تورکیا بۆ رێگریکردن لە کۆچبەران دیوارێک لەسەر سنووری یۆنان و بولگاریا دروست دەکات

05-03-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
تورکیا پلانی هەیە دیوارێک بە درێژایی 8.5 کیلۆمەتر لەسەر سنوورەکانی رۆژئاوای وڵاتەکەی لەگەڵ یۆنان و بولگاریا دروست بکات، ئەمەش وەکو رێکارێکی نوێ بۆ رێگری لە چوونی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتانە و دواتریش بۆ وڵاتانی رۆژئاوای ئەورووپا.
 
رۆژی چوارشەممە، 05ی ئاداری 2025، حکومەتی تورکیا رایگەیاند، بەنیازن دیوارێکی دوورودرێژ لەسەر سنوورەکانی لەگەڵ وڵاتانی یۆنان و بولگاریا دروست بکات، هاوشێوەی ئەو دیوارانەی ئەو دوو وڵاتە لەسەر سنوورەکانیان لەگەڵ تورکیا لە رابردوودا دروستیان کردووە.
 
هەروەها تورکیا رایگەیاندووە، دیوارەکەی سەر ئەو سنوورانە، هاوشێوەی ئەو دیوارانە دەبێت کە لەسەر سنوورەکانیان لەگەڵ وڵاتانی ئێران و سووریا دروستیان کردووە. 
 
یونس سێزەر، پارێزگاری شاری ئەدیرنای باکووری رۆژئاوای تورکیا، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "بۆ یەکەمجارە ئێمە ئەو رێکارە ئەمنییانە دەگرینەبەر لەسەر سنوورەکانمان لە رۆژئاوای وڵاتەکەمان." 
 
بە گوتەی سێزەر، درێژی دیوارەکە 8.5 کیلۆمەتر دەبێت، بەڵام رەنگە لە داهاتوودا دیوارەکە درێژتریش بکەنەوە. گوتیشی "سەرەتا دیوارەکە لەسەر سنووری یۆنان دروست دەکەین و دواتریش لە پرۆژەکە بەردەوام دەبین." 
 
تورکیا، سنوورێکی 200 کیلۆمەتری لەگەڵ یۆنان هەیە بەدرێژایی رووباری ئیڤرۆس کە تورکیا پێی دەڵێت رووباری مارتیسا.
 
لەساڵی 2012، یۆنان دوو دیواری 11 کیلۆمەتری لەسەر سنوورەکانی لەگەڵ تورکیا دروستکرد، کە لە پێش ئەوەی دیوارەکە دروست بکرێت، مینڕێژکرابوو. 
 
دواتر، دیوارەکەی درێژکردەوە و سەرۆکوەزیرانی یۆنانیش، کریاکۆس میتسۆتاکیس، بەڵێنی دا تاوەکو ساڵی 2026، دیوارەکە بۆ 100 کیلۆمەتر درێژ بکاتەوە. 
 
بولگاریاش، لەساڵی 2015، تەلبەندێکی 30 کیلۆمەتریان لەسەر تورکیا دروست کرد، تاوەکو رێگری لە چوونی کۆچبەران لە سنووری دەریایی تورکیاوە بۆ نێو خاکی بولگاریا بگرێت. 
 
لەساڵی 2018ش بولگاریا تەلبەندەکەی بەدرێژایی سنووری نێوان دوو وڵاتەکە درێژکردەوە کە 259 کیلۆمەترە. 
 
لە شوباتی ئەم ساڵ، دوای ئەوەی ژمارەیەک کۆچبەر لە دەریاکانی رۆژئاوای تورکیا بەلەمەکەیان ژێر ئاو کەوت، شەش کۆچبەر خنکان و 27ـیش رزگارکران.
 
لەساڵی 2024، زیاتر لە 62 هەزار کۆچبەر چوونەتە یۆنانەوە کە زۆربەیان لەرێگەی تورکیاوە چووبوون و 54 هەزاریان لە رێگەی دەریا و زیاتر لە حەوت هەزاریشیان لە رێگەی وشکانی گەیشتوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 ژمارەیەک هاووڵاتی لە ئیستەنبووڵ بەهۆی بوومەلەرزەوە چوونەتە دەرەوە. وێنە: AA

151 کەس لە بوومەلەرزەکانی ئیستەنبووڵ برینداربوون

پارێزگاری ئیستەنبووڵ رایگەیاند، بەهۆی ئەو بوومەلەرزە بەهێزانەی ئەمڕۆ لە شارەکە روویان دا، 151 کەس بریندار بوون، کە زۆربەیان بەهۆی خۆهەڵدان بووە لە بەرزاییەوە.