نەخۆشی بڕستی لە دوو ئەندامی خێزانێکی رۆژهەڵاتی کوردستان بڕیوە
خێزانێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، 17 ساڵە لە قەڵادزێ نیشتەجێن. دوو لە ئەندامانی خێزانەکە نەخۆشن، بەهۆی کەمدەرامەتییەوە ناتوانن سەردانی پزیشک بکەن و چارەسەری پێویست وەربگرن.
مام خدر گەورەی ماڵەکەیە، چاوێکی نابینایە و چاوەکەی دیکەشی نزیکە لە نابینا بوون. چاوی راستی بە تەواوی لەدەستداوە و چاوی چەپی پێویستی بە نەشتەرگەریی گلێنەیە، بەڵام بەهۆی کەمدەرامەتییەوە ناتوانن نەشتەرگەرییەکە بکەن.
مام خدر دەڵێت، "7 ساڵە چاوەکانم نەخۆشن، پزیشک سێ مانگی بۆ نەشتەرگەری چاوی چەپم داناوە، ئێستا مانگ و نیوێک تێپەڕیوە. ئەگەر نەیکەم بە تەواوی کوێر دەبم."
دکتۆر پەیمان حوسێن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی چاوە، لە نزیکەوە چاوەکانی مام خدری بینیوە و دەڵێت، "مام خدر چاوێکی بە تەواوی لەدەستداوە، چاوی چەپی تووشی لاوازیی گلێنە و تێكچوونی خانەکانی چاو بووە، زۆر ئازاری دەدات. ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە لە نابینابوون رزگاری دەکات و ئازارەکەی کەم دەکاتەوە."
محەممەد تەمەنی 10 ساڵە، چوار ساڵە نەخۆشیی شێرپەنجەی هەیە و لە قوتابخانە و هاوڕێکانی دابڕاوە.
باوکی محەممەد دەڵێت، "دوای نەخۆشکەوتنی باوکم و کوڕەکەم وازم لە کار هێنا، چونکە دەبێت رۆژانە بگەڕێمەوە ماڵ. بژێویمان سەختە و پێویستی زۆرمان بە هاوکارییە بۆ چارەسەری نەخۆشیی کوڕەکەم و باوکم."
خێزانەکە خەڵکی سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستانن و لە گەڕەکی جووت کانیانی قەڵادزێ نیشتەجێن. هەریەک لە هاوژینی محەممەد و هاوژینی مام خدر کابانی ماڵن و کار ناکەن. لە خانوویەکی کۆنی قوڕدا دەژین.
بهشی بكه لە