ئاگر لە هۆتێلێک و نەخۆشخانەیەکی ئیستەنبووڵ کەوتەوە؛ سێ کەس گیانیان لەدەستدا

24-03-2023
هەوار ئیسماعیل
ڤیدیۆی ئاگرکەوتنەوەکە
ڤیدیۆی ئاگرکەوتنەوەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە دوو رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەیەکی فێرکاری و هۆتێلێکی ئیستەنبووڵ سێ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 10 کەسیش برینداربوون. یەکێک لەو کەسانەی لە نەخۆشخانەکە گیانی لەدەستداوە، لە بەشی چاودێریی چڕ بووە.
 
رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەکە، کاژێر 02:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هەینی 24ـی ئاداری 2023 بووە. نەخۆشخانەکەش ناوی "نەخۆشخانەی فێرکاریی سوڵتان عەبدولحەمید خان"ـە لە ناوچەی ئوسکودار. 
 
دوای ئەوەی تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، توانییان لە ماوەی چوار کاژێردا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن. 
 
ئەو نەخۆشانەی کە لە نەخۆشخانەکەدا چارەسەریان وەردەگرت، بە ئامبوڵانس گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەکانی دیکە. 
 
پارێزگای ئیستەنبووڵ رایگەیاند، 109 نەخۆش کە 15 ـیان تەندروستییان هەستیار بوو و لە بەشی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانەی فێرکاری سوڵتان عەبدولحەمید خان خەوێندرابوون، گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەکانی دیکە، "بەداخەوە یەکێک لەو نەخۆشانەمان کە لە بەشی چاودێریی چڕ خەوێندرابوو گیانی لەدەستداوە." هەروەها رایگەیاند، 10 لە نەخۆشەکانی نەخۆشخانەکە برینداربوون.
 
یەکێک لە نەخۆشە خەوێندراوەکان دەڵێت، "ئێمە خەوتبووین، پەرستار و چاودێرانی نهۆمەکە پێیان گوتین، دەستبەجێ ژوورەکانتان چۆڵبکەن. لەم نێوەندەدا یەکسەر چوومە لای پەنجەرەکە و بینیم ئاگرەکە بەرزبووەتەوە. پیاوێكی بەتەمەن لەبەردەممدا بوو، خستمە سەر کورسییەک و بردمە دەرەوە. دواتر تیمەکان هاتن و نەخۆشەکانی دیکەیان هێنایە دەرەوە."  
 
ئاگرەکە بە هۆکارێکی نادیار لە ژووری نەشتەرگەری لە نهۆمی شەشەمی نەخۆشخانەکە کەوتەوە و دواتر تەشەنەی کردووە.  لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە دەستیپێکردووە.
 
بەیانیی ئەمڕۆش هەر لە ئیستەنبووڵ ئاگر لە هۆتێلێکی حەوت نهۆمی کەوتەوە و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و دووانی دیکەش برینداربوون.
 
رووداوەکە کاژێر 07:30 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ هەینی لە هۆتێلێکی حەوت نهۆمی لە شەقامی "ئەرۆڵ کایا" لە ناوچەی پەندیک روویدا و تیمەکانی بەرگریی شارستانی دوای 45 خولەک، توانیان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن. 
 
بەهۆی ئاگرەکەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و دووانی دیکەش برینداربوون، بریندارەکان گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە