هاونیشتمانییەک لە زاخۆ 10 ساڵە تووشی نەخۆشییەکی "زۆر دەگمەن" بووە و پێویستی بە هاوکارییە
جومعە ئیسماعیل باوکی چوار منداڵە، دوای ساڵی 2013 تووشی نەخۆشییەکی دەگمەنی رۆماتیزم بووە، 10 ساڵە توانای کارکردنی لەدەستداوە و پێویستی بە هاوکارییە.
هاوژینی جومعە نەخۆشیی گورچیلەی هەیە و چوار منداڵەکەشی بە یارمەتیی خێرخوازان کەلوپەلی قوتابخانەیان بۆ دابین دەکرێت. ئەو خێزانە لە خانووی کرێ لە گەڕەکی 'سەبعە نیسان' لە زاخۆ دەژین.
نەخۆشییەکەی جومعە کاریگەریی کردووەتە سەر ئەندامەکانی دیکەی جەستەی، پەردەی گوێچکەیەکی تەقیوە و نابیستی کردووە. نەخۆشییەکە کاری کردووەتە سەر چاوێکی و نابینای کردووە؛ چاوەکەی دیکەشی کەمبینایە.
جومعە ئیسماعیل، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "سەرەتای دەرکەوتنی نەخۆشییەکەم بە وەرەمێک دەرکەوت، 10 ساڵە هاتووچۆی پزیشک دەکەم، لە هەرێمی کوردستان، چوومە تورکیا، چوومە ئێران. پزیشک گوتی: نازانین ئەو نەخۆشییە چییە، بەهۆی نەخۆشییەکەمەوە توانای کارکردنم لەدەستداوە و ناتوانم کار بکەم. باوکی چوار منداڵم، منداڵەکانم بە یارمەتیی خێرخوازان دەچنە قوتابخانە و هەر ئەوان کەلوپەلی قوتابخانەیان بۆ دەکڕن."
جومعە ئیسماعیل تەمەنی 39 ساڵە، جگە لە نەخۆشییە دەگمەنەکەی 'جۆرێکی رۆماتیزمی دەگمەن'، نەخۆشیی شەکرە و گوشاری خوێنیشی هەیە، بە گوتەی پزیشکەکەی، مانگانە لانیکەم بۆ کڕینی دەرمان بۆ هەر سێ نەخۆشییەکەی پێویستی بە 150 هەزار دینارە.
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی جومگە و رۆماتیزم پشتڕاستی دەکاتەوە کە نەخۆشییەکەی جومعە "جۆرێکی دەگمەنی رۆماتیزمـ"ـە. دکتۆر دلخاز حوسێن، لە بەرپرسیار گوتی، "نەخۆشییەکەی جومعە ناتوانرێت دەستنیشان بکرێت کام جۆری رۆماتیزمە، چونکە زۆر زۆر دەگمەنە و پێشتر تەنیا یەک حاڵەتی هاوشێوەم لە دهۆک بینیوە، دەکرێت بڵێین ئەوە دووەم حاڵەتە."
لەبارەی کاریگەریی نەخۆشییەکە لەسەر ئەندامەکەی دیکەی جومعە و بڵاوبوونەوەی، دکتۆر دلخاز حوسێن گوتی، "نەخۆشییەکە کاریگەری دەکاتە سەر تەواوی کڕکڕاگەکانی جەستەی، بەو هۆیەوە چاوێک و گوێچکەیەکی لەدەستداوە. ئەو دەرمانانەی کە بەکاری دەهێنێت تەنیا بۆ رێگرتنە لە بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکە و کۆنتڕۆڵکردنی. جومعە جگە لەو جۆرە رۆماتیزمە دەگمەنە، نەخۆشیی شەکرە و فشاری خوێنیشی هەیە، بۆیە پێویستی بە تیمێکی پزیشکییە."
بهشی بكه لە