بەرپرسانی ئاکەپە رەخنەی تووند لە عەبدوڵڵا گول دەگرن

31-12-2017
رووداو @Rudawkurdish
عەبدوڵڵا گول: بەردەوامدەبم لە دەربڕینی بۆچوونەکانم
عەبدوڵڵا گول: بەردەوامدەبم لە دەربڕینی بۆچوونەکانم
نیشانەکردن ئاکەپە عەبدوڵڵا گول
A+ A-

 رووداو - هەولێر 

عەبدوڵڵا گول، ئەو سیاسەتڤانەی پۆستەکانی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی تورکیای بەڕێوەبردووە، هەروەها یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ئاکپارتی و بە هاوڕێ و هاوڕێبازی رەجەب تەییب ئەردۆغان دەناسرێت، ئێستا لەلایەن بەرپرسانی ئەو پارتەوە بە تووندی وەڵامی دەدرێتەوە. 

گول دوای ئەوەی هیچ پۆستێکی لەو پارتە پێنەدرا کە دەستی لە دانانی بەردی بناغەیدا هەبوو، بڕیاری دا ئیدی سیاسەت نەکات و بەشداری لە کۆڕ و کۆبوونەوە سیاسییەکانیدا نەکات. تائێستایش چەند جارێک لەلایەن ئەردۆغانەوە بانگهێشتکراوە، بەڵام گول پێداگر بووە لەسەر بەڵێنەکەی خۆی.

عەبدوڵڵا گول لەبارەی دوایین بڕیارنامەی حکومەت روونکردنەوەیەکی دا و بە مەترسی لە قەڵەمی دا. ئەم رەخنەیەی گول چەندین لێدوانی دژی لە ئاکپارتییەوە بەدوای خۆیدا هێنا. بۆیە گول روونکردنەوەیەکی دیکەی دا.

عەبدوڵا گول، سەرۆککۆماری پێشووی تورکیا رایگەیاند ''هەروەکو دەزانن، بڕیارنامەی حوکم دەرچوو، بێگومان من خاوەنیێتیی ئەو بڕیارنامەیەم کرد و گوتم دروستە و بۆ مەبەستێکی باش دەرکراوە، بەڵام لێرەدا بۆشاییەک هەیە کە بۆی هەیە لەداهاتوودا جۆرێک لە ناڕێکی دروستبکات و هەمووان نیگەران بکات. گوتم دەکرێت بە رێکارییەک پێش لەمە بگیرێت. ئەوە لەکاتێکدایە زۆر لە یاساناسانیش بە هەمان شێوە روونکردنەوەیان داوە. لەڕاستیدا مانای نییە کە ئەمە بەملاوبەولادا ببرێت، من سەرۆککۆمارێکی پێشووی تورکیام کە ژیانم بە خزمەتکردنی نیشتمان و گەل بەسەربردووە. ئەم روونکردنەوانەیش کە دەیاندەم خۆم لێیان بەرپرسیارم''.  

ماهیر ئوناڵ، گوتەبێژی ئاکپارتی ئەم روونکردنەوەیەی گولی بە نادروست وەسفکرد و داوایکرد ئەگەر پێشنیازێکی هەیە، بەشێوەیەکی راستەوخۆ راوێژ لەگەڵ کادیرانی پارتەکە بکات. 

هەروەها رۆژی 30ـی دیسەمبەری 2017، ئەردۆغان بێ ئەوەی ناوی بهێنێت، دەستەواژەی ''مخابن''ی بەرامبەر بە گول بەکارهێنا.

رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی ''بێگومان بەهۆی ئەوەی ئێمە زۆر بە باشی شارەزای خوو و رەفتاری جەهەپەییەکانین، سەرسام نەبووین بەو بێڕەوشتییەی کردیان. ئەوەی ئێمەی سەرسامکرد، چەند پێشهاتێکن کە چاوەڕێمان نەدەکردن. بەشێک لە هاوڕێبازانمان چۆن بەشدارییان کرد و بەشداری دەکەن لەو کاروانە دوژمنکارییەی دژ بە ئێمە. مخابن، مخابن... ئێمە شتێکی دیکە ناڵێین''. 

حکومەت دوای کودەتا سەربازییەکەی 15ـی تەمموز چەند بڕیارنامەیەکی دەرکردووە.  لە ماددەی 121ـی بڕیارنامەی 696ـدا هاتووە؛ ئەو هاووڵاتییانەی دژ بە هەوڵی کودەتا بوون، لەو شەوەدا هەر کارێکیان ئەنجامدابێت، بەر لێبوردن دەکەون. لە بەرامبەردا ئەم بڕیارە رەخنەی لێدەگیرێت و دەگوترێت: سزادان مافی دادگایە، نەوەک حکومەت.

 

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە