بەڵگەفیلم - بۆ دیدارێکتە خەون دەبینم
پاش 14 ساڵ لە کۆچی دوایی هونەرمەندی شانۆ و سینەما حوسێن میسری، هاوسەرەکەی چیمەن ئیسماعیل، هونەرمەندی شێوەکار، هێشتا لەگەڵ یادەوەرییەکانی هاوسەرەکەی دەژی و خەونەکانی دەکاتە تابلۆ.
چیمەن ئیسماعیل کە 17 ساڵ ژیانی هاوسەرێتی لەگەڵ حوسێن میسری بەسەر برد، دوای کۆچی دوایی هاوسەرەکەی، هەموو کەلوپەل و تەنانەت جلەکانیشی وەک خۆی پاراستووە. ئەو بە رووداوی راگەیاند "زۆر بە زەحمەت بڕوام کرد کە حوسێن جێی هێشتووم".
هونەرمەندە شێوەکارەکە، کە شەوانە خەون بە هاوسەرە کۆچکردووەکەیەوە دەبینێت، خەونەکانی کردووە بە پردێک لە نێوان ژیانی راستەقینە و ژیانی نادیاری حوسێن. ئەم خەونانە ژیانی چیمەنیان بەرەو خەیاڵ و دۆخێکی دەروونی ناجێگیر بردووە.
بۆیە بڕیاری داوە خەونەکانی بکاتە تابلۆ و هەڵیانبگرێت. هەروەها پلانی داناوە دوای مردنی، ئەم تابلۆیانە لە پێشانگایەکدا نمایش بکرێن و پسپۆڕانی دەروونی شیکاری بۆ تابلۆکان و خەونەکانی بکەن.
چیمەن ئیسماعیل دەڵێت "خەونەکانم بوونەتە بەشێک لە ژیانی رۆژانەم و هەر خەونێک دەبێتە تابلۆیەک کە چیرۆکی تایبەتی خۆی هەیە".
دەرهێنەر و مۆنتاژ: زانا نەوزاد
پرۆدیوسەر: هۆرێن غەریب
بەرهەمی ساڵی 2025
بهشی بكه لە