نوێترین شیکاریی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی تورکیا

01-11-2015
عومەر شایان
 هێمن لهۆنی بەڕێوەبەری پۆرتاڵی رووداو لەکاتی شیکردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی تورکیا
هێمن لهۆنی بەڕێوەبەری پۆرتاڵی رووداو لەکاتی شیکردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی تورکیا
نیشانەکردن هەڵبژاردنی تورکیا
A+ A-

رووداو- هەولێر

ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی تورکیا، دیسان ئاکپارتی کردەوە دەسەڵاتداری ئەو وڵاتە بۆ 4 ساڵی داهاتوو. هەروەها پارتی یەکێتی دیموکراتی گەلان HDP توانی بەربەستی 10% تێپەڕێنێت و بگاتە پەرلەمانی تورکیا.


پارتی داد و گەشەپێدان AKP بە ئاشکرابوونی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی تورکیا توانی رێژەی 49.4%ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت و بە بەدەستهێنانی 316 کورسی پەرلەمان، حکومەتی زۆرینە بۆ ماوەی 4 ساڵی داهاتوو پێکدەهێنێت.

سەرکەوتنی ئەمجارەی ئاکپارتی لەکاتێکدایە کە لە هەڵبژاردنی پیشوو نەیتوانیبوو زۆرینەی دەنگەکان بە دەستبهێنێت و بە 41%ی دەنگەکان توانیبووی 258 کورسی بەدەستبهێنێت کە ژمارەی کورسییەکانی لە هەڵبژاردنی ئەمجارە، 58 کورسی زیادیکردووە.

پارتی دیموکراتی گەلان HDP  کە لە هەڵبژاردنی مانگی 6-2015 توانیبووی رێژەی 13.2%ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، ئەمجارەیش توانی ئەو بەربەستە تێپەڕێنێت، بەڵام ئەمجارە دەنگەکانی بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکرد و لە 80 کورسی پەرلەمان کە جاری پێشوو بەدەستیهێنابوو، ئیستا بە 10.7%ی دەنگەکان، بووەتە خاوەن 59 کورسی پەرلەمانی ئەو وڵاتە.

ئەوەی کە بۆ پارتی دیموکراتی گەلان HDP لەم هەڵبژاردنەدا گرنگە ئەوەتە کە، لە پارتی چوارەمەوە بە پێی کورسییەکانی، بووەتە پارتی سێهەم لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە و توانی پارتی MHP تێپەڕێنێت.

پارتی گەلی کۆماری CHP وەک هەڵبژاردنی پێشوو توانی رێژەی دەنگەکانی وەک خۆی بێنێتەوە و تەنانەت ئەمجارە 2 کورسی پەرلەمانی زیادکرد. CHP لە هەڵبژاردنی پێشوو 25%ی دەنگەکانی هێنابوو کە دەیکردە 132 کورسی پەرلەمان، بەڵام لە هەڵبژاردنی رۆژی 1-11-2015 رێژەی دەنگەکانی بووە 25.4% و کورسییەکانیشی لە پەرلەمانی تورکیا بووە 134 کورسی.

پارتی بزووتنەوەی میللی MHP شکستێکی گەورەی لەم هەڵبژاردنە تۆمار کرد بەوەی کە ژمارەی کورسییەکانی لە ماوی 5 مانگی رابردوو 39 کورسی کەمیکردووە و لە پارتی سێهەمەوە بووە پارتی چوارەم.

MHP بەپێی ئەنجامەکان12%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە کە دەکاتە 41 کورسی، ئەوە لە کاتێکدایە کە لە هەڵبژاردنی 7-6-2015 پارتی بزووتنەوەی میللیMHP توانیبووی 16.3%ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت و ببێتە خاوەن 80 کورسی پەرلەمان.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا لە 7 ی حوزەیرانی 2015 بەڕێوەچوو، کە تێیدا ئەنجامەکان بەجۆرێک بوون چانسی پێکهێنانی حکومەت بەر هیچ کام لە حیزبەکان نەكەوت، بۆیە پارتی داد و گەشەپێدان ئاكپارتی كە بووە خاوەنی 258 كورسی، هەوڵی پێكهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی دا، بەڵام سەرنەکەوت، بۆیە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بڕیاری ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی لە 1-11-2015 دەرکرد. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە