چیرۆکی هاووڵاتییەکی ئەفغانی کە 35 ساڵە کەسوکاری نەبینیوە
محەممەد حەسەن، خەڵکی ویلایەتی سەری پوور-ی قەزای شەری توگزارە لە ئەفغانستان؛ 35 ساڵە لە ئاوارەییدا دەژی، بەهۆی نەبوونی بەڵگەنامەوە نەیتوانیوە بگەڕێتەوە و سەردانێکی کەسوکارەکەی بکات. محەممەد 13 ساڵە لە هەرێمی کوردستان و بە دیاریکراوی لە سۆران نیشتەجێیە.
محەممەد لە ئێران لەگەڵ گولیزار حەسەن، ژیانی هاوژینی پێکدەهێنێت؛ دوای ساڵی 2003 و گەڕانەوەی ماڵی خەزووری بۆ هەرێمی کوردستان، ئەوانیش بڕیار دەدەن بێنە هەرێمی کوردستان، بەڵام "بە شێوەی قاچاخ" دێن.
چیرۆکی محەممەد و گولیزار بە خۆشەویستییەکی قووڵ لەنێوانیان دەستپێدەکات. محەممەد دەڵێت، "لای باوکی گولیزار لە ئێران کارم دەکرد، دوای دروستبوونی خۆشەویستیی نێوانمان، بڕیارم دا بچمە داوای. گوتم؛ من سوننەم و ئەفغانیم. باوکی گوتی، کێشە نییە، کارەکە پێکهات."
محەممەد داوا لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەکات، کارئاسانیی بۆ بکەن، بۆئەوەی بتوانێت وڵاتینامەی عێراقی بەدەسبهێنێت، چونکە بەپێی یاسای عێراقی، هەر کەسێک بۆ ماوەی 10 ساڵ بە بەردەوامی لە هەرێمی کوردستان یان عێراق نیشتەجێ بێت، مافی وەرگرتنی وڵاتینامەی هەیە.
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی سۆران، پشتڕاستی دەکاتەوە کە محەممەد و هاوژینەکەی بە رێگەی "قاچاخ" و لە 2006 هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
عەباس ئەمیر، لە بەرپرسیار، گوتی: "نازانرێت گولیزار و محەممەد بە چی مەرزێک هاتوون. هەرچەندە ساڵێک پێش ئەوان ماڵی خەزووری بە رێگەی فەرمی گەڕاونەتەوە. ئێستا گولیزار بەڵگەنامەی پێویستی پێدراوە وەک هاووڵاتییەکی عێراقی، بەڵام محەممەد دەتوانێ لە بەغدا داوای وڵاتینامە بکات، چونکە رێکارەکانی وڵاتینامە لە هەرێمی کوردستانیش دەچنەوە بەغدا. محەممەد ئێستا مافی هەیە ئەو داواکارییە پێشکێش بکات و پێی بدرێت."
محەممەد و گولیزار 20 ساڵە هاوژینییان پێکهێناوە و منداڵیان نییە. محەممەد رۆژانە کلێنس لە سەر شەقامەکانی سۆران دەفرۆشرێت، ئەوان کرێچین و بژێوییان سەختە.
بهشی بكه لە