دەنگی من - دیدەن عەبدولڕەحمان

دەنگی من - دیدەن عەبدولڕەحمان
حاجیاوا قەزا نوێیەکەی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، قەزایەک رۆژ دوای رۆژ لەڕووە دیمۆگرافییەکەیەوە گەشەی زۆری بەخۆیەوە دەبینێت، بەڵام بە پێچەوانەی زۆری ژمارەی دانیشتووانی خەڵکی ناڕازی لە پڕۆژە و خزمەتگوزاری.

 

بەرنامەی دەنگی من بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی لە حاجیاوا کردووەتە میوان، دیدەن عەبدولڕەحمان ژنێکی بوێرو خوێنەر و بەئاگا لە بارودۆخی سیاسی.

 

بەڕای ئەو رەنگەکان دەتوانن پێکەوە تابلۆی جوان بنەخشێنن بەڵام لە هەرێمی کوردستان رەنگەکان پێکەوە هەڵناکەن و مەبەستی ئەو رەنگانەن کە حیزبەکان کردوویانەتە رەنگ و لۆگۆی خۆیان.

 

بەڕای ئەم مامۆستایە بۆ ئەمجارە بەربژێر گرنگە خاوەن کارنامەیەکی تۆکمە بێت و خەڵکی چیتر بیر لە لایەنی سیاسی نەکاتەوەو بێ جیاوازی ئەو بەربژێرانە دەستەبژێر بکەن کە دەتوانن لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا خاوەن بیرۆکەو بە پڕۆژە یاسای جوانەوە ماوەی پەرلەمانتاریان تەواو بکەن.

 

دیدەن دەڵێت، ئەو گرنگە یاسایەک دەربچێت لەم خولەدا کە بەهیچ شێوەیەک رێگە بە مامەڵەی چەک و هەڵگرتنی چەک نەدات، چونکە لە شارەکەی ئەو یەکێک لە گەورەترین بازاڕەکانی چەکی هەیە.