رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی تورکیا هەڵوێستی خۆی لەبارەی رووداوەکانی چەند رۆژی رابردووی رۆژئاوای سووریا نیشان دا و رایگەیاند، ئەو رووداوانە مەترسیی ئەوەی لێدەکرێت، زیان بە یەکگرتوویی و یەکدەنگیی سووریا و ئاسایشی ناوچەکە بەگشتی بگەیێنێت.
رۆژی هەینی 7ی ئاداری 2025 ئونجو کێچلی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راگەیێندراوێکی لەبارەی رووداوەکانی 24 کاژێری رابردووی شارەکانی لازقییە، تەرتووس، جەبلەی رۆژئاوای سووریا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لە دژی هەموو کردەوەیەکین کە ئاشتی و خۆشگوزەرانیی سووریاییەکان دەکاتە ئامانج."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راشیگەیاندووە، "سوورین لەسەر پاڵپشتییەکان بۆ خەڵکی سووریا و حکومەتەکەی، داواش دەکەین ئەو جۆرە هەراسانکارییانە رێگەیان پێنەدرێت، تاوەکو نەبنە هەڕەشە بۆسەر ئاشتیی سووریا و ناوچەکەش."
لە رۆژی پێنجشەممەوە، شەڕ و پێکدادانێکی چڕ لەنێوان گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە رژێمی بەشار ئەسەد و سوپای سووریا لە شارەکانی رۆژئاوای سووریا، کە بە ناوچەکانی زۆرینە عەلەوی ناسراون، روویاندا و بەگوێرەی سەرچاوە نێوخۆییەکان، بەهۆی ئەو پێکدادانەوە زیاتر لە 70 کەس کوژراون.
ئونجو کێچلی دەڵێت، "هەوڵێکی چڕ هەیە بۆ چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی لە سووریا."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا پێیوایە، بەئامانجکردنی هێزە ئەمنییەکانی سووریا، زیان بە هەوڵەکانی قۆناخی دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد دەگەیێنێت بۆ بەدیهێنانی داهاتوویەکی یەکگرتوو.
لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەد، تورکیا بە یەکێک لە هاوپەیمانە نزیکەکانی دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق دادەنرێت.
رۆژی پێنجشەممە 6ی ئاداری 2025 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی دۆخی سووریاوە رایگەیاند، پێویستە پارێزگاری لە دۆخی ئەمنیی سووریا بکرێت، تاوەکو پەنابەران بتوانن بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
ئەردۆغان گوتیشی، لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەدەوە، زیاتر لە 133 هەزار پەنابەری سووریایی "ئارەزوومەندانە" گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ