گەنجێكی سووری پێش ئەمریکا هەواڵی هێرشەکانی بڵاوکردەوە

23-09-2014
فازڵ هۆرامی
نیشانەکردن هاوپەیمانی دژی داعش
A+ A-

رووداو- ئیندیپیندێنت

گەنجێكی سووری لە رەقە لە رێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەرەوە توانیویەتی نزیكەی 30 خولەك پێش پنتاگۆن هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر سووریا بگوازێتەوە. 

عەبدولقادر حەریری، كە دانیشتوی شاری رەقەیە و لەسەر تویتەر هەواڵی سووریا بڵاودەكاتەوە، كاژێر 4:03 بەیانی لە تویتەرەكەی ئەم هەواڵەی بڵاوكردووەتەوە: "چەند تەقینەوەیەكی گەورە خەریكە شارەكە (رەقە) دەلەرزێنێت و لەوانەیە ئەم هێرشانە سەرەتای هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمریكا بێت بۆ بارەگا سەرەكییەكانی داعش لە رەقە."

نزیكەی نیو كاژێر دوای ئەو تویتانەی حەریری، گوتەبێژی وەزیری بەرگری ئەمریكا جۆن كێربی، كاژێر 4:30 هەواڵی هێرشەكان بڵاودەكاتەوە و لە تویتەرەوە دەنووسێت: "سوپای ئەمریكا و هێزەكانی هاوپەیمانەكانمان دەستیان كردووە بە لێدانی شوێنەكانی داعش لە سوریا و چەند جۆرە فڕۆكەی شەڕکەر، مووشەكی تۆم هاكیان بەكارهێناوە." 

جۆن كێربی رایگەیاند، كە ئەمریكا هێرشەكانی لەسەر گرووپی داعش لەگەڵ حكومەتی بەشار ئەسەد رێك ناخات و تەنیا پێنج هاوپەیمانی واشنتن لەوانە بەحرەین، قەتەر، سعودیە ، ئوردون و ئیمارات بەشدارییان كردووە. 

ئەمریكا تاوەکو ئێستا 194 هێرشی كردووەتە سەر گرووپی داعش لەنێو عێراق و بەم هێرشە نوێیانە لەسەر داعش لە سووریا، قۆناغێكی نوێی كەمپینی دژە داعشی ئەمریكا دەستی پێكردووە.

تەلەفزیۆنی حكومەتی سوریا رۆژی سێشەمە رایگەیاند كە چەند كاژێرێك پێش دەستپێكردنی هێرشەكان بۆ سەر داعش، ئەمریكا حكومەتی بەشار ئەسەدی ئاگادار كردووەتەوە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە