تێڕوانینی ئیسلام بۆ دادپەروەری

05 April 2024
تێڕوانینی ئیسلام بۆ دادپەروەری

3:00
د. مورشید خەزنەوی: دادپەروەری لە فیقهی ئیسلامیدا نییە
16:00
جاسم کەلاری: جگە لە پێغەمبەر محەممەد (د.خ) هیچ کەسێک نوێنەرایەتیی ئیسلام ناکات
43:00
د. محەممەد خانی: سەرکردەی نادادپەروەر کۆمەڵگە تێکدەدات

تێڕوانینی ئیسلام بۆ دادپەروەری مژاری بەرنامەی ئەمجارەی باوەڕنما بوو، بە میوانداری د. محەممەد خانی، دەروونناسی پەروەردەیی و مامۆستای زانکۆ، هەروەها مورشید خەزنەوی، دکتۆرا لە فیقهی ئیسلامی و مامۆستا جاسم کەلاری، ماستەر لە فیقهی ئیسلامی و پێشنوێژ و گوتارخوێن.

سەرەتا دکتۆر مورشید خەزنەوی روونیکردەوە، دادپەروەری لە شەریعەتی ئیسلامیدا هەیە، بەڵام لە فیقهی ئیسلامیدا نییە، بۆ ئەوەش چەند نموونەیەکی هێنایەوە "فیقهی ئیسلامی شەریعەت نییە، بەڵکو رای فەقیهەکانە و بۆیە هەمووجار گوتومە ئەوەی دەڵێت حوکمی ئیسلام جێبەجێدەکەم راست ناکات، چونکە پێویستی بە رای فەقیهەکان دەبێت و بۆیە زۆر کەس بە عەقڵ و ویستی خۆیان راڤەی ئیسلام دەکەن". لەبارەی بوون. یاخون نەبوونی دادپەروەری لەنێو جیهانی ئیسلامیدا، دکتۆر مورشید خەزنەوی دەپرسێت ئەگەر "دادپەروەری لە وڵاتانی موسڵمان هەبوایە بۆ من رووم لە ئەوروپا دەکرد و لەوێ دەژیام؟'' دکتۆر خەزنەوی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و ماوەی 18 ساڵە لە ئەوروپا دەژی. 

مامۆستا جاسم کەلاری رای لە جیاوازی لەو بارەیەوە هەبوو، گوتی "زۆربەی زۆری ئەوەی لە فیقهدا هاتووە شەریعەتە، واتە فیقهی ئیسلامی هەمان ئەو شتەیە کە شەریعەت باسی دەکات، بەڵام زانایان بەپێی بارودۆخی ئەوکات رای خۆیان دەربڕێوە.'' مامۆستا جاسم کەلاری گوتیشی "هیچکەس خۆی بە نوێنەری ئیسلام نەزانێت، جگە لە پێغەمبەر محەممەد (د.خ)، هیچ کەسێک نوێنەرایەتیی ئیسلام ناکات".

دکتۆر محەممەد خانی روونیکردەوە کە دادپەروەری پێناسەیەکی فەلسەفی و ئەخلاقییە، ئەو دادپەروەرییەکش بەپێی عەقڵی لە سەردەمەکاندا گۆڕاوە، عەقڵ هەمیشە لە پێشکەوتندایە و عەقڵی ئێستا و هەزار ساڵ پێش ئێستا وەک یەک نییە. دکتۆر محەممەد خانی زیاتر لەبارەی دادپەروەری گوتی "من لە نێوان سەرکردەیەکی بێباوەڕی دادپەروەر و سەرکردەیەکی موسڵمانی نادادپەروەر، دادپەروەرەکە هەڵدەبژێرم، چونکە سەرکردەی نادادپەروەر موسڵمان بێت یان کافر بێت کۆمەڵگە تێکدەدات".