لە عێراق و باشووری کوردستان سبەی دەنگدانی هەڵبژاردنی تورکیا دەستپێدەکات

16-06-2018
سەرباز سیامەند
نیشانەکردن تورکیا هەدەپە هەڵبژاردن
A+ A-

رووداو- هەولێر

دەنگدانی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی تورکیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات، هاوسەرۆکی نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەرێمی کوردستان، دەڵێت، دوو نوێنەرمان بەشداریی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان دەکەن.


عابد ئیکە، هاوسەرۆکی نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: " سبەی یەکشەممە 17-6-2018 دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات. دەنگدانەکە ماوەی یەک رۆژ دەخایەنێت و لە بەیانییەوە تاوەکو ئێوارە بەردەوام دەبێت".

عابد ئیکە ، گوتیشی: "پرۆسەی دەنگدان لە کۆنسوڵخانەی تورکیا بەڕێوە دەچێت. ئەو پارتانەی بەشداریی هەڵبژاردنن دەتوانن نوێنەری خۆیان بنێرنە شوێنی دەنگدان بە مەبەستی چاودێریکردنی سندووقەکان. ئێمەش وەک هەدەپە بە دوو نوێنەر بەشداری لە پرۆسەکە دەکەین."

هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە 24-6-2018 دەستپێدەکات ، بەڵام هەڵبژاردنی دەرەوەی وڵات لە 7-6-2018ەوە لە نزیکەی 60 وڵات دەستی پێکردووە و تاوەکو 19ی حوزەیران بەردەوامی دەبێت ، دەنگدانی دەرەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان تەنیا یەک رۆژ دەخایەنێت.

لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا لە 7-6-2015 لە عێراق و هەرێمی کوردستان 150 هەزار دەنگدەر هەبوون ، لە پرۆسەی گشتپرسی هەمواری تورکیا، کە 16-4-2017بەڕێوەچوو، لە هەرێمی کوردستان و عێراق رێژەی 61.41%ی دەنگدەران دەنگی نەخێریان بۆ هەمواری دەستوورەکە بەکارهێنابوو.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە