رووداو - AFP & AA
ئەمڕۆ هەینی 24-7-2020 دوای 86 ساڵ بە ئامادەبوونی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەرگەی مزگەوتی ئایاسۆفیا بەڕووی نوێژخوێناندا کرایەوە کە پێشتر مۆزەخانەبوو و بەبڕیارێکی دادگای باڵای تورکیا کرایەوە بە مزگەوت.
ئایاسۆفیا کە یۆنانییەکان کەنیسەی عەزیزە سۆفیای پێدەڵێن، ساڵی 532-537ی زایینی لەلایەن ئیمپراتۆری رۆم جۆستنینەسی یەکەم دروستکراوە. دوای داگیرکردنی ئیستەنبووڵ ساڵی 1453ی زایینی لەلایەن عوسمانییەکانەوە منارە و گومەزی بۆ دروستکرا و کرایە مزگەوت کە بە ''مزگەوتی فەتحیە'' ناسێنرا. ساڵی 1934 بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا لە مزگەوتەوە کرایە مۆزەخانە.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بەوە کرد، "پشت بەخوا لەمەو دەوا ئایاسۆفیا وەک مزگەوت بەردەوام دەبێت لە خزمەتکردنی مرۆڤایەتی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئایاسۆفیا میراتێکی کولتووریی هەموو مرۆڤایەتییە، هەر بۆیە شوێنکەوتووانی هەموو ئایينەکان دەتوانن سەردانی بکەن".
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ئایاسۆفیا لە ساڵی 2015-2019 زۆرترین سەردانیکاری لەسەر ئاستی تورکیا هەبووە.