رووداو - هەولێر
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی تورکیا رایگەیاند بۆماوەی " کاژێرێک" گفتوگۆی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئامانجی ئۆپەراسیۆنی تورکیا کردووە.
ئەحمەد داودئۆغڵو لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "باسی ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکەم بۆ بارزانی کرد کە تورکیا بۆ سەر باکووری عێراق ئەنجامداوە" گوتی بارزانی داوای لێکردووە، کە کێشەکان بە ئاشتی چارەسەر بکرێت.
بەئاماژەدان بەوەی " هێشتا لە قەندیلەوە هەڕەشە لەسەر تورکیا هەیە"، ئەحمەد داودئۆغڵو رایگەیاند: "بە بارزانیم گوت کە ئەو ئۆپەراسیۆنە دژی هیچ کام لە ئیتنیکەکانی باکووری عێراق نییە".
شەوی رابردوو فڕۆكە و تۆپخانەی توركیا لە ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراواندا بنكەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان PKKیان لە باكوور و باشووری كوردستان بۆمباباران و تۆپبارانكردن. هەروەها لە دوو رۆژی رابردوودا، توركیا ئۆپەراسیۆنێكی فراوانی لە 23 شاری توركیادا دەستپێكرد بۆ گرتنی ئەوانەی بە ئەندامێتی PKK و داعش و DHKP/C تۆمەتباردەكرێن و ، تائێستا 300 كەس دەستگیركراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ