دێرەزوور دوایین سەنگەری داعشە لە سووریا

22-06-2017
دڵخواز بەهلەوی
نیشانەکردن داعش سووریا دێرەزوور
A+ A-

رووداو- هەولێر 

سەرئەنجام هەموو ئاماژەكان وا دەردەخەن كە شەڕی یەكلاكەرەوە لەگەڵ داعش لە دێرەزووری رۆژهەڵاتی سووریا دەبێت نەك لە رەققەی پایتەختی خەلافەتەكەی ئەبووبەكر بەغدادی كە ئێستا لە سێ لاوە لەلایەن هێزەكانی سووریای دیموكرات كەوتووەتە بەر پەلامار و لەلای باشوورەوە چەكدارەكانی داعش وردە وردە لێی دەرباز دەبن.

دوای كۆنترۆڵكردنەوەی دەوروبەری رەققە، هەفتەی رابردوو ئۆپەراسیۆنی هێزەكانی سووریای دیموكرات كە یەكینەكانی پاراستنی گەل، پێكهێنەری سەرەكیی ئەو هێزەن بۆ سەنتەری شارەكە دەستیپێكرد. هێزەكانی سووریای دیموكرات لە سێ میحوەرەوە گەمارۆی شارەكەیان داوە، بەڵام بەشی باشووری بە كراوەیی ماوەتەوە و هێشتا لەژێر كۆنترۆڵی چەكدارانی داعشدایە.

هەرچەندە ئازادكردنی رەققە لەلایەن هێزەكانی سووریای دیموكراتەوە بەهایەكی سیمبولیكی هەیە بەتایبەتی بۆ یەكینەكانی پاراستنی گەل كە رۆژگارێك لە دوایین گەڕەكی كۆبانێدا بەهیوایەكی كزەوە شەڕیان دەكرد، بەڵام شەرەفی لەناوبردنی داعش لەسەر دەستی ئەوان وا دیارە ئەگەرێكی دوورە و ئێستا داعش لە دەوروبەری دێرەزوور خەریكی چێكردنی دوایین سەنگەرەكانی شەڕی بێئومێدانەی خۆیەتی.

یازر عوسمان، شرۆڤەكار لە گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی بە (رووداو)ی گوت، هێزەكانی سووریای دیموكرات لە میحوەری رۆژهەڵاتەوە پێشڕەوییەكی بەرچاویان كردووە و توانیویانە تا ئێستا 15%ی شاری رەققە كۆنترۆڵ بكەنەوە.

هێزەكانی ئەمریكا لەسەر زەوی پشتیوانیی هێزەكانی سووریای دیموكرات دەكەن و بۆردومانی ئەو پێگانە دەكەن كە ئەوان دەیانەوێت. هەفتەی رابردووش وەجبەیەكی تازەی چەكی قورس و پێشكەوتوویان بە هێزەكە داوە، ئەمە جگە لە بەشداریی ژمارەیەك راوێژكار و شارەزای سەربازیی ئەمریكی و فەرەنسی. 

ئەگەرچی داعش بە خێرایی پاشەكشە دەكات، بەڵام یازر عوسمان پێیوایە شەڕی رەققە سەخت دەبێت "چونكە داعش پێیوایە ئەم شارە پایتەختی بەناو خەلافەتەكەیانە و پێویستە پارێزگاری و بەرگریی لێ بكەن".

هێشتنەوەی لای باشووری رەققە بە كراوەیی، گومانی ئەوەی ورووژاند كە جۆرە رێككەوتنێكی نێوان هێزەكانی سووریای دیموكرات و داعش بێ‌ وەك ئەوەی میدیا رووسیەكان دەیانگوت بەهۆیەوە چەكدارانی داعش بەرەو تەدمور و دێرەزوور پاشەكشە دەكەن، بەڵام یازر عوسمان ئەوە بەدوور دەزانێ و دەڵێت: "هیچ رێككەوتنێك لە نێوان هێزەكانی سووریای دیموكرات و داعشدا نییە، میحوەری باشوور قووڵایی ناوچەكانی بندەستی داعشە، هەركاتێك چەكدارەكانیان هەستیان بە مەترسییەكی راستەقینە و شكستێكی یەكجارەكی كرد، بە بەلەم لە رووباری فورات كە دەكەوێتە لای باشوور، دەپەڕنەوە".

بەبڕوای ئەو، بە كۆنترۆڵكردنەوەی رەققە شەڕ لە دژی داعش لە سووریا كۆتایی نایەت، بەڵكو دەبێتە سەرەتایەك بۆ شەڕێكی سەختتر، بەڵام بەدووری زانی هەسەدە بەشداریی لەو شەڕەدا بكات.

یازر دەڵێت "هێشتا بەشێكی زۆری دێرەزوور و دەوروبەری لەدەستی سوپای سووریادایە، چەندین هێزی عەرەبیی دیكەش هەن كە هاوپەیمانان پشتیوانییان دەكەن، بەمەش شەڕی دێرەزوور و ئەبو كەمال (لەسەر سنووری عێراق) دەبێتە شەڕی كۆریدۆر و رێگاكان و ململانێی هەژموونی وڵاتە زلهێزەكان. سووریا و رووسیا دەستیان بەسەر بەشە سوودبەخشەكەی سووریادا گرتووە و بەنیازن دەست بەسەر بەشە دەوڵەمەندەكەشیدا بگرن. لەولاشەوە هێزەكانی حەشدی شەعبی و ئێران لە خاكی عێراقەوە دێن بۆ كردنەوەی ئەو كۆریدۆرەی كە ئێران هەوڵی بۆ دەدات. هێزەكانی هاوپەیمانان و ئوردن و هێزە عەرەبییەكانی دیكەش لەلایەكی دیكە و داعشیش لەلایەك. واتە دێرەزوور دەبێتە سێگۆشەی شەڕی ئەمریكا و هاوپەیمانان لەلایەك، رووسیا و هاوپەیمانانی لەلایەك و داعشیش لەلایەكی دیكە". 

بەرپرسێكی سەربازیی سووری جەخت لەوە دەكاتەوە كە شەڕی دێرەزوور شەڕی سەپاندنی هەژموونی وڵاتانە بەسەر سووریادا، بەڵام ئەوان رێگە بەوە نادەن و خۆیان شارەكە كۆنترۆڵ دەكەنەوە.

لیوا عەلی مەقسوود شارەزا و توێژەری ستراتیژی و سەربازیی سووری لە دیمەشق، دەڵێت ئەمریكا هەموو هەوڵەكانی چڕدەكاتەوە بۆ ئەوەی كۆنترۆڵی دێرەزوور بكات، چونكە ئەمریكا وای دەبینێت كە بەكۆنترۆڵكردنی ئەم ناوچەیە، دەتوانێت هەژموونی خۆی بەسەر گرێكوێرەی نێوان سووریا و عێراقدا بسەپێنێ، دواتر ناوچەكە لەت لەت دەكات، بۆ ئەوەی ئەو بوارەی بۆ بڕەخسێت سووریا بەتەواوەتی لەت لەت بكات.

لیوا مەقسوود گوتی: "شەڕی كۆنترۆڵكردنەوەی دێرەزوور  ئەركی سوپای سووریایە بە پشتیوانیی رووسیا. نابێت هیچ هێزێكی دیكە بەشدار بێت و بەكرداریش سوپای سووریا جموجۆڵی سەربازیی كردووە دوای ئەوەی هێزەكانی سووریای دیموكرات پێشڕەوییەكانی بەرەو شاری رەققە دەستپێكرد. سوپا ئێستا زۆر نزیكە لە بەجێگەیاندنی ئامانجەكانی". 

بە گوتەی ئەو بەرپرسە سەربازییە، سوپای سووریا تاوەكو ئێستا 26 هەزار مەتر چوارگۆشەی لە دێرەزوور كۆنترۆڵ كردووەتەوە و گەیشتووەتە ناوچەی "زوهور ئەلغەنائیم" و كۆنترۆڵی سێگۆشەی ئیرك و وێستگەی سێیەمی كردووە.

سەبارەت بە رۆڵی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی دێرەزوور، لیوا عەلی مەقسوود گوتی "هێزەكانی حەشدی شەعبی پشتیوانی لە سوپای سووریا دەكەن، بە پاڵپشتیی تۆپخانەكانی لە خاكی عێراقەوە و بەداخستنی سنوورەكان و سەرجەم دەروازەكان بەڕووی تیرۆریستان بەتەواوەتی گەمارۆ دەدرێن و لەناو دەبردرێن". 

ئەو بەرپرسەی سوپای سووریا بەدووری دەزانێ‌ ئەمریكا هیچ رۆڵێكی هەبێ‌ لە شەڕی دێرەزووردا و دەڵێت "ئەمریكا و هێزە هاوپەیمانەكانی خۆیان لە رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی راستەوخۆ لەگەڵ میحوەری سووری- ئێرانی - رووسی بەدوور دەگرن، چونكە ئەمریكا باش دەزانێت چیدی تاكە زلهێزی جیهان نییە و هێزێك هەیە دەتوانێت بەرامبەری بوەستێ و پیلانەكانی لەناو خاكی سووریا پووچەڵ بكاتەوە و كردیشی".

كێ‌ حوكمی رەققە دەكات؟

كێشەی رەققە تەنیا بە كۆنترۆڵكردنەوەی كۆتایی نایەت، بەڵكو كێشە گەورەكە لێرەوە دەستپێدەكات، دوای وەدەرنانی داعش كێ حوكمی شارەكە دەكات؟

یازر عوسمان، شرۆڤەكار لە گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی دەڵێت دوای كۆنترۆڵكردنەوەی رەققە، ئەستەمە دامەزراوەكانی حكومەتی سووریا بگەڕێنەوە ئەم شارە، چونكە رەققە جیاوازە لە هۆل و منبج و شەدادی. ئەمریكییەكان كەمپی مەشق و راهێنانیان بۆ پێگەیاندنی هێزەكانی ئاسایشی عەرەبی لەم ناوچانەدا كردووەتەوە بۆ ئەوەی دوای دەرچوونی داعش لەم ناوچانە، ئیدارەكە رادەستی هێزەكانی سووریای دیموكرات بكرێت". بەڵام لیوا عەلی مەقسوود، شارەزا و توێژەری ستراتیژی و سەربازیی سووری لە دیمەشق دەڵێت: "حكومەتی سووریا هەژموونی خۆی بەسەر تەواوی گوند و دێهاتەكانی ناوچەكەدا دەسەپێنێ، دوای ئەوەی قوربانییەكی زۆری دا، بۆیە شتێكی ئاساییە دامەزراوەكانی حكومەتی سووریا بگەڕێنەوە رەققە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە