تێڕوانینی ئیسلام بۆ چاوپیسی

31 March 2024
تێڕوانینی ئیسلام بۆ چاوپیسی

3:00
جاسم کەلاری: زانایانی ئیسلام ناکۆکن لەسەر هەبوونی چاوپیسی
12:00
د. مورشید خەزنەوی: خودا دەسەڵاتەکانی خۆی ناداتە کەسێک بۆ چاوپیسی بەکاریبهێنێت
16:00
د. محەممەد خانی: باوەڕ بە چیرۆکێک بکەی بەو چیرۆکە دەڕۆی

تێڕوانینی ئیسلام لەبارەی چاوپیسی مژاری بەرنامەی ئەمجارەی باوەڕنما بوو، بە میوانداری د. محەممەد خانی، دەروونناسی پەروەردەیی و مامۆستای زانکۆ، هەروەها مورشید خەزنەوی، دکتۆرا لە فیقهی ئیسلامی و مامۆستا جاسم کەلاری، ماستەر لە فیقهی ئیسلامی و پێشنوێژ و گوتارخوێن.

سەرەتا مامۆستا جاسم کەلاری روونیکردەوە زانایانی ئیسلام ناکۆکن لەسەر چاوپیسی، هەیە دەڵێت هەیە و هەشە دەڵێت نییە، گوتیشی "هەردوولا کۆکن لەسەر ئەوەی کە بەهۆی خۆنواندن و خۆدەرخستنی کەسێک کە خوای گەورە شتێکی باشی پێدابێت و بەرامبەر هەژاران کە رێگەپێدراو نییە، خوای گەورە سزای ئەو کەسە دەدات". جاسم کەلاری باسی لەوە کرد کە خەڵکی زۆر هەن کە شتێکیان نییە و زۆر پیویستییانە هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ چاوپیسی و دەڵێت "زۆر کەس هەن بۆ خۆ دەربازکردن لە کێشەیەک دەڵێ چاو لێیداوم، یاخود ژن هەیە دەڵێ بەهۆی چاوەوە شووم نەکردووە".

دکتۆر مورشید خەزنەوی کە هیچ باوەڕی بە چاوپیسی نەبوو و رایگەیاند، زۆر مامۆستای ئایینی هەن پشتگیری لە بوونی چاوپیسی دەکەن و بەشێکیان بازرگانی پێوەدەکەن و گوتی "ناکرێت خودای گەورە دەسەڵاتی خۆی بداتە بەندەیەکی ئەو بەندەیەش لە رێگەی چاوپیسییەوە بەرامبەر کەسێکی بێتاوان تاقیبکاتەوە، ئەمە ئەسڵ و ئەساسی نییە، بۆیە دەڵێم شتێک نییە بەناوی تیشک و لێزەری چاوپیسی". دکتۆر مورشید خەزنەوی زیاتر روونیکردەوە کە بازاڕی چاوپیسی لەنێو دیاسپۆرای کوردی لە ئەوروپا گەرمە و بەناو مامۆستای ئایینی و شێخ هەن لە پارچەکانی کوردستانەوە دێنە ئەوروپا گوایە چاوپیسی لەسەر خەڵک لادەدەن و بازرگانی پێوەدەکەن.

دکتۆر محەممەد خانی لەو بارەیەوە گوتی "چاوپیسی بەشێکە لە خورافات، کەسێک باوەڕ بە چیرۆکێک بکات بەو چیرۆکە دەڕوات، بۆیە باوەڕکردن بە بوونی چاوپیسی دواکەوتنە و کۆمەڵگەیەک باوەڕی بە چاوپیسی بێت پێشناکەوێت" لەبارەی باوەڕ بە چاوپیسی زیاتر گوتی "باوەڕێک دروستبێت هەڵەش بێت کاریگەریی دەبێت". دکتۆر خانی ئاماژەی بەوەکرد، بەشێک لە وڵاتانی ناموسڵمان تەنانەت لە ئەوروپا باوەڕیان بە چاوپیسی هەیە. دکتۆر محەممەد خانی گوتیشی "قورسە کۆمەڵگەیەک واز لە بڕوابوون بە چاوپیسی بهێنێت".