چیرۆکی میری هێلکە و چەند فیچەرێکی دیکە لە چاوی رووداودا

06 December 2024
چیرۆکی میری هێلکە و چەند فیچەرێکی دیکە لە چاوی رووداودا
فیچەر – میهری پاکزاد مامۆستای زانکۆ لە شاری مەهاباد

چیرۆکی مامۆستایەکی زانکۆی ئازادی لە مەهاباد و چەند فیچەرێکی دیکە لە چاوی رووداودا

میهری پازاد یەکێکە لە نووسەر و وەرگێڕ و مامۆستاکانی زانکۆ لە شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان.

قۆناخی منداڵی لە مەهاباد بەڕێکردووە، بەردەوام لەنێو ماڵەکەیدا شیعر خوێندنەوەو ئەدەبیات و هەروەها ئامێرەکانی میوزیک دەنگی بەرزبووە.

وەکو خۆی باسی دەکات، بە منداڵی هەموو رۆژێک بە تەلەفۆن شیعری بۆ بەرنامە وێژەییەکانی رادیۆی مەهاباد خوێندووەتەوە. ئەمەش وایکردووە کاتێک گەورەبووە حەز بە کارکردن لە رادیۆ و تیڤی بکات.

میهری پاکزاد یەکەمجار لەساڵی 1987ی زایینی لە کەناڵی مەهاباد بە بەرنامەی منداڵان دەستی بە کاری پێشکەشکاری کردووە. هەروەها لە رادیۆی مەهابادیش بەرنامەی وێژەیی پێشکەش کردووە.

لە ساڵی 1999 پلەی یەکەمی بێژەران لەنێو تەواوی نەتەوەکانی ئێران بەدەستدەهێنێ.

د. میهری پاکزاد، لە ساڵی 1973 لەدایکبووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ژیانی هاوژینی پێکنەهێناوە، چونکە نەیویستووە دایکی بەتەنیا جێبهێڵێ، میهری ئێستا تەمەنی 51 ساڵە و دەڵێ ''ئەگەر کەسێکی گونجاو هەبێ ئامادەم شوو بکەم''.

میهری پاکزاد، مامۆستای بەشی ئەدەب و هونەری زانکۆی ئازادییە لە مەهاباد. بەشێکی زۆری ژیانی بۆ نووسین و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و مێژوویی داناوە، تاوەکو ئێستا چەند پەرتووکێکی چاپکراون و بەشێکیشی ئامادەن بۆ چاپکردن

میهری پاکزاد دوای کۆچی دوایی دایک و باوکی ئێستا بە تەنیا لە ماڵەوە دەژی، 51 ساڵی تەمەنی بە خوێندن و خوێندنەوەو نووسین و وەرگێڕان تەرخانکردووە.
ئەو دەیەوێ بەردەم بێت لەسەر نووسین و ئاشناکردنی قوتابیانی زانکۆی ئازادی بە ئەدەبییاتی کوردی.


فیچەر - هونەرمەندێکی کورد 2 ملیۆن هێلکە بۆ دروستکردنی تابلۆ بەکاردێنێ
 
لە ئەڵمانیا هونەرمەندێکی کورد بەناوی جەمال عەبدۆ، کە نازناوی میری هێلکەی پێدراوە، 2 ملیۆن هێلکە لە دروستکردنی تابلۆ بەکاردەهێنێ.

جەمال عەبدۆ، لە ساڵی 1961 لە گوندی تل کدیشی سەر بە شاری درباسی لە رۆژئاوای کوردستان لەدایکبووە. ئەندازیار و دیکۆریست و وێنەکێشێکی دیاری کوردە لە ئەڵمانیا، لە ساڵی 1981 ەوە لە ئەڵمانیا دەژی.

کاتێک دەچیتە ماڵەکەی و پێشانگەکەی دەبینی، بەشی هەرەزۆری لە هێلکە پێکهاتووە. بۆیە ناوی لە پێشانگەکەی ناوە، کادینی هێلکە. 

میری هێلکە لەماوەی ژیانیدا لە ئەڵمانیا وەکو ئەکتەری شانۆ دیکۆرساز بۆ تەلەڤزیۆنەکانی ئەڵمانیا کاری کردووە. هەروەها بەشێکی زۆر خانووی لە ئەڵمانیا نۆژەنکردووەتەوە. کە لەسەر هەر خانووێک رەمزێکی کوردی بەجێهێشتووە ئەویش خۆی نێو ئاڵای کوردستانە.

میری هێلکە، ژمارەیەکی زۆر تابلۆی دروستکردووەو لە پێشانگەکانی ئەوروپا نمایشی کردوون، وەکو خۆی باسیدەکات 2 ملیۆن هێلکەی لە 120 تابلۆدا بەهارهێناون.


فیچەر - لە هەورامان دیدارێک بۆ یەکەم مامۆستای ناوچەکە بەڕێوەدەچێت

لە گوندی خەرپانی و لە هەورامانی لهۆن، یەکەم قوتابخانە کرایەوە، کە مامۆستایەک بە سەرمای زستان و بەفر و باران، لە هەڵەبجەوە بۆ وانە گوتنەوە بە تەنیا خۆی دەگەیاندە گوندەکە و وانەی بە قوتابیان دەگوتەوە.

عەبدوڵڵا محەممەد ئەمین، تەمەنی 83 ساڵە، مامۆستای خانەنشینە. لە تەمەنی 19 ساڵی بووەتە مامۆستا و یەکەم ئەزموونی وانە گوتنەوەی وەکو مامۆستا لە گوندی خەرپانی بووە.

دوای زیاتر لە 60 ساڵی جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە گوندەکە و قوتابییەکانی ئەوکاتی دووبارە دێنەوەو لەسەر کورسی و مێزی قوتابخانە دادەنیشن و بەیادی جاران وانەیەکیان پێدەڵێتەوە.


فیچەر - ساڵانە 7 ملیۆن گەشتیار سەردانی تاوەری ئیفڵ دەکەن
 
ئیفڵ یەکێکە لە تاوەرە بەرزەکانی پاریس لە فەرەنسا، بە یەکێک لە 7 سەرسوڕهێنەرەکەی جیهان دادەنرێت.
ساڵانە لە هەموو جیهان گەشتیار سەردانی ئەو تاوەرە دەکەن. بەپێی ئاماری حکومەتی فەرەنسا، ساڵی 2023-2024 زیاتر لە 7 ملیۆن گەشتیار سەردانی تاوەری ''ئیڤڵ''یان کردووە.

ئیفڵ تەلارێکی ئاسنینە لە ساڵی 1887 لەلایەن ئەندازیاری فەرەنسی گۆستاڤ ئیفڵ دروستکراوە. تاوەرەکە 312 مەتر بەرزە.