رووداو دیجیتاڵ
لە کۆلێژی پۆلیس لە دیمەشقی پایتەختی سووریا، ژمارەیەکی زۆر گەنج نۆرەیان گرتووە بۆ ئەوەی خۆیان ناونووس بکەن تاوەکو ببنە پۆلیس و ئەندامی هێزە ئەمنییەکان لە هێزی نوێی حکومەتی سووریا دا.
حکومەتی نوێی سووریا هەفتەیەکە دەرگەی ناونووسینی لە هەموو شارەکانی وڵاتەکە کردووەتەوە، لەو هەفتەیەدا زیاتر لە 10 هەزار کەس خۆیان تۆمارکردووە. ئەو کەسانە بەفەرمی لەسەر وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی داهاتووی سووریا دادەمەزرێن.
ئەو کەسانە خولی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە و راهێنانیان پێدەکرێت. هەروەها وانەی تایبەتیان لەبارەی بابەتە یاساییەکان پێدەگوترێتەوە.
لەبارەی مەرجەکانی وەرگرتن، ئەو کەسانە دەبێت بڕوانامەی خوێندنیان لەنێوان ئامادەیی تاوەکو بەکالۆریۆس بێت. هەروەها نابێت تاوانبارکرابێت بە ئەنجامدانی تاوان.
عەبدوللـەتیف سەید عەلی، بەرپرسی لقی پەیوەندی و دامەزراندن لە وەزارەتی ناوخۆی سووریا بە رووداوی راگەیاند، یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی ئەوان پاراستنی ئاسایشی خەڵکی سووریایە. لەبارەی مەرجەکانیش دەڵێت، نابێت ئەو کەسانە لەڕووی تەندروستیی دەروونی و جەستەییەوە کێشەیان هەبێت.