گەنجانی كورد لە فڕۆكەخانەی ئەتاتورك ئەشكەنجە دەدرێن

12-09-2018
شکار ئەحمەد
نیشانەکردن ئەتاتورك
A+ A-

رووداو – هەولێر

نەریمان دەیویست لە سویدەوە بگەڕێتەوە هەولێر، بەڵام لە فڕۆكەخانەی ئەتاتورك لە ئیستانبوڵ تەنیا لەبەر ئەوەی دەڵێت كوردم، پۆلیسەكان پەلاماری دەدەن و لووت و دەستی دەشكێنن، دوو رۆژیش لە گرتووخانەی فڕۆكەخانەكە ئەشكەنجە دەدرێ.


نەریمان ئەمین كە 10 ساڵە لە سوید دەژی، بە (رووداو) گوت: "رۆژی 19/8/2018 دەمویست لە سویدەوە بگەڕێمەوە هەولێر، گەیشتمە فڕۆكەخانەی ئەتاتورك ، ترانزێتێكی 3 كاژێریم هەبوو، چاوەڕوانی فڕۆكەی هەولێرم دەكرد، جانتاكانیان پشكنی، بەڵام دواتر دووبارە زۆربەمانیان پشكنییەوە، پاشان پۆلیسێك هات و داوای پاسپۆرتی لێكردم، لەسەر پاسپۆرتەكەم نووسرابوو سلێمانی، دیاربوو حەساسیەتی بە ناوەكە هەبوو، گوتی فەیسبووكەكەتم بۆ بكەوە، هەرچەندە فەیسبووك شتێكی كەسییە و هیچ فڕۆكەخانەیەك داوای ناكەن، بەڵام بۆم كردەوە. وێنەی شایی كوردی لەسەر بوو، پرسیاری كرد و پێمگوت ئەمە شایی كوردییە، بەڵام ئەو زۆر بەشێوەیەكی ناشیرین گوتی كورد نییە، منیش وەڵامم دایەوە و گوتم كورد هەیە و من كوردم".

پۆلیسەكە كاتێك گوێی لەو قسەیە دەبێ‌، نەریمان جیادەكاتەوە، پاشان جانتا، لاپتۆپ، جزدانی پارە و كاژێرەكەی دەستی دەبات. نەریمان دەڵێت: "هێرشیان كردە سەرم و زۆر بە خراپی لێیاندام، لووت و سەریان شكاندم، كەلەپچەیان كردم و بردیانمە زیندانی فڕۆكەخانەكە، لەناو زیندانەكەش بەردەوامبوون لە لێدانم".

نەریمان باسی ناو زیندانەكە دەكات و دەڵێت: "زیندانەكە هۆڵێك بوو، نزیكەی 21 كەسی تێدابوو،  هەشتیان كوردی هەولێر و شەقڵاوە و حاجیاوا و سلێمانی بوون، دواتر زانیم هەموویان بەهۆی فەیسبووكەكانیانەوە گیرابوون".

نەریمان دوو شەو لەناو زیندانەكەدا ماوەتەوە و دەڵێت: "لەو ماوەیەدا هیچ خواردنیان نەدامێ، پێمگوتن من نەخۆشم و دەبێت حەبەكانم بخۆم، بەڵام نە حەب و بە خواردنیشیان پێنەدەدام. لە زیندان كەلەپچەكەیان لە دەستم نەكردەوە. بە شەق و بۆكس لێیاندەدام، بەڵام ئەوانی دیكە بە كێبڵ و سۆندە و قایشیش ئەشكەنجە دەدران، تەنانەت هەندێكجار بە كەلەپچەوە هەڵیاندەواسین و ئەشكەنجەیان دەدان".

بە گوتەی نەریمان، ئەو كوردانەی لەوێ بوون هەموویان گەنج بوون، زۆربەیان تەمەنیان نزیكەی 25 ساڵ دەبوو، هەریەكەیان زیاتر لە دوو هەفتە بوو لەو زیندانە بوون و دەیانگوت رۆژانە خواردنێكی كەممان دەدەنێ و زۆربەی كاتەكان ئەشكەنجەمان دەدەن.

نەریمان رێگایەك بۆ خۆدەربازكردن دەدۆزێتەوە و دەڵێت: "كەسێك كە وەك دەڵاڵ لە زیندانەكە كاری دەكرد، داوام لێكرد مۆبایلەكەیم بداتێ و پەیوەندییەك بكەم، بۆ دوو خولەك قسەكردن 20 دۆلاری لێوەرگرتم، پەیوەندیم بە كوڕە پوورێكمەوە كرد لە سوید، ئاگادارم كردەوە كە گیراوم، ئەویش وەزارەتی دەرەوەی سویدی ئاگادار كردبووەوە، ئەوانیش راستەوخۆ باڵیۆزخانەی وڵاتەكەیان لە ئەنقەرە ئاگادار كردەوە، دواتر دوو سوێدی هاتنە زیندانەكە، كە منیان بەم شێوەیە بینی زۆر تووڕە بوون، منیان هێنایە دەرەوە و دوای دوو كاژێر بە فڕۆكە ناردیانمەوە بۆ سوید".
نەریمان دوای گەڕانەوەی بۆ سوێد، لەسەر داوای پۆلیس سكاڵای لەسەر پۆلیسی توركیا و هێڵی توركیش ئێرلاین تۆمار كردووە.

نەریمان دەڵێت زۆربەی كەلوپەلەكانی و بەشێكی پارەكەشی كە 670 دۆلار بووە، براوە و نەیانداوەتەوە، جانتاكەشی كە زۆر شتی تایبەتی گرانی تێدابووە بردوویانە.

نەریمان كە بۆ گەنجەكانی دیكەی ناو زیندانەكە نیگەرانە، گوتی: "من پاسپۆرتی سویدیم هەبوو رزگاری كردم، ئەی ئەم هەموو گەنجەی كە پاسپۆرتیان عێراقییە چی بكەن و چۆن لەم زیندانە رزگاریان دەبێت؟ لەوێ‌ ژمارەی كەسوكاری هەموویانم وەرگرت و پەیوەندیم پێوەكردن، زۆربەیان بێئاگا بوون لەوەی كوڕەكانیان لە توركیا گیراون".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە