لە هەفتەیەکدا 956 کۆچبەر بە بەلەم لە فەرەنساوە گەیشتوونەتە بەریتانیا
لە ماوەی 7 رۆژی رابردوودا 956 کۆچبەر بە بەلەمی بچووک و لەڕێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا.
وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا ئاشکرایکردووە کە 17 بەلەم ئەو نزیکەی هەزار کۆچبەرەیان لە فەرەنساوە گەیاندووەتە ئەوبەری ئاو.
گوتەبێژێکی وەزارەتەکە کە ناوی خۆی ئاشکرا نەکردووە دەڵێ: 'دەمانەوێ کارێک بکەین ئەو پەڕینەوە مەترسیدارانە بە بەلەمی بچووک کۆتاییان پێبێ'.
بۆیەش وەک گوتەبێژەکە باسیدەکات: حکومەتی نوێی بەریتانیا بڕیاریداوە دامەزراوەیەکی نوێ بەناوی (فەرماندەیی ئاسایشی سنوور) دابمەزرێنێ کە کۆکەرەوەی دامەزراوەی هەواڵگری و ئاسایشی بەریتانیا بۆ پاراستنی سنوورەکان دەبێت.
دامەزراوەکە سەدان ئەفسەری نوێ وەردەگرێ و ئامادە دەکات بۆئەوەی وەکچۆن هێزەکانی دژەتیرۆر دەستوبرد کاردەکەن، ئاواش ئەو هێزە نوێیە بەسەر قاچاخچییان دادەدەن و وەک گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێ: چیدیکە ناهێڵن بە ملیۆنان پاوند لە قاچاخچێتیدا قازانج بکەن.
دادگای دەستووریی هۆڵەندا بڕیارێک لە سوودی کۆچبەران دەدات
دادگای دەستووریی هۆڵەندا یەکێک لە ئەرکەکانی کۆنترۆڵکردنی بڕیار و هەڵسوکەوتی حکومەتە لەو وڵاتەدا.
کاتێک حکومەت کارێک بکات کە پێچەوانەی دەستوور و نادیموکراسییانە بێ، دادگای دەستووری بڕیاری لەسەر دەدات. لەپەنای ئەوەش راوێژ دەداتە حکومەت کە چۆن بەپێی دەستوور حوکمڕانی بکەن.
ئێستا ئەو دادگایە حوکمێکی نوێی لەسەر وەزارەتی کۆچبەرانی هۆڵەندا داوە. تاوەکو ئێستا ئەو وەزارەتە کەیسی پەناخوازانی لەسەر بنەمای ئەوە یەکلایی دەکردەوە کە ئەو وڵاتەی لێیەوە هاتووە لە چ کاتەگۆرییەکدایە.
بۆنموونە ئەگەر کەسێک لە باشووری کوردستانەوە داوای پەنابەری کردبووایە، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا رەتدەکرایەوە. چونکە لە کاتەگۆریی دەوڵەتی هۆڵەندادا کوردستان شوێنێکی ئارامە. دادگای دەستووری دەڵێ ئەمە هەڵەیە و دەبێ لەمەودوا دۆخی تایبەتیی کەسەکە و چیرۆکی پەنابەرییەکەی بە جیا لە دۆخی وڵاتەکەی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ.
ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە کە لەسایەی حکومەتە نوێیە راستئاژۆکەی هۆڵەندا، رێژەی هاتنی کۆچبەران بۆ هۆڵەندا سێ مانگە کەمتر دەبێتەوە.
سنوورەکانی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا تووندتر دەکرێن
یارییەکانی ئۆلۆمپیاد..خاڵی پشکنینی تووند لە سنووری نێوان فەرەنسا و ئەڵمانیا دادەنرێن
وەزیری نێوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاندووە لەماوەی یارییە ئۆڵۆمپییەکاندا لە پاریس لەسەر سنوورەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ فەرەنسا خاڵی پشکنین دادەنرێن.
ئەمەش بۆ گەرەنتیکردنی دزەنەکردنی ئەوانەیە لە ئەڵمانیاوە کە دەیانەوێ لە فەرەنسا کاری تیرۆریستی یان ئاژاوەگێڕی بکەن.
بڕیاروایە یارییە ئۆڵۆمپییەکان لە رۆژی 26ی ئەم مانگەوە تاوەکو 11ی مانگی هەشت لە پاریس بەردەوام بن.
چاوەڕواندەکرێ 16 ملیۆن کەس بچنە پاریس و یارییەکان ببینن. بۆیەش وەزارەتەکانی نێوخۆی فەرەنسا و ئەڵمانیا بڕیاریانداوە ئەم ماوەیە بۆ کۆنترۆڵی سنوورەکان هاریکاریی زۆرتری یەکدی بکەن.
حکومەتی فەرەنسا ئاسانکاری دەکات لە نوێکردنەوەی مافی نیشتەجێبوون
حکومەتی فەرەنسا ئاسانکارییەکی نوێی کردووە. جاران دەبووایە ئەو کەسەی داوای نوێکردنەوەی مافی مانەوەکەی کردووە بەڵگەنامەی داواکارییەکە (واتە فۆرمەکە و بەڵگەی پارەدان) بنێرێتە ئەدرێسێکی دەوڵەت.
ئەگەر ئەمە نەکرابووایە، دوای تەواوبوونی ماوەی مانەوەکە، کەسەکە ئەو مافانەی نەدەما کە کەسێکی خاوەن مافی مانەوە هەیەتی.
لەمەودوا پێویست بە پۆستکردنی ئەو بەڵگانە ناکات. ئەمە بەشێوەی ئۆنلاین و لەڕێگەی ماڵپەڕی (خزمەتگوزارییەکانی دەوڵەت)ەوە دەتوانن بەڵگەنامەکان بنێرن.
بڕیارەکە لە 15ی ئەم ئەم مانگەوە کاری پێدەکرێ.
فەرەنسا.. دوای هەفتەیەک لە هەڵبژاردن هیشتا حکومەتی نوێ پێکنەهێندراوە
زۆرتر لە هەفتەیەک بەسەر هەڵبژاردنەکانی فەرەنسادا تێپەڕیوە. لە دۆخی ئاساییدا دەبێ دوای هەڵبژاردن سەرۆکی پارتی براوە لەلایەن سەرۆکەوە رابسپێردرێ بۆ پێکهێنانی حکومەت.
ئێستا لە فەرەنسا هاوپەیمانێتیی ئەوپەڕی چەپەکانن. بەڵام سەرۆک ماکرۆن پاش هەڵبژاردنەکان رایگەیاند: کەس لەم هەڵبژاردنانەدا براوە نەبووە. واتە مەرج نییە رێگەبدات ئەوپەڕی چەپەکان هەوڵی پێکهێنانی حکومەت بدەن.
ئەمە نادڵنیایی زۆری دروستکردووە، تەنانەت بۆ کوردیش روون نییە فەرەنسای دۆستی کورد لە ئایندەدا چ جۆرە حکومەتێکی دەبێ.
د. ئاسۆ حەسەنزادە، کەسایەتیی ئەکادیمی و سیاسی لەو بارەیەوە میوانی دیاسپۆرابوو رایگەیاند، هەڵبژاردنەکانی فەرەنسا گۆڕانکاری زۆری لە فەرەنسادا نەکردووە و لە بارەی بانگەشەکانیشەوە گوتی"هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاواز بوو و بەشێوەیەک تووندڕەوی لە بانگەشەکاندا زۆربوو".
د. ئاسۆ حەسەنزادە لە بارەی حکومەتی ئێستا و حکومەتی داهاتوو گوتی" تاوەکو پاییزی داهاتوو حکومەتی کاربەڕێکەری فەرەنسا بەردەوام دەبێت، پێهکێنانی حکومەتی نوێ کارێکی زۆر قورس دەبێت، هیچ حیزبێک ناتوانێت بە تەنیا حکومەت پێکبهێنێت، بۆیە پێکهێنانی حکومەتی نوێی فەرەنسا ئاسان نابێت".
د. ئاسۆ حەسەنزادە روونیکردەوە، یەکێك لە هۆکارەکانی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بەرەی چەپەکان یەکگرتوو نین.
کامران ژێ کیکان: بۆ دامەزاراندنی ئەنستیتیوتی کوردی دانیال میتران هاوکارمان بوو
کامران ژێ کیکان: هەمیشە خزمەتکاری دۆزی کورد دەبم
کامران ژێ کیکان: لەگەڵ خاتوونێکی فەرەنسی ژیانی هاوژینیم پێکهێنا
کامران ژێ کیکان: لە تورکیا زیندانی کرام زۆر ئازار درام بۆیە بڕیاری جێهێشتنی وڵاتەکەم دا
کامران ژێ کیکان: سەرەتا لە فەرەنسا کارکردنمان سەخت بوون
چیرۆکی ژیانی ئەو پارێزەرە کوردە لە فەرەنسا زۆر باڵکێشە. هەر لە بەشداریی لە ئینستیتوتی کوردی لە پاریسەوە بگرە تا بەشداریی لە بوویەرە گەورە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کورد لە فەرەنسا.
ئەویش کامران ژێ کیکان، تیمی دیاسپۆرا لە سەردانێکی مەیدانیان چوونە ئۆفیسی پارێزەرییەکەی لە پاریس و خۆی چیرۆکی دیاسپۆرانشینیی خۆی بۆ گێڕاینەوە.
کامران ژێ کیکان
پارێزەر و ئەندامی دامەزرێنەری ئینستیتوتیکوردی لە پاریس
چواری مانگی چواری ساڵی 1982 گەیشتمە فەرەنسا، دوای دوو ساڵ ئازار و زەحمەتی لە سووریا و لوبنان، کاتێک هاتمە فەرەنسا کۆمەڵەی کوردی نەبوون، بەڵام ماڵی کوردان هەبوو، ئەویش لە هەفتەیەکدا دوو رۆژکراوە بوو، بگرە تەنیا رۆژێک ئەویش لە رۆژانی شەممان، دوای نیوەڕۆیەکەی، بگرە تەنیا ئەشکەوتێک بوو، وەک ژێرزەمینێک بوو، کاتێک ئەوێمان بینی گوتمان ئێمە هاتووین بۆ فەرەنسا بکەوینە ئەم ئەشکەوتە؟.
ناوم کامەران ژێ کیکانە، لە هۆزی کیکانم بۆیە پێم دەڵێن ژێ کیکان، بنەماڵەمان ناوبانگە بە خەلیلی شویش، باوکم بەگزادەیەکی کوردە و کیکان بوو، کیکان لە زۆربەی ناوچەکان هەن، باوکم خەڵكی گوندی بەتووز بوو، ئێمە سێ گوندمان هەن لە باکووری کوردستان و شەش گوندیشمان دەکەونە رۆژئاوای کوردستان، وەک هەر مرۆڤێک کە من هاتمە فەرەنسا لەگەڵ خاتوونێکی فەرەنسی ژیانی هاوژینیم پێکهێنا و کوڕێکم لێی هەیە و ناوی کەنداڵە، تەمەنی 30 ساڵە و خۆی بە کورد دادەنێت و دەڵێت لە هۆزی کیکانیم، کاتێک لێی دەپرسن کیکان کێن، ئیتر ئەو کاژێرێک باسی کیکانییەکانیان بۆ دەکات.. هەموو خوێندنی خۆم لە تورکیا تەواوکرد، لە 11ی ئەیلوولی 1980 لەسەر سەربازی کردن زیندانی کرام و زۆر ئازاریان دام و ئەوەندە ئەشکەنجەیان دام لە دڵی خۆمدا گوتم، ئەگەر خوا من بە زیندوویی لێرە دەربخات بەڵێن بێت راستەوخۆ ئەو وڵاتە بەجێدێڵم و لێرە نامینم و هەرگیز ناگەڕێمەوە، ئەوە ماوەی 42 ساڵە لە فەرنسا دەژیم و لەسەر سوێندەکەم ماوم...
ئەو کات نزیکەی 15 بۆ 20 کەس لێرەهەبوون و دەیانگوت ئێمە کوردین، یەکێک لەوانە خوالێخۆشبوو جەعفەرێ گولی بوو، نوێنەری پارتی دیموکرات بوو لێرە، هەروەها کاک خەسرەو عەبدوڵڵایی بوو، خوێندکاربوو و زمانی کوردی- شێوەزاری کورمانجی دەگوتەوە، هەروەها کاک کەنداڵ نەزان و کاک ئەحمەد بامەڕنی بوون ، زۆربەیان وەفاتیان کردووەو خوالێیان خۆش بێت، یەکێکی دیکەش پێشمەرگەیەکی دێرینی کوردی یەزیدی بوو لەسەردەمی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی ناوی تەمۆ بوو، دەنگبێژیش بوو ئێستا لە کوردستانە و زۆر خزمەتی کرد، بەگشتی کەم بووین لێرە، واتە زۆر زۆری 20 بۆ 30 کەس بوون ئەوانەی لێرە دەیان گوت ئێمە کوردین و بە کوردی دەدوان و کاریان دەکرد.
ئەوکات لە فەرەنسا رەنگە هەندێ دیپلۆماتکار و بەرپرس دەیانزانی کورد کێن و چین، بەڵام بەگشتی خەڵکەکەی نەیاندەزانی کورد کێن و چەند ستەملێکراو ژێر دەستەن، لەسەرەتادا زۆر بۆمان زەحمەت بوو، بەڵام دواتر دوای یەکتر ناسین لە نێوان ساڵانی 1982 و 1984 ، بەڕێز دانیال میتران لە رێگەی کەنداڵ نەزانەوە بەڵێنی پێداین و دواتر لەسەر ئەو سۆزەی ئەو، ئێمە ئینستیتوتیکوردیمان لە پاریس دامەزراند، من یەکێکم لە دامەزرێنەرانی، لەو رۆژەی کرایەوە تاوەکو ساڵی 2005 رۆژانە من کارم تێدا دەکرد، بۆیە هەندێجار پێم دەڵێم موختاری پاریس، هەندێجار ئەو قسەیان راستبوو، من بۆ کوردی فەرەنسا وەک موختار وابووم، چونکە من پێشوازیم لەو کوردانە دەکرد کە دەهاتنە فەرەنسا و هەروەها وەرگێڕیم بۆیان دەکرد و کۆڕ و کۆنفرانسم دەگێرا و هەروەها پەیوەندیم بۆیان دروست دەکرد و هەندێ لەو کوردانە کاتێک کۆچی دواییان دەکرد کەسیان نەبوو لێرە من خۆم لێدەکردنە خاوەن و زۆربەی کاری سۆسیاڵ من بۆیانم دەکرد.
لە ساڵی 1983 دەستم بە خوێندنی یاسا کرد لێرە ولە ساڵی 1989 و 1990 تەواوم کرد، لەساڵی 1994بوومە مامۆستا لە بەشی یاسا و لە ساڵی 2005 بوومە پارێزەرو کاری پارێزەرایەتیم کرد، پێشتریش دەمتوانی پارێزەرایەتی بکەم، بەڵام لە ساڵی 1984ەوە کاری یاسایی دەکەم و تاوەکو ئەمڕۆ و هەمیشە خزمەتکاری دۆزی کوردبوومەو دەبم.
گەورەترین پاڵپشتی بۆ باشووری کوردستان لێرە لە فەرەنسا لە 28 و 29ی مانگی 11 ی 2002 بوو، بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو و مانگێک بوو ئامادەکارییمان کردبوو، لەو کاتەدا کورد یەکدەنگ و یەک هەڵوێست بوون لەدوای راپەڕینەوە، ئەوەبوو کاک مەسعود و مام جەلال هاتنە ئێرە و مۆڕاڵی کورد زۆر بەرز بوو، ئەوکات ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی زۆر کەم بوون، بانگهێشتمان کردن و ئەوانەی کە دۆستبوون، کە ئێستا کەمتر دۆستن، هەروەها ئەوانەشی کە دۆست نەبوون بەبێ جیاوازی، لە ئاوێن کلێبەر ئەو شوێنەی کە پەیمانی ئاشتی شەڕی ڤێتنامی لێ مۆرکرا هەر لەو هۆڵە سازکرا و هەموو سەرکردەکانی کورد ئامادەبوون و ئەوەی کە ئێستا عێراق هەیەتی لەو هۆڵە بە پشتیوانی ئەنستیتوتی کوردی لە پاریس و هەروەها سەرکردەکانی کورد و هەندێ لەو عێراقییانە دروستبووە، واتە ئەو هەوێنی دروستبوونی ئەمرۆیە، مادە بە مادە، دوای ئەو لە لەندەنیش ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی کۆبووەوەو پاشان لە کوردستانیش کۆبوونەوە.
ئەوکات یەکێک لە سەرکردە عێراقییەکان نووری مالیکی بوو، ئەو کات کەسێکی زۆر هەژار و دەستکورت بوو، تەنانەت ئێمە تیکتی فرۆکەمان بۆ کڕی دەنا پارەی تێکتەکەشی نەبوو، زۆر بە گەرمی پێشوازیمان لێکرد و وەک میوان زۆر رێزمان گرت، ئێستا زۆر زۆر سەرسام و شۆکین بە هەندێک لە کردارەکانی، چونکە ئێمە چاوەڕوانی هاوڕییەتییەکی زۆر باش و پتەومان لێدەکرد، بەڵام بەداخەوە نەیبردە سەر.
کاتێک کوردستانم جێهیشت تەمەنم 20 ساڵ بوو، ئیستا تەمەنم 65 ساڵە، کاری رۆژانەم لە پاریس پارێزەرایەتییە و خەڵک دەمناسن و ناوبانگێکی زۆرم هەیە و کارەکەشم زۆر باشە، چەندین گەنجیش کەلێرە فێری پارێزەرایەتی بوون ئێستا بۆخۆیان کاری پارێزەرایەتی دەکەن، بەگشتی ناوبانگی پارێزەرانی کورد لە پاریس زۆر باشە و نزیکەی 25 کەس دەبین کاری پارێزەرایەتی لە فەرەنسا دەکەین، هەموویان خۆیان بە کورد دەزانن و کەسانی بێ لایەنن و جگە لەوەی ئێمە کوردی باکوور، باشوور، رۆژهەڵات و رۆژئاواین، ئەوا کوردی فەرنساین و ئێرەش بە بەشێکی کوردستان دادەنێنین بۆ خۆمان.
من پیاوی شۆڕشەکانی کوردم و خۆم بە پشتیوان و پارێزەر و خزمەتکاری شۆڕشی کوردی دەزانم و ئەوەی باوک و دایک و باپیرانم نەیان بینی سوپاس بۆ خوا من بینیم، هەمیشە من دەڵێم یەکەم پارێزەری کورد لە فەرەنسا پیاوێکی پێشمەرگە بوو، کە گیانی خۆی دابووە پێشخۆی بۆ خۆشگوزەرانی نەتەوەکەی، ئەویش من بووم، لێرەش بە یاسا پشتیوانی لە دۆزی نەتەوەکەم دەکەم و هەر پێشمەرگەم بەڵام پێشمەرگەی یاسا.
وێنەی گیڤارە کەلە پشت سەرم هەڵواسیوە کۆنە، لەبەر خاتری یەکێک لە مامۆستاکانم دامناوە، ئەو مامۆستایەک بوو پشتیوانی لە شۆڕشی جەزائیر کردبوو، کاتی خۆی گیڤارە خۆی ئەم وێنەیەی بە دیاری ناردووە بۆ ئەحمەد بن بەڵا، ئەحمەد بن بەڵاش وەک دیاری وێنەکەی بەخشی بەو پارێزەرەی کە پارێزەری بۆ کرد لە دادگا، ئەو پارێزەرەش کە مامۆستای من بوو وێنەکەی کردە دیاری بۆمن گوتی بە کەسی مەدە، لە هەموو دونیا تەنیا پێنج وێنە هەن کە گیڤارا خۆی بەخشیون، یەکێک لەو پێنج وێنەیە ئەم وێنەیەی کەلەپشت سەرمەوە هەڵواسراوە، واتە لەبەر خاتری ئەو پارێزەر و مامۆستایەی خۆمهەڵمواسیوە، دەنا حەزم دەکرد لە شوێنی ئەو وێنەی سەرکردە مەلا مستەفای بارزانی بووایە.
ئەم وێنانەش هی ئەوکاتەیە کە وەک پارێزەر سوێندی یاساییم خوارد، لە دادگای باڵای فەرەنسا، هەروەها ئەم وێنانەش هی ئەوکاتەن کە سەردانی هەرێمی کوردستانم کرد و میوانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بووم، لەوێش عەلی قازیم بینی.
دەبێ مرۆڤ بێ ئومێد نەبێت، کوردی دانیشتووی فەرەنسا خۆیان بە کورد دەزانن و هەروەها هەستێکی تایبەتیان بۆ کورد و کوردستان هەیە ، رۆژانە لە تیڤی و سۆشیاڵمیدیا بە کوردایەتییەوە سەرقاڵن، پێشتر کوردی فەرەنسا گرێدراوی پارتە سیاسییەکان بوون، بەتایبەتی کوردی باکووری کوردستان، بەڵام ئێستا نەتەوەییە، هەروەها بوونی ئەنستیتوتی کوردی لە پاریس وەک زانکۆیەک وایە و هەموویان خۆیان تێدا دەبیننەوە، هەندێک بۆشایی هەن و هەوڵی زۆرهەن بۆ ئەوەی کۆمەڵەی جیاجیای دیاسپۆرای کوردی لە فەرەنسا دروست بکرێن، لە باشووری کوردستانیش پشتیوانیان هەیە و لێرەش کورد دەیانەوێ، بۆیە ئومێدی زۆرم هەیە و چاوی زۆربەی کوردی دیاسپۆرای فەرەنسا لەسەر کوردی باشووری کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستانە و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازن و هەمیشە پشتیوانیانن، گرنگیشە گەنجانی ئێمە لێرە بگەڕێنەوە کوردستان و لەوێ لە زانکۆکان بخوێنن و کولتوور و نەریت و هونەری کوردی و تەنانەت سیاسەتی کوردستانیش باشتر فێربن و ئینجا بگەڕێنەوە ئێرە و درێژە بە خوێندنیان بدەن.
گۆڤەند قادر، کتێبێکی نوێی بەناوی ئاوازی وشەکان بڵاوکردەوە
ئاوازی وشەکان ناوی کتێبە نوێیەکەی گۆڤەندە. گۆڤەند قادر پێشتریش کتێبی دیکەی زانستیی لەسەر میوزیک و دەنگ نووسیوە. ئێستاش لە فینلەند خەریکی تەواوکردنی ماستەرەکەیەتی.
کتێبی ئاوازی وشەکان پێکهاتووە لە ئاوازی گۆرانی و ئەو تێکستانەی بۆ گۆرانی دەشێن، بەشێکیان کراون بە گۆرانی، بۆ نموونە گۆرانی دڵم تەنگەی کاروان هەورامی و بەشێکیشیان هێشتا نەکراون بە گۆرانی، کتێبەکە نزیکەی 58 هۆنراوەی تێدایە و بە دیزاینێکی ناوازە کراوە و لە هەر لاپەڕەیەکدا وێنەی خۆمە و لاپەڕەکەی دیکە هۆنراوەیە.
گۆڤەند قادر دەڵێت" ئەوانەی بیانەوێ تێکستەکانم بکەنە گۆرانی دەبێت مۆڵەتمان لێوەربگرێت و قسەمان لەگەڵ بکات، ئایە خۆی ئاوازی بۆ دادەنێت یان ئێمە بۆی دادەنێین، ئەوە دەگەڕێتەوە سەر هەڵبژاردەی خۆی".
گۆڤەند قادر دەڵێت" کاتێک سەرەتای ساڵی 2000 گەیشتمە ئەوروپا دەستم بە کاری میوزیک کرد و زیاتر پەرەم بە تەکنەلۆجیای میوزیک دا، ئەو پرۆگرامانەی گۆرانی بەرەو پێش دەبەن گرنگی زۆرم پێدان و خۆم لەناویان دۆزیەوە، بۆوە هۆکاری ئەوەی کارەکانم کوالیتی بەرزی هەبێت"
گۆڤەند قادر: یەکەم کوردم کتێب لە رێگەی ئەپی ئەپڵ بووک کردەوە، کە گەورەترین و بەناوبانگترین کتێبخانەی جیهانە و کتێبخانەیەکی ئۆنلاینە، کە داهاتی کۆمپانیایەکەی لەسەرە، بازاڕکردن تێیدا دەیان ملیار دۆلارە، من کتێبخانەیەکی تایبەتی خۆم لەنێو ئەو کتێبخانەیەدا کردەوە بە ناوی ئاگا مێدیا بە شێوەزاری سۆرانی، کە 18 کتێبی تێدایە و بەشێکیان ئۆنلاینن و بەشێکی دیکەش بە پارەن.
گۆڤەند قادر روونیکردەوە، ماوەیەکی زۆرە خەریکی زیادکردنی زمانی کوردییە لە کتێبخانەکە، بەڵام یەکێک لە بەڕێوەبەرەکانی کتێبخانەکە پێی گوتووە کە زیادکردنی زمانی کوردی سیاسییە و لە دەسەڵاتی ئەوان دا نییە، بەڵام ئەو لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ زیادکردنی زمانی کوردی.
بهشی بكه لە