منداڵێک بڕبڕەی پشتی دروستنەبووە و گەشەی ئێسک و ماسوولکەکانی قاچی راگرتوون

25 March 2025
منداڵێک بڕبڕەی پشتی دروستنەبووە و گەشەی ئێسک و ماسوولکەکانی قاچی راگرتوون
مستەفا محەممەد تەمەنی 12 ساڵە، بەهۆی ئەوەی لە سکماکەوە بڕبڕەی پشتی بەشی خوارەوەی دروستنەبووە، گەشەی ماسوولکە و ئێسکەکانی قاچی وەستاوە.
 
مستەفا رۆژانە بە یارمەتیی دەستەکانی لەسەر تەختەدارێک کە دایکی بۆی دروستکردووە، لەنێو ماڵ هاتووچۆ دەکات. بۆ قوتابخانەش عەرەبانەیەکی شکاو بەکاردەهێنێت.
 
دایکی مستەفا دەڵێت، 15 ساڵە ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە، بەڵام 6 ساڵە باوکی کە خەڵکی هەولێرە، ئەوانی جێهێشتووە. ئەو کە خۆی خەڵکی بەغدایە و هاوژینی دووەمی باوکی مستەفایە، دەڵێت، "بژێویم زۆر سەختە و 4 کرێی خانوو قەرزدارم. مامەڵەی رۆژانەی کوڕەکەم زۆر سەختە و بەهۆی کەم جووڵەییەوە کێشی گەیشتووەتە 150 کیلۆ. بەم رەمەزانە هیچ خۆراکێک نییە رۆژووی پێ بشکێنم. بۆ چارەسەری کوڕەکەم پێویستم بە هاوکارییە."
 
دکتۆر بێریڤان عەقراوی، پسپۆڕی نەشتەرگەریی ئێسک و شکان دەڵێت، "مستەفا کێشەی لە هەموو جومگەکانی بەشی خوارەوەی وەکو قاچ، ئەژنۆ و حەوزی هەیە، فەرمان لە دڕکەپەتکەوە بۆ ئێسک و ماسوولکەکانی قاچی ناڕوات. دەبێت زوو نەشتەرگەری بکات، چونکە هەرچەندە تەمەنی گەورەتر بێت، هیوای چارەسەری لاوازتر دەبێت."
 
دکتۆر بێریڤان باسی لە سێ رێگە بۆ چارەسەری مستەفا کرد، "یەکەم؛ بڕینەوەی هەردوو قاچ و دانانی پێڵاوی دەستکرد کە لە هەرێمی کوردستان دەکرێت. دووەم؛ بڕینەوەی هەردوو قاچ و دانانی پێڵاوی دەستکرد و بۆڕی و بەستنەوەی بە ئێسکەکانی قاچی، ئەمە تێچووی زۆرە و دەتوانێت وەکو مرۆڤێکی ئاسایی بڕوات، بەڵام لە ئەورووپا دەکرێت. رێگەی سێیەم؛ درێژکردنەوەی قاچەکانیەتی، هەرچەندە ئەو رێگەیە سوودی نییە و ناتوانێت بڕوات."
 
دکتۆر ئەڤین عومەر، پسپۆڕی نەشتەرگەری مێشک و بڕبڕەی پشت دەڵێت، "ئەو حاڵەتانە لە تەمەنی 4 بۆ 8 مانگییەوە لە سکی دایکی دروستدەبن. شەکرەی کۆنترۆڵ نەکراوی دایک، هۆکارێکی دروستبوونی حاڵەتەکەیە. مستەفا پێویستی بە سەنتەرێکی تایبەتە بۆئەوەی گرنگیی پێبدرێت و راهێنانی پێ بکرێت، یەکەم هەنگاو دەبێت کێشی مستەفا داببەزێندرێت دواتر هەنگاوەکانی دیکەی بۆ بکرێت."
 
ئەو خێزانە لە گەڕەکی ژیان لە سنووری هەولێر لە خانووی کرێدا بە کرێی مانگانەی 500,000 دینار بە هاوکاریی خێرخوازان دەژین. مستەفا و دایکی چاوەڕێی هاوکارین بۆئەوەی نەشتەرگەریی مستەفا بکرێت، هەڵبستێتە سەر پێ و بتوانێت داهاتووی خۆی و خێزانەکەی رۆشن بکاتەوە.