هەشت لە هێرشەكانی ئەمریكا لە سووریا بۆ سەر گرووپی خوراسان بووە

24-09-2014
فازڵ هۆرامی
نیشانەکردن خوراسان هاوپەیمانی دژی داعش
A+ A-

رووداو - نیویۆرك تایمز

وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پنتاگۆن) رۆژی سێشەممە رایگەیاند، كە لەسەرووی ئەو مووشەك و بۆمبانەی كە لە گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی لە سووریا (داعش)یانداوە، هەشت هێرشی دیكەی كردووەتە سەر گرووپێك كە بە خوراسان ناسراوە لە نزیكی حەلەب.  

ئەگەرچی ئیدارەی باراك ئۆباما بە بەردەوامی گوتوویەتی داعش مەترسی خێرا نییە لەسەر ئەمریكا، بەڵام لە راگەیێندراوەكەی سێشەممە پنتاگۆن رایگەیاند، كە ئەو هەشت هێرشە بۆ "تێكدانی ئەو هێرشە خێرایەبوو كە خەریكبوو دەچووە بواری جێبەجێكردن لە دژی ئەمریكا و رۆژئاوا لەلایەن تۆڕێك لە چەكدارە بە ئەزموونەكانی قاعیدە، كە بە گرووپی خوراسان ناسراون".

بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بە ئێن بی سی ئەمریكای گوتووە، كە دەزگا سیخوڕییەكانی وڵاتەكەی ماوەیەكی كورت پێش دەستپێكردنی هێرشەكان لەسەر داعش  داوایانكردووە، كە لە گرووپی خوراسانیش بدرێـت. تەنیا ئەمریكا لە گرووپی خوراسانی داوە و پێنج وڵاتە عەرەبە هاوپەیمانەكەی بەشداری لێدانی ئەوانیان نەكردووە. 

بە گوتەی نیویۆرك تایمز، بەرپرسی هەواڵگری نەتەوەیی ئەمریكا جەیمز كلاپەر پێنجشەممەی رابردوو رایگەیاندبوو "لە رووی مەترسییەوە بۆ سەر ئەمریكا، مەترسی لە لایەن خوراسانەوە لەوانەیە وەك مەترسی دەوڵەتی ئیسلامی بێت بۆ سەر ئەمریكا." 
خوراسان گرووپێكە كە لەلایەن كەسێكەوە بە ناوی موحسین ئەلفەزلی بەڕێوەدەبرێت، كە كەسێكی نزیكی ئوسامە بن لادن بووە. خوراسان بە یەكێك لە گرووپە گرێدراوەكانی قاعیدە دادەنرێت لە سووریا، كە زانیاری لەسەر زۆر كەمە و بە نهێنی كاردەكەن. 

موحسین ئەلفەزلی خەڵكی كوەیتە و تەمەنی 33 ساڵە و لە ئێران ژیاوە، دوای ئەوەی كە بەبۆنەی هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر قاعیدە لە ئەفغانستان لە 2001 ئەو وڵاتەی بە جێهێشت. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا 7 ملیۆن دۆلار پارە دەدات بە هەر كەس كە زانیارییان پێبدات بۆ ئەوەی موحسین ئەلفەزلی دەستگیربكرێت. 

ساڵی 2005 جۆرج بوش لە وتارێكدا بۆ سوپاسكردنی وڵاتە ئەوروپیەكان بۆ یارمەتیدانی ئەمریكا لە دژی تیرۆر، ناوی موحسین ئەلفەزلی هێناوە وەك كەسێك كە بەشدار بووە لە هێرشی سەر كەشتییەكی نەوتی فەرەنسا لە نزیك ئاوەكانی یەمەن، كە یەك كەسی كوشت و زیاد لە 50 هەزار بەرمیل نەوتی رژاندە ناو دەریا.  

ئەلفەزلی لەگەڵ ژمارەیەكی دەوڵەمەندی كوەیتی كاریكردووە بۆ ئەوەی یارمەتی دارایی بنێرێت بۆ چەكدارە جیهادییەكان لە سووریا. 

بەرپرسەكانی ئاسایش دەڵێن كە ئەو گرووپە پێكهاتووە لە ئەندامە كۆنەكانی قاعیدە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زۆربەیان خەڵكی ئەفغانستان، یەمەن و سووریان و توانیویانە خەڵكی ئەوروپا و ئەمریكاش وەربگرن. 

خوراسان لەگەڵ گرووپی نوسرە كە گرووپی سەرەكی قاعیدەیە لە سووریا كار دەكات و لەگرووپی داعشەوە نزیك نییە.

سەرەتای ئەمساڵ گرووپی نوسرە و داعش لەیەك دابڕان، دوای ئەوەی كە ئەیمەن زەواهیری بەرپرسی قاعیدە بەرپرسیاریەتی سووریای دایە گرووپی نووسرە و داوای لە داعش كرد كە لە عێراقدا شەڕ بكەن. بەو بۆنەیەوە داعش و نوسرە كەوتنە بەرەیەكی بەرامبەر و چەندین جار شەڕ و پێكدادان لە نێوانیاندا روویداوە.  

نیویۆرك تایمز لە زاری بەرپرسە ئەمریكییەكانەوە دەڵێت، كە خوراسان شاندێكە كە لە یەك ساڵی رابردووەوە سەریهەڵداوە لە سووریا و بە لقێك لە گرووپی نووسرە دادەنرێـت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە