رووداو - عەفرین
لە ناوچەی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان سێ هاونیشتیمانی کە ئەندامی پەدەکەسە بوون، دوای دیارنەمانیان تەرمەکانیان بە سووتێنراوی دۆزرانەوە.
عەبدولرەحمان ئاپۆ، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا (پەدەکەسە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو سێ هاونیشتمانییە دوای رفاندنیان لە عەفرین سووتێنراون و کوژراون، ئەوان ئەندامانی پەدەکەسەن و دوای کوژرانیشیان بۆ شاردنەوەی تاوانەکەیان پەیەدە نەیهێشتووە تەرمەکانیان بگەڕێنرێنەوە گوندەکانی خۆیان".
حەسەن خەلیل، برای عیزەت خەلیل کە یەکێک لە کوژراوەکانە رایگەیاند "پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) داوایان لە براکەی کردووە بچێتە ریزەکانیان، بەڵام براکەی رەتیکردووەتەوە، بۆیە بەزۆر بردوویانە".
ئەو هەروەها دەڵێت، براکەی لەگەڵ ئامۆزایەکی بەناوی موحسین خەلک و دراوسێیەکی دیکەیان بەنێو عەبدۆ محەممەد بەزۆر لەلایەن پەیەدەوە بردراون بۆ ئەوەی بە زۆرەملێ بکرێنە سەرباز.
هەریەک لە هاوپەیمانیی نیشتمانی سووری و ئەنەکەسە سەرکۆنەی رووداوەکە دەکەن و پەیەدەش تۆمەتبار دەکەن بەو رووداوە، بەڵام تاوەکو ئێستا پەیەدە هیچ روونکردنەوەیەکی لەمبارەیەوە نەداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ