هاوسەرۆکانی HDP لەگەڵ عەبدوڵڵا گول کۆبوونەوە

21-01-2014
فه‌رهاد چۆمانی
نیشانەکردن HDP عەبدوڵڵا گول
A+ A-
رووداو- sondakika

سەباحەت تونجەل و ئێرتۆغۆل کوروکجو، هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراسی گەلان HDP لە کۆشکی چەناک کایەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لەگەڵ عەبدوڵڵا گویل کۆبوونەوە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیشدا رایانگەیاند: "کۆبوونەوەکە گرینگ بووە و بەشێوەیەکی ئەرێنی بەڕێوەچووە".

تونجەل ئاماژەی بەوەدا، لە پەرلەمانی تورکیا 5 گرووپی جیاوازی پارتە سیاسییەکان ( AKP, MHP, CHP, BDP  و HDP) هەن، گویل لەگەڵ چوار پارتی نێو پەرلەمان کۆبووەتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا ئێمەش ئەم دیدارەمان ئەنجامدا.

لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا تونجەل خستیەڕوو، لە دیدارەکەدا پرسی دیموکراتیزەکردنی تورکیا، پڕۆسەی ئاشتی بەتایبەتی پرسی گیراوە نەخۆشەکانیان تاوتوێکردووە و لەمەڕ ئەو پرسەوە بۆچوونی گول ئەرێنیتر بووە، بەتایبەت لەمەڕ پرسی دیموکراتیزەکردن.

هەروەها گوتیشی "بێگومان دەبێ تورکیا بگاتە ئاستی ستانداردی دیموکراتیزەکردن و بەتەنگەوەهاتنی عەبدوڵڵا گویلیش لەمەڕ ئەم پرسەوە بە گرینگ دەزانین".

تونجەل باسی لە دەستگیرکراوە نەخۆشەکان کرد و  رایگەیاند "لەبارەی پرسی دەستگیرکراوە نەخۆشەکانەوە بەتەنگەوەهاتنێکی باشمان بینی، هیوا دەخوازین ئەو بەتەنگەوە هاتنە ئەرێنییە هەموو لایەک بگرێتەوە، چونکە پرسی دەستگیکراوە نەخۆشەکان کێشەیەکی جدییە لە تورکیا".

لە وڵامی ئەو پرسیارەشدا، كە ئایا باسی ئەو دۆسیەیەی لەبارەی دەستگیرکردنی ئێوە کراوەتەوە قسەتان کردووە، تونجەل گوتی "هیچ قسەیەکمان لەو بارەیەوە نەکردووە، ئێمە بۆ ئەوە نەچووین باسی کێشەکانی خۆمان بکەین، کێشەی خەڵک تورکیا لەپێشینەترە بۆ ئێمە".

هاوكات ئێرتۆغۆل کوروکجو  گوتی کە بەشێوەیکی "زۆر باش" پێشوازیان لێکراوە و لەبارەی ناوەڕۆکی دیدارەکەشیانەوە رایگەیاند "دڵنیاین سەرۆک کۆمار لە نیگەرانییەکانمان تێدەگات لەبارەی پرسی دەستەی باڵای دۆزگەر و دادوەران و پرسی پڕۆسەی ئاشتی و گەیاندنی تورکیا بە ستاندارتەکانی وڵاتێکی دیموکراسی".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە