، کاری رێکخستنی کۆمەڵە بووە.
 
لە ساڵی 1984دا لە گوندەکەیان چەند ئاهەنگ و شانۆگەری بەبۆنەی نەورۆز و یەکی ئایارەوە رێکخستووە. پەیوەندییەکی نزیکیشی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا هەبووە و، چەند جارێک لە ماڵی خۆیان میوانداری کردووە.
 
 ئەنفال و چارەنووسی لەشکر
 
لە سەرەتای مانگی ئایاری 1988دا، رژێمی بەعس لە چوارچێوەی قۆناخی چوارەمی ئەنفالدا، سوپایەکی گەورەی بردە دەشتی کۆیە. رۆژی 3ی ئایار گوندی گۆپتەپە و عەسکەر کیمیاباران کران. لەشکر چەند رۆژێک پێشتر داوای لە خەڵکی گوندەکە کردبوو کە بۆ پاراستنی گیانیان ناوچەکە بەجێبهێڵن، بەڵام خۆی لەگەڵ چەند کەسێک لەوێ مایەوە. لەشکر پێشبینی کردبوو کە رەنگە ئەمە دواجاری بێت کە ئاواییەکەی و خێزانەکەی دەبینێتەوە.
 
لە گوندی بۆگد 61 کەس ئەنفالکران کە یەکێک لەوان لەشکر فەقێ عەبدوڵڵا بوو. دواتر تەنیا چوار کەس لەوانە لە تۆپزاوا گەڕانەوە، بەڵام هیچ کەسێک لە نوگرە سەلمان نەگەڕایەوە. 
 
بەپێی شایەتحاڵان، لە تۆپزاوا لیستێک هەبووە کە ناوی 100 کەسی تێدابووە، دووەم ناو لەشکر فەقێ عەبدوڵڵا بووە. ئەو 100 کەسە جیاکراونەتەوە و دواتر نەگەڕاونەتەوە.
 
بەڵگە و بیرەوەرییە بەجێماوەکان
 
پێش دەستگیرکردنی، لەشکر هەستی کردبوو چی چاوەڕوانی دەکات. هەر بۆیە چەند رۆژێک بەر لە دەستگیرکردنی، لەو شوێنەی خۆی تێدا حەشاردابوو، نامەیەکی درێژی لەسەر کاسێت تۆمار کردووە و لەگەڵ چەند وێنە و بەڵگەنامەیەک شاردوویەتەوە.
 
خێزانەکەی حەوت ساڵ دواتر لە ساڵانی 1995 و 1996ئەو بەڵگانەیان دۆزیوەتەوە، کاتێک خانووەکانیان دووبارە بنیاتناوەتەوە. لە کاسێتەکەدا، لەشکر قسە بۆ خێزانەکەی دەکات، داوای لێدەکات خەمی نەخۆن، باسی خۆشەویستی خۆی بۆیان دەکات. 
 
 ئەم بەڵگەفیلمە چیرۆکی لەشکر فەقێ عەبدوڵڵا دەگێڕێتەوە، ئەو گەنجە کاریگەرەی دەشتی کۆیە کە لە مێژووی شۆڕشی کورد دا تاڕادەیەک پەراوێز خراوە، بەڵام رۆڵێکی گرنگی بینیوە وەکو مامۆستا، پێشمەرگە و نانپەیداکەری شۆڕش. هاوکات، تاوانی ئەنفال و کاریگەرییەکانی لەسەر خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ناوچەی دەشتی کۆیە نیشان دەدات. 
 
بەڵگەفیلمەکە لە مانگی تەممووزی ساڵی 2023 کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە و، کاری ئامادەکردن و نووسینی لەلایەن نەوزاد مەحموود بۆ کراوە، دەرهێنانیش لەلایەن ئاری ئەمین.
 

وێنەگر و دەرهێنەر: ئاری ئەمین

پرۆدیوسەر: نەوزاد مەحموود

بەرهەمی ساڵی 2025