چیرۆکی سێ برا لە گوندێکی سیدەکان دوای تەمەنی 20 ساڵی لە جووڵە کەوتوون
رووداو دیجیتاڵ
سێ برا لە گوندی شیوەگەرمکی سنووری سیدەکان دوای تەمەنی 20 ساڵی لە دەست و قاچ کەوتوون. بەپێی گوتەی پزیشک، نەخۆشییەکە بۆماوەییە. باوکی سێ برا نەخۆشەکە دەڵێ، پێشتر هیچ کەسێک لە ماڵباتەکەم ئەو نەخۆشییەی نەبووە.
عوزێر حوسێن، تەمەنی 53 ساڵە و 20 ساڵە جووڵەی دەست و قاچی نەماوە، پێشتر شوان بووە. خالیس حوسێن، تەمەنی 38 ساڵە؛ 15 ساڵە جووڵەی دەست و قاچی لەدەستداوە، پێشتر شوان بووە. خەفەت حوسێن، تەمەنی 29 ساڵە؛ 10 ساڵە لە دەست و قاچ کەوتووە، پێشتر قوتابی پۆلی 12ـی ئامادەیی بووە، بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە لە خوێندن دابڕاوە.
هەر سێ برا نەخۆشەکە ژنیان نەهێناوە. خەفەت حوسێن، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "دۆخی هەرسێکمان زۆر خراپە و بەردەوام لە ماڵ دەمێنینەوە. هاوژینی یەکێک لە براکانم خزمەتمان دەکات."
هەر سێ برا نەخۆشەکە پێشتر بە شاخ و دۆڵەکانی گوندی شیوەگەرمک شوانییان کردووە. عوزێر حوسێن، بە رووداوی گوت: "شوان بووم لەم چیاو چۆڵانە، ساخ و بێ کێشەبووم؛ دواییش وام لێهات. دەمارەکانی رانم لە ناوقەد بۆ خوارەوە کار ناکەن و وەکو مردوون، لەسەر دەستان دەچمە سەر ئاو و دێمەوە."
جووڵە و هاتن و چوونیان ئاستەمە و بەردەوام قاچەکانیان ئازاری هەیە. دوورترین شوێن کە پێی دەگەن بەر دەرگای ماڵەکەیانە ئەویش بە ئەستەم. خالیس حوسێن، بە رووداوی گوت: "زۆر باش بووم، بێ گۆچان دەچوومە سەر چیا، ئێستاش تا تەمەنمان دەروات زیاتر دەکەوین."
سەرەتای دروستبوونی نەخۆشیەکەیان بە سڕبوونی قاچەکانیان هەست پێکردووە. لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن جووڵەیان کەمتر دەبێتەوە و ناتوانن بە هاوسەنگی هەنگاوبنێن و بوەستن.
بۆ چارەسەر لەکوردستان زۆر دکتۆریان بینیوە. دەرکەوتووە نەخۆشییەکەیان تێکشکانی خانەکانی دەمارە و لە مێشکەوە فەرمانەکان بە شێوەیەکی ئاسایی ناگەن بە ماسوولکەکانی دەست و قاچیان و پێیانگوتراوە لە هیندستان چارەسەریان هەیە.
بهشی بكه لە