کەمال کڵچدارئۆغڵو: ئەردۆغان 10 ملیۆن کۆچبەری نایاسایی هێناوەتە تورکیاوە

18-05-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی جەهەپە و بەربژێری هاوپەیمانیی میللـەت گرتەیەکی ڤیدیۆیی بەناوی "بۆ تورکیا  بڕیار بدە" بڵاوکردەوە و قسەی بۆ دەنگدەران کرد، کە لە سەرەتای قسەکانیدا وشەی "سنوور شەرەفە"ی بەکارهێناوە و دەڵێت، "ئێمە ئەم نیشتمانەمان لە شەقام نەدۆزیوەتەوە، زێدی خۆمان بۆ ئەم عەقڵیەتە بەجێناهێڵین کە 10 ملیۆن پەنابەری ناڕێکی هێناوەتە ناومانەوە."

کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە و بەربژێری هاوپەیمانیی میلـلەت لەو گرتە ڤیدیۆییەدا کە رۆژی 17ی ئایاری 2023 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت، "بۆ ئەم عەقڵیەتەی کە 10 ملیۆن پەنابەری ناڕێک و پێکی هێناوەتە ناومانەوە، ئێمە واز لە زێدی خۆمان ناهێنین. سنوور شەرەفە، وامان گوت. لە بەرامبەر ئەم لێشاوەی پەنابەران بێتوانان لە پاراستنی شەرەفمان. تەماشای ئەم لافاوەی پەنابەران دەکەن کە رۆژانە دزە دەکەنە ناو دەمارەکانمانەوە کە سبەینێ لە 10 ملیۆنەوە بۆ 30 ملیۆن بەرز دەبێتەوە و مانەوەمان دەخاتە مەترسییەوە."

سەبارەت بە مافەکانی ژنان، کڵچدارئۆغڵو ئاماژەی بە هاوپەیمانیی نێوان ئاکپارتی و هوداپار کرد، کە تۆمەتبارن بەوەی پەیوەندییان لەگەڵ حیزبوڵڵادا هەیە و گوتی، "زێدی خۆمان بۆ ئەو کەسانە بەجێناهێڵین کە وەکو کاڵا سەیری ژنان دەکەن و دەڵێن، وەکو کاڵایەک خۆمان بە خاوەنیان دەزانین. ئەوانەی لە بەرامبەر ژنان کوشتنی بەرازانەیان ئەنجامداوە و چاویان بڕیوەتە منداڵانی بچووک و رۆڵەکانمان."

دەشڵێت، "زێدی خۆمان بۆ ئەو سەرکردە ساختەیەی جیهان بەجێناهێڵین کە تاوەکو دوێنێ هاوسەرۆکی (پڕۆژەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گەورە) بوو و ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی رووسیادایە کە بە ملکەچی لەبەر دەرگاکەیدا وەستاوە."

لەبارەی بوومەلەرزەکەی 6ی شوباتی ئەمساڵ کە بەهۆیەوە زیاتر لە 50 هەزار کەس لە تورکیا و باکووری کوردستان گیانیان لەدەستدا، کڵچدارئۆغڵو گوتی، "زێدی خۆمان بەجێناهێڵین بۆ ئەو عەقڵیەتە، لە کاتێکدا دەیان هەزار هاووڵاتی لە بوومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەستدا، لە بەرەبەیانی بوومەلەرزەکە لە ترسان فەرمانی دا بە راگرتنی سەربازەکان و لە کاتێکدا خەڵک لەژێر داروپەردووەکان چاوەڕێی هاوکاری بوون، خوێن و خێمەیان فرۆشت."

سەرۆکی جەهەپە و بەربژێری هاوپەیمانی میللەت کە لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا 44.8%ی دەنگەکانی بردەوە، لەلایەن دەنگدەرانی ناسیۆنالیست و کەمالیستی پارتەکەیەوە رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە. بەو هۆیەوە پێشبینی دەکرا لە خولی دووەمدا بانگەشەی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای رازیکردنی دەنگدەرانی ناسیۆنالیست بنیات بنێت.

کوشتنی بەرازانە چییە؟

بۆئەوەی ئەو کەسەی دەکوژرێت خوێنی نەڕژێت و بە شەهید هەژمار نەکرێت، دەست و پێی لە دواوە دەبەسترێتەوە و بەجێدەهێڵدرێت تاوەکو گیان لەدەستدەدات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە