ئەردۆغان لەگەڵ سەرۆكی میت کۆدەبێتەوە

24-07-2015
فه‌رهاد چۆمانی
نیشانەکردن هاكان فیدان ئەردۆغان
A+ A-

رووداو- ئەنقەرە

بڕیارە ئەمڕۆ کاژێر 15:00 ی دوای نیوەڕۆ رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ هاکان فیدان، راوژێرکاری دەزگای هەواڵگری میللی (میت) کۆببێتەوە.

ئەو کۆبوونەوەیە دوای ئەو هێرشە هات کە بۆیەكەمجار پێكدادان لەنێوان سوپای توركیا و چەكدارانی داعش روویدا، بەهۆیەوە ئەفسەرێكی سوپای توركیا کوژرا و دوو سەربازیش برینداربوون.

کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە قسەکردن لەسەر دوایین پێشهاتەکانی تورکیا، رووداوی کوشتنی ئەفسەرە تورکەکە لەلایەن چەکدارانی داعش، رێککەوتنی ئەمریکا و تورکیا لەبارەی بەکارهێنانی بنکەی ئەنجەرلیک لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمانانی دژی داعش و پێکهێنانی "هەرێمی ئارام" لە 90کم لەنێو خاکی سووریا.

پێكدادانەكە كاژێر 04:00 ی ئێوارەی پێنجشەممە 23-7-2015 لەسەر سنووری باكووری كوردستان و سووریا لە پارێزگای كیلیس روویدا.

هاوکات لە ئیستەنبوڵ و 12 شاری دیکەی تورکیا، ئۆپەراسیۆنێک بۆ دەستگیرکردنی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK و ئەندامانی گرووپی داعش ئەنجامدرا و 251 کەس دەستگیکران.

لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 24-7-2015 ەوە، هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئیستەنبوڵ ئۆپەراسیۆنێکی ئەنجامدا و ئۆپەراسیۆنەكەش ناونراوە "ئۆپەراسیۆنی بەرەنگابوونەوەی تیرۆر".

ژمارەیەکی زۆر لە پۆلیس و هێزی تایبەت بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کردووە، لە میدیاكانی تورکیادا بە 5 هەزار پۆلیس و 2 هەزار كارمەندی هێزی تایبەت هەژماركراون، ئەمە جگە لەوەی کە لەڕێگەی هەلیکۆتەرەوە چاودێری بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنەکە کراوە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە