رووداو - رۆژنامەی حورەیت
یەكێك لەو 49 كەسەی كە سەرەتای مانگی حوزەیران لە كونسوڵخانەی توركیا لە مووسڵ بە بارمتە گیرا، دەڵێت، كە لە نێو كونسوڵخانە ئەو باوەڕە هەبووە، كە داعش هێرش ناكاتە سەر كونسوڵخانەكە.
بەرپرسی بازرگانی كونسوڵخانە، محەممەد ئارگوچ، باسی ئەو 101 رۆژە دەکات، كە لە لایەن گرووپی دەوڵەتی ئیسلامیی (داعش)ـەوە دەستبەسەركراوە و دەڵێت، رۆژی 11ـی مانگی حوزەیران نزیكەی 500 تاوەکو 1000 چەكداری داعش هاتنە سەر كونسوڵخانە و وەرگێڕێكی توركمانیان لەگەڵ بوو، داوایان كرد دانیشتووانی كونسوڵخانەكە لە باڵەخانەكە دەرچن.
داعش پۆلیسە تایبەتەكانی كونسوڵخانە چەك دەكات و كونسوڵی گشتی بەپەلە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی توركیا باسی رووداوەكە دەكات. محەممەد ئارگوچ دەڵێت، یەكێك لە چەكدارەكانی داعش توركمانێك بوو، كە 5 بۆ 10 جار سەردانی كونسوڵخانەی كردبوو.
محەممەد ئارگوچ باسی بارودۆخی پێش داگیرکردنی کونسوڵخانەی تورکیا لە مووسڵ لەلایەن داعشەوە دەکات و دەڵێت، "ئێمە خەریكی لەنێوبردنی بەڵگە فەرمییەكان بووین. رۆژێك پێش هێرشەكە، ئێمە دەمانویست باڵەخانەكە بەجێبێڵین، بەڵام كونسوڵ گوتی، لەوانەیە چەكدارەكانی داعش دەوری كونسوڵخانە بگرن و نەیەڵن بە جێیبێڵین. كونسوڵی گشتی گوتی، داعش دژی ئێمە هیچ كارێك ناكات."
بە گوتەی ئارگوچ، دوواتر بارمتەكان دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لەنێو مووسڵ لە 17ـی تەمموز و كاتێك كونسوڵی گشتی داوا دەكات مۆڵەتی پێبدەن لە مزگەوتێكدا نوێژ بكات، ئەوە بەلای چەكدارانی داعشەوە بە گەرمی پێشوازی لێكرا.
بە مانەوەی بارمتەكان زیاتر، چەكدارەكان هاوسۆزی خۆیان دەردەبڕن بۆیان و پێداویستی سەرەتاییان دابین دەكەن و تەنانەت دایبی و خواردنی منداڵیشیان بۆ دابین دەكەن، بۆ ئەو دوو منداڵەی، كە لەنێو ئەو 49 دیپلۆماتە بوون.
چەكدارانی داعش بە بارمتە توركەكان دەڵێن، كە كۆتایی مانگی رەمەزان، ئازاد دەبن، بەڵام بەڵێنەكانیان نابەنە سەر.
بەرپرسی بازرگانی كونسوڵخانەکە دەڵێت، كە چەكدارانی داعش زۆر نیگەران بوون لەوەی، كە بارمتە توركەكان شتێكیان بەسەردا بێت لە بۆردوومانی فڕۆكەكانی عێراق و بۆ ئەو مەبەستە هەشت جار شوێنیان گۆڕاوە لەو 101 رۆژەی لەلایەن ئەو گرووپەوە دەستبەسەربوون.
چەكدارەكان بە توركەكانیان گوتووە: "مالیكی و ئێران دەیانەوێت بتانكوژێت"، بەڵام ئەوان ناهێڵێن، كە لەوانەیە مەبەست لە رێگەی بۆردوومانكردنەوە بێـت. چەند جارێك بۆمبەكان لە نزیكی شوینی بارمتەكان تەقینەوە.
ئارگوچ زیاتر دەڵێت، سەیری تەلەفزیۆنیان كردووە و چەكدارانی داعش ناچاریان نەكردوون سەیری سەربڕینی دیلەكانی دیكە بكەن، كە لەلایەن چەكدارانی ئەو گرووپەوە فیلمیان لێگیراوە.
رۆژی 19ـی ئەم مانگە بارمتەكان بە پاس دەگوازرێنەوە بۆ رەققە لە سووریا، كە بە پایتەختی گرووپی داعش ناسراوە و بەرپرسانی دەزگای سیخوری توركیا ئەو بارمتانە لە سنووری تەل ئەبیەدەوە لە داعش وەردەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ